سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

“ناسیۆنالیزمی درەوشاوە” و “ناسیۆنالیزمی تاریک”، هەڵسەنگاندنێک بۆ گوتار و پارادایمی دژە–دەوڵەت لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردی‌دا

پێشەکی

بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان، هەر لەگەڵ دەسپێکی سەدەی بیستەم و شەپۆڵەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و داتەپینی ئەزموونی ئیمپراتۆرییەت و دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شکستی هێناوە لە خستنەسەرڕێی بزووتنەوەیەکی ڕۆشن و خاوەن پره‌نسیپی زانستیی سەربەخۆخوازی. بزووتنەوەیەک هێندەی کاردانەوە و جەمسەربەندیی ئایدیۆلۆجی بووە، هێندە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی سەربەخۆخواز نەبووە. بزووتنەوەیەک بووە زۆربەی جاران وەکوو “چێشتی مجێور” لەنێوان دوو پارادایم چەقیوە: پارادایمی سەروەریی نەتەوەیی (دەوڵەتخوازی)، کە تا ئاستێک شۆڕشە کوردییەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم داوایان دەکرد، لەگەڵ پارادایمی ئۆتۆنۆمی یان مافی چارەنووس، کە دوای ئەوە بزووتنەوەی سیاسیی کورد بۆ ئەوە گه‌ڕایه‌وه و به‌ره‌و دواوه‌ ڕۆیشت‌. دوای ئەوە جۆرێک لە دژەدەوڵەتخوازی لە چوارچێوەی پارادایمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و چەمکی ئینتەگرێیشن سەر هەڵدەدات، کە ئاراستەیەکی دژەدەوڵەت و خواستی خۆگونجاندنە لەناو دەوڵەتی داگیرکەردا.

لەو کورتە توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەین لە وێستگەی کێشەی هەموو ئەو چەمکانەدا بوەستین و جەخت لەسەر پارادایمی ناسیۆنالیزمی درەوشاوە (Bright of Nationalism) بکەینەوە، وەکوو پێویستییەکی مێژووییی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.

کوردستان، نیشتمانێکی داگیرکراوە. ئەوە گریمانە نییە، بەڵکوو واقعێکی سەپێنراوە. ئەمە تێزێک نییە بەتەنیا کورد بانگەشەی بۆ بکات، بەڵکوو واقعێکە ژمارەیەکی زۆر بیرمەند و ئەکادیمیی کورد و غەیرەکورد شڕۆڤەیان بۆ کردووە. یەکێکیش لەوانە بیرمەندێکی تورکی وەکوو “ئیسماعیل بێشکچی”یە؛ بەر لە هەر کوردێک خاوەنی تێزێکە. ئەو پێی وایە کوردستان نەک هەر کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتییە، “بەڵکوو بارودۆخی سیاسیی کوردستان و میللەتی کورد زۆر لە بارودۆخی کۆلۆنی خراپترە” (Beşkçi,  2012:32). بێشکچی لە دووتوێی کتێبەکەیدا هەوڵی داوە ئەو گریمانەیە بسەلمێنێت، کە “سیاسەتێکی کۆلۆنیالیزمی بە شێوەیەکی هاوبەش لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە (مەبەستی هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستانە) جێبەجێ ده‌كرێت، کە دەیانەوێت بەرژەوەندیی ستراتیجی بەدەست بهێنن، ئامانجیش لە درێژەدان بەو داگیرکارییە کۆلۆنیستییە، وەک ئەوەی “عەبدولڕەحمان قاسملۆ” جەختی لەسەر دەکاتەوە و دەڵێت “کوردستان کۆڵۆنییەکە، کە هێزی کاری هەرزان و فراوان، کانزای جۆراوجۆر و بەرهەمی کشتوکاڵی دابین دەکات. هەروەها، بریتییە لە گۆڕەپانێکی ڕاوکردنی تایبەت، بۆ کاڵا و بەرهەمە پیشەسازییەکانی تورکیا. حکوومەتی تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی بە هەر نرخێک بێت دەستی بەسەردا بگرێت و بیانپارێزێت (Ghassemlou and Chaliand, 1980:82).

 ئەمەش مانای وایە، لەپاڵ ئەوەی کە سەرکردەیەکی کوردی وەک قاسملۆ، پێی وایە کوردستان لەژێر چەپۆکی کۆلۆنیالیزمدایە، هۆکارە ئابوورییە گرنگەکانیش ڕوون دەکاتەوە، کە یەکێکن لە هۆکارە ڕاستەوخۆکانی پڕۆسەی درێژەدان بە دەستبەسەرداگرتن و بەردەوامیدانی بەکۆلۆنیکردن. ئەم ئارگیومێنتەیش نەک هەر بۆ دەوڵەتی تورک ڕاستە، بەڵکوو بۆ هەرسێ دەوڵەتەکەی دیکەی داگیرکەر (عێراق و ئێران و سووریا) هەر ڕاستە.

ئامانجی سەرەکییش لە خستنەڕووی دۆخی خاک و خەڵکی کوردستان، بەرچاوڕوونییە بۆ هاووڵاتییانی کوردستان، کە وڵاتەکەیان کۆلۆنییە بە مانای نیشتمانێکی دەستبەسەرداگیراو. داگیرکەر دەیەوێت هەم خاکەکەی بخاتە خزمەتی نەتەوەی خۆی، هەمیش خەڵکەکەی بە پاساو و خەڵەتاندنی جیاوازەوە، بکات بە بەشێک لە نەتەوەی خۆی. بەم پێیه‌، ئامانج لە توێژینەوەکە، هەوڵدانێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی، ناسیۆنالیزمێکی دروەشاوە و ڕزگارکەرە، نەک وێرانکەر؛ بەو مانایەی کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوی کۆلۆنیزەکراوە و بەبێ بزووتنەوەیەکی نەتەوەییی تۆکمە و ڕزگارکەر، ناتوانێت قۆناغی داگیرکاری بەجێ بهێڵێت.

ناسیۆنالیزمی درەوشاوە

لەپێناو ئاراستەیەکی بەرگری و ڕزگارکەر، پێویستمان بە دابڕانێکی ڕادیکاڵ هەیە لە ناسیۆنالیزمی تاریک (Dark Nationalism)؛ ناسیۆنالیزمێک، کە زۆرێک لە ڕژێمە داگیرکەر و چەوسێنەرەکان بەکاریان هێناوە. بۆیە، بەلامەوە گرنگ بوو بۆ یەکەم جار دەستەواژەی “ناسیۆنالیزمی درەوشاوە” بەکار بهێنم، کە پێشتر بەکار نەهاتووە، بێجگە لە “یوڤال نووح هەراری”، كه‌ لە وتارێکیدا دەستەواژەی “دیوە درەوشاوەکانی ناسیۆنالیزم”ی بەکار هێناوە (Harari, 2019). لێرەدا هەوڵ دەدەم هەردوو ئاراستەکە بەکورتی لەباریەک هەڵوەشێنین و شرۆڤەیان بکەین.

لەو نووسینەمدا دەستەواژەی ناسیۆنالیزمی درەوشاوە لەسەر پێناسەی هانس کۆن، دادەمەزرێنم. هانس کۆن کە لە شاری پراگ (پایتەختی کۆماری چیک) لەدایک بووە و یەکێکە لە بیرمەندە گەورەکانی بواری ناسیۆنالیزم، سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەکانی ناسیۆنالیزم دەڵێت: “ناسیۆنالیزم دۆخێکی زەینییە، کە تێیدا تاک باڵاترین وەفاداریی خۆی بە شایستەی دەوڵەت/نەتەوە دەزانێت” (Kohn, 1965:9).”ئەو پێمان دەڵێت ناسیۆنالیزم بەر لە هەموو شتێک دۆخێکی زەینییە؛ هەستکردنە بە ژێبەندی (ئینتیما) بۆ “سەروەریی نەتەوە”، چونکە کۆن ژێبەندییەکەی بەستۆتەوە بە “دەوڵەت-نەتەوە”، نەک بەتەنیا بە نەتەوە؛ هیچ نەتەوەیەکیش لە دۆخی داگیرکاریدا، نابێت بە خاوەنی سەروەریی خۆی، ئەگەر خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبێت. ئەم ڕوانگەیە بۆ نەتەوەی کورد وەکوو نان و ئاو وایە، بۆ ئەوەی لەژێردەستەییی داگیرکەر ڕزگاری بێت.

هەموو ئەو نەتەوانەیش کە بەپێی سیسته‌مێکی فیدڕاڵی لەپاڵ دەوڵەتێکی دیکەدا ماونەتەوە، ژیانیان مسۆگەر و هەموو ئازادییەکیشیان هەبێت، هێشتا خەون بە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانەوە دەبینن؛ لەوانەیش: هەرێمەکانی سکۆتلاند و باکووری ئێرلەندا کە بەشێکن لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا. هەرێمی کەتەلۆنیا و باسک، بەشێکن لە دەوڵەتی ئیسپانیا و خاوەنی پەرلەمانی خۆجێیین؛ هەروەها هەرێمی کیوبێک لە کەنەدا، یەکێکە لە گرنگترین و ناسراوترین نموونە دیموکراسییەکانی جیهان. زۆربەی ئەوانە جارێک یان زیاتر ڕاپرسییان بۆ سەربەخۆیی کردووە و ئامادەشن دووبارەی بکەنەوە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە. یەکێکیش لە هۆکارە هەرە مەترسیدارەکان “گۆڕانی دیموگرافی”ی ئەو هەرێمانەیە؛ بە مانای ئەوەی، مەرج نییە دەوڵەتەکە خاوەنی سیسته‌مێکی دیموکراسی بێت، بەڵکوو لەپاڵ سیسته‌می دیموکراسییش، دەکرێت پەیتا پەیتا هەرێمەکە لە ڕووی دیموگرافییەوە بگۆڕێت.

زۆر مۆدێلی جیاوازی ناسیۆنالیزم هەن؛ تەنانەت هاووڵاتییانی ئەو دەوڵەتانەیش کە لە دۆخێکی سەروەریی سەقامگیردا دەژین، لەپێناو کۆمەڵێک ئامانجی جیا یەکێک لە جۆرەکانی ناسیۆنالیزم دەورووژێنن و لەسەر ئەو بنەمایەیش خەڵك لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە. لە چوارچێوەی دەستەواژەی ناسیۆنالیزمی درەوشاوەدا، بەتایبەتیش لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، “ناسیۆنالیزمی لیبراڵ” و “ناسیۆنالیزمی مەدەنی” لەلایەن چەند بیرمەندێکەوە پەرەیان پێ دراوە. ناسیۆنالیزمی لیبراڵ بریتییە لەو ئاراستە فیکرییەی کە پێی وایە نەتەوە و هەستی نەتەوەیی نەک بەتەنیا دژ بە بەهاکانی لیبراڵیزم (وەک مافی تاک، ئازادی و دیموکراسی) نین، بەڵکوو دەکرێت پێکەوە بگونجێن. هەروەکوو “دەیڤد میللەر” جەختی لەوە کردۆتەوە، کە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، مەرجێکی پێویستە بۆ دروستکردنی متمانە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە دەوڵەتە دیموکراسییەکاندا. لێرەدا دەتوانین بڵێین “ناسیۆنالیزمی درەوشاوە” خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەی خوارەوەیە:

یەکەم: ناسیۆنالیزمی درەوشاوە نەک هەر هێرشبەر و فراوانخواز نییە، بەڵکوو بەرگریکار و ڕزگاریخوازە. پارێزگاریکردن لە بوون، زمان، خاک و سەربەخۆییی نەتەوە، لە پێشەوەی ئەرکەکانی دادەنێت. بۆیە میللەر و گوستاڤسن پێیان وایە “لیبراڵیزم بۆ مانەوە و بەردەوامیی خۆی، پێویستیی بە نەتەوەیە. هیچ کۆمەڵگەیەکی لیبراڵ نییە کە بنەماکەی نەتەوەسازی نەبێت (Miller and Gustavsson, 2020:20). لەسەر ئەم بنەمایەیش، دەوڵەت و نەتەوەسازی مەرجێکی بنەڕەتین بۆ پارێزگاریکردن لە بەها گشتییەکانی وەکوو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە و بەو بەها و نۆرمانەی کە دەوڵەت پارێزگارییان لێ دەکات.

دووەم: ناسیۆنالیزمی درەوشاوە لە ئاستی نەتەوە و دیموکراسی دا نەک هەر دژبەیەک نین، بەڵکوو دەوڵەتی نەتەوەییی مەدەنی، تاکە زامنی پاراستنی مافی تاکەکان و کەمینەکانە. لەسەر ئەو بنەمایەیش میللەر و گوستاڤسن دەڵێن “دیموکراسی ناتوانێت گەشە بکات، یان تەنانەت ئەگەری مانەوەیشی هەبێت، ئەگەر هاووڵاتییان خاوەنی ناسنامەیەکی نەتەوەییی هاوبەش نەبن، کە یەکیان بخات و متمانەی پێویست دروست بکات بۆ ئەوەی ڕێگە بە دامەزراوە دیموکراسییەکان بدات کار بکەن. بۆ ئەمەش کوردستان بەرزترین و جوانترین ناسنامەی هاوبەشی هاووڵاتییانی کورد و هەموو ئەوانەشه‌ کە دانیشتووی کوردستانن، لە چوارچێوەی دەستوورێکی مۆدێرندا.

سێیەم: ناسیۆنالیزمی درەوشاوە، جیاوازە لە هەر جۆرە ناسیۆنالیزمێک کە جیاکاری دەخاتە نێوان مرۆڤەکان و ئاراستەیەکی دیکتاتۆرییانەی هەیە؛ کە “ئیان مەکوێرتە”، لە وەسفی ڕاستڕەوە توندەکان، ناوی ناوە ناسیۆنالیزمی تاریک (Macwhirter, 2016). ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە، کە لەلایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانەوە پێڕەویی لێ دەکرێت و ڕوانگەیەکی شۆڤینیزم و داگیرکاریی هەیە، ئاراستەیەکی فاشیزمانە و سەرکوتکردنی هەیە بۆ نەتەوەکانی دیکە. بۆیە “ناسیۆنالیزمی درەوشاوە” مافێکی ڕەوایە بۆ بەرگریلەخۆكردن و بەدەستهێنانی سەربەخۆییی نەتەوەیی. لێرەدا تێزە بەهێزەکە لە ڕوانگەی “میللەر و گوستاڤسن”ـەوە ئەوەیە، کە لیبراڵیزم بۆ بەردەوامیی خۆی، پێویستیی بە نەتەوە هەیە: هیچ کۆمەڵگەیەکی لیبراڵ نییە بنەماکەی لەسەر نەتەوەسازی بینا نەکرابێت.

بەم جۆرە، نەتەوەیەک کە هێشتا لە قۆناغی بەدەستهێنانی سەربەخۆییدایە، پێویستیی بە بەرگری لەخۆکردنە، لە ڕێی باوەڕێکی ئازادیخوازانە بۆ تاکەکانی و بۆ گەیشتن بە سەربەخۆییی نەتەوەیی؛ ئەم ئاراستەیەیش بەتەنیا لە ڕێی ناسیۆنالیزمی درەوشاوەوه‌ دەبێت؛ ناسیۆنالیزمێک کە سنوورەکانی خێڵ و شار تێ دەپەڕێنێت و ئەو دەمارگیرییە خێڵەکییەی کە لەناو خێڵدا زاڵە، دەیپەڕێنێتەوە بۆ نەتەوە، بۆ مۆبیلیزەکردنی لەپێناو یەکێتیی نەتەوەیی و گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی.

ڕەخنە لە پارادایمی دژەدەوڵەت

ئەوەی کە لە تێزی “نەتەوەی دیموکراتیک” و “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک”دا دەیخوێنینەوە، هەردوو دەستەواژەکە ئاراستەیەکی دژەدەوڵەتییانەیان هەیە و دەوڵەت بە سەرچاوەی زوڵم دەزانێت. هەردوو دەستەواژەکە لەلایەن “عەبدوڵڵا ئۆجەلان”ەوە پەرەیان پێ دراوە و بنەماکەیان دەگەڕێتەوە بۆ تێزەکانی فەلسەفەی مورای بۆکچین، کە باس لە “شارەوانیی ئازادیخواز” و ئیکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی دەکات. بۆکچین باس لە کۆمەڵگەی ڕزگاربوو لە دەوڵەت و پلەبەندییەکەی (هایراکییەکەی) دەکات و بە هیچ جۆرێک باس لە نەتەوە بەو مانایە ناکات، بەتایبەتیش نەتەوە بێدەوڵەتەکان. کەواتە هەردوو دەستەواژەکە پارادایمێکی نوێی سیاسی و فیکریی ئۆجەلان‌ـن، وەکوو جێگرەوە بۆ دەوڵەت-نەتەوە پەرەی پێ داون بۆ جێبەجێکردنی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی (Öcalan, 2010:181).

کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک چییە؟

کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بریتییە لە سیسته‌می بەڕێوەبردن؛ ڕەهەندێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی وردی هەیە بەپێچەوانەی ناوەندگەراییی دەوڵەت. لەو سیسته‌مەدا دەسەڵات لە دەستی “کۆمۆنەکان، ئەنجوومەنی گەڕەکەکان و شارەوانییەکاندا” دەبێت؛ واتە دەسەڵات لە خوارەوە بەرەو سەرەوە بەرز دەبێتەوە، لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک بەڕێوە دەچێت، نەک دەسەڵاتەکە لە سەرەوە شۆڕ بکرێتەوە بۆ خوارەوە و لە ناوەندەوە بسەپێنرێت، وەک هەموو ئەو مۆدێلانەی ئێستا هەن. لەسەر ئەو بنەمایەیش ئەو ڕوانگە فەلسەفییە پێی وایە کێشەی نەتەوەکان بە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی چارەسەر نابێت. ئارگیومێنتەکەیش ئەوەیە کە دەوڵەت-نەتەوە بە سروشتی خۆی ناوەندگەرایە و مۆنۆپۆلی توندوتیژی دەکات؛ بۆیە وەکوو “ماکس ڤەیبەر” دەڵێت، شەرعییەتی بەکارهێنانی توندوتیژی لەدەست خۆیدا دەهێڵێتەوە (Gerth and Mills, 2014:8)، زۆردارە و ناتوانێت دیموکراسییەت پیادە بکات. بنەما سەرەکییەکانی ئەو سیسته‌مە سیاسییەیش، بریتین لە “ئازادیی ژنان” کە ناوی نراوە “ژنۆلۆجی”، “پاراستنی ژینگە” (ئیکۆلۆجی) و “فرەفەرهەنگی”، وەک ئەوەی پێشڕەو محەمەد ناوی ناوە “بەگەردیلەکردنی نەتەوە” (Muhammed, 2026)، واتە داڕشتنەوەی نەتەوە لەسەر بنەمای یەکە کو‌لتووری و زمانەوانی و ئایینی و مەزهەبی و ناوچەیییەکان (Öcalan, 2010).

لێرەدا پرسیارە سەره‌کییەکە ئەوەیە كه‌، ئایا فەلسەفەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆرێک نییە لە یۆتۆپیا، بەتایبەتیش ئەو لایەنەی کە پێشنیازی کردووە لە هەموو ڕوویه‌کەوە لایەنە لاوازەکەیە؟ لێرەدا ئەوەی کە ڕۆشنە بۆ هەموومان، ناهاوسەنگییەکی ڕەها لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووردا هەیە؛ بەو مانایەی گفتوگۆکان هێندەی یەکلایەنە و ناهاوسەنگن، هێندە ڕەهەندێکی دادوەرانەیان نییە و نایەکسانییەکی ڕەهای هێز هەیە. ئەوەی لەبەرچاوی ئێمەدا ڕوونە بەپێی دۆکیومێنتە ڕەسمییەکان، ئەوەیە کە پڕۆژەی دەوڵەت “تورکیایەکی بێتیرۆرە”، نەک چارەسەرێکی دیموکراسییانەی پرسی کورد. لەو هەلومەرجەدا، ئایا دەوڵەتی تورکیا ئامادەیە بچێتە ژێر باری ئایدیۆلۆجیای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک؟ ئایا نەتەوەی تورک ئامادەیە دابەزێتە ئاستی وەها پڕۆسەیەک و لەو غروورەی خۆی دابەزێت؟ بەپێی هەموو ئەو داتایانەی لە بەردەستی ئێمەدا هەن، هەرگیز دەوڵەتی تورک و خەڵکی تورکیش ئامادە نین لەو سام و شکۆیەی خۆیان دابەزن بۆ داواکارییە ئایدیۆلۆجییەکەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، کە داوای خۆبەڕێوەبەرێتیی جەماوەری دەکات لە خوارەوە بۆ سەرەوە. خاوەنەکەیشی نەک هەر بەتەنیا لایەنە لاوازەکەیە، بەڵکوو سەرکردەیەکی دیلی بندەستی خۆیان، خستوویەتییە ڕۆژەڤەوە. هەروەها ئەو هێزەی کە پابەندی ئەو ئایدیۆلۆجیایەیە، لە دەڤەرێکی دیاریکراوی وەکوو قەندیل چڕ بۆتەوە و هیچ هەڕەشەیەکی وجوودیی لەسەر دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتەکانی دیکەی داگیرکەری وەکوو ئێران، عێراق دروست نەکردووە، کە خاوەنی سوپا، دەزگه‌ی هەواڵگریی زەبەلاح و پێشکەوتوون، کە خاوەنی بوودجەی زەبەلاح و سەروەریی یاسایی لە جیهاندا ناسراون. بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا یەکێکە لە ئەندامە بەهێزەکانی گەورەترین ڕێکخراوی جیهانی کە “ناتۆ”یه‌. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەوڵەتە تاکڕەهەندە نەتەوەیییانە بە وەها مۆدێلێکی نادەوڵەتی، نزیکترە لە خەیاڵ تا واقع.

لە هەمان کاتیشدا، ئەوەی کە لە ڕێی دەوڵەت باخچەلی، ڕێبەری مەهەپە (دەوڵەتی قووڵ) کە هاوپەیمانی ئەکەپەی دەسەڵاتداره‌، کە دەوڵەتی‌ هێناوەتە ناو گفتوگۆ، ترسێکە لەو ئاڵۆزییانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێپەڕ دەبێت. بەو مانایەی ئەو پڕۆسەیە لەپێناو چاوی ڕەشی کورد، یان ئایدیۆلۆجیای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، دادپەروەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی یان داواکارییەکانی یەکێتیی ئەورووپا نییە لە دەوڵەت، بەڵکوو دۆخێکی یەکلایەنەی تایبەتە بە ئێستا و ئاییندەی دەوڵەتی تورکیا (Yildirim, 2025). لەسەر بنەمای هەموو ئەو وردەکارییانەیشەوە، ئەوەی دەگوزەرێت لە خزمەتی دەسەڵاتی ڕەهای توغیانی دەوڵەتی تورکیا و تاکڕەهەندیی نەتەوەی تورکە. جیهانی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە دروست بووە، کە بە هەردوو چاودێرەکەی ڤاتیکان و فەڵەستین ژمارەیان دەگاتە 195 دەوڵەت. نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکاندا دەکەن، نەک کۆمۆن و شارەوانییەکان.

دەوڵەت و پۆست-دەوڵەت

لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەی سەرەوە، دەتوانین بپرسین كه‌ ئایا دەستبەرداربوونی کورد لە دەوڵەت، مانای خۆبەدەستەوەدانە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، ڕاستەوخۆ دەمانخاتە ناو دووڕیانی ناسیۆنالیزمی درەوشاوە (ڕیالیزمی سیاسی)، کە دەوڵەت-نەتەوە بە چارەسەر دەزانێت، بەپێچەوانەی دیدگه‌ی پۆست-دەوڵەت، کە لەسەر بنەمای “بەگەردیلەکردنی نەتەوە” بونیاد کراوە. لێرەدا پرسی سەروەریی چۆن بۆ نەتەوەیەکی وەکوو تورک ڕاست و گونجاوە، بۆ کورد دەیان قات ڕاست و گونجاوترە. لەسەر ئەو بنەما و چوارچێوەیەیشدا “تۆماس هۆبز” لە لیڤیاسان  (Leviathan)دا، باس لە ترس و پارێزگاریلەخۆکردندا دەکات. لێرەدا پاڵنەرە سەرەکییەکەی مرۆڤ لە ڕوانگەی “هۆبز”ەوە، بۆ دروستکردنی دەوڵەت ترسە لە لەناوچوون، یاخود بوونی دەوڵەت پێویستە بۆ مانەوە (Hobbes, 1996). دەوڵەتی تورکیاش لەو ڕووەوە، هەرگیز ئامادە نییە خۆپەرستیی خۆی هەڵوەشێنێتەوە و دابەزێت بۆ “بەگەردیلەکردنی” کۆمەڵگەی خۆی لەپێناو چاوی ڕەشی نەتەوەی کورد (Yeğen, 2016). لە ڕیالیزمی سیاسییشدا ئامانجی یەکەم و کۆتاییی هەموو دەوڵەتێک، پاراستنی بوون و بەرژەوەندیی خۆیەتی لە ڕێگەی هێزەوە. بۆیە دەڵێت “نەتەوە پێویستیی بە دەوڵەت هەیە. کەواتە یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت، بنەمای سیاسیی ناسیۆنالیزمە؛ دەوڵەت-نەتەوەیش ئایدیاڵییەکەیەتی” (Morgenthau, 2006:93).

لەسەر هەموو ئەو بنەمایانەیشەوە “پاراستنی کەسایەتیی نەتەوەیی، بە شێوەیەکی تایبەتتر، گەشەپێدانی تواناکانی داهێنەری، باڵاترین ئەرکی نەتەوەن. بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەش، نەتەوە پێویستیی بە هێز هەیە، کە لەبەرامبەر دەوڵەت-نەتەوەکانی دیکەدا بیپارێزێت و هانی گەشەسەندنی خۆی بدات”، ڕێک وەک ئەوەی مۆگینساو دەڵێت. کەواتە لەو چوارچێوە فەلسەفییە سیاسییەیشدا، ئەوەی بەڕێز ئۆجەلان لە پڕۆژە فیکرییەکەی خۆیدا دەیخاتە ڕوو، مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئاییندەی بونیادی نەتەوەییی کورد، لە ناوچەیەکدا کە پڕیەتی لە نادادپەروەری، بە تەنیا دەوڵەت دەتوانێت پارێزگاری لە بوون و کەرامەت و مافەکانی نەتەوەکەی بکات. مێژووی سەد ساڵەی ڕابردووش (بە هەموو فۆرمەکانی جینۆسایدەوە)، سەلماندوویەتی بەبێ بوونی هێزێکی سەربازی و قەوارەیەکی یاسایی لە چوارچێوەی بەها و نۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا، کورد هەمیشە لەبەردەم دوو بژاردەدایە: یان قبووڵکردنی ژێردەستەیی، یان لەناوچوون و هەڵوەشانەوە. بۆیە ئەگەر بە شێوەیەکی لۆجیکییانە تەماشای هاوکێشە ناوچەیییەکان بکەین، پڕۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک (بەگەردیلەکردنی نەتەوە)، بۆ دەوڵەت و نەتەوەی تورک مەترسییەکی ڕاستەقینەیە، ڕاستەوخۆ دەیخاتە بەردەم بەگەردیلەکردن و هەڵوەشانەوە. لەسەر ئه‌م بنەما لۆجیکییەیشەوە نەتەوەی تورک، بەقەد داوە موویه‌کیش ئامادە نابێت لە سەروەریی خۆی دابەزێت و خۆی بەگەردیلە بکات بۆ کورد.

لێرەدا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پرسی دانوستان و هاوسەنگیی هێز و ئەو پڕۆژەیەی ئێستا بە “تورکیای بێتیرۆر” ناسێنراوە و ده‌یخه‌ینه‌ بەر ڕەخنەوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین نزیکترین مۆدێلی دانوستان لەوەی ئێستا لە تورکیا دەگوزەرێت، کامەیانە.

بەپێی لێکچوون و جیاکاریی نەتەوەیی و سیاسەتی “ئاپارتاید” کە لە تورکیا دەگوزەرێت، نزیکترینیان مۆدێلی باکووری ئەفریقایە؛ ئەگەر چاوپۆشی لەو تایبەتمەندییانە بکەین کە کورد هەیەتی، بەوەی کە نیشتمانەکەی جیاوازە و داگیرکراوە.  ڕێککەوتنی نێوان “نیلسن ماندێلا” وەک سەرکردەی ئەنجوومەنی نەتەوەییی ئەفریقا (ANC) و دەوڵەتی ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور بە سەرۆکایەتیی “ئێف دەبلیو کلێرک”، لە سەرەتای نەوەدەکاندا، یەکێکە لە گرنگترین ئەو مۆدێلانەی دانوستان و چارەسەری پرسە سیاسییەکان لە مێژووی ناوچەکەدا (Sparks, 1995). لەوێدا، دانوستانەکان لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی درێژخایەنەوە لە 1993 دەستی پێ کرد، لەسەر کۆمەڵێک بنەما، کە لەو کورتە نووسینەدا دەرفەتی باسکردنی بنەماکان نابێت.

لێردا ئەوەی گرنگە باسی بکەین ئه‌وه‌یه‌، لە کاتێکدا لە ئەفریقای باشوور دەوڵەت ناچار بوو دان بە مافەکانی ئەوی دیکەدا بنێت چونکە ماندێلا و حزبەکەی دەوڵەتیان بەچۆکدا هێنا، بەڵام لە دۆخی تورکیا دا، دەوڵەت لەسەر بنەمای ڕیاڵیزمێکی توند و ئاسایش و یەکلایەنە لەژێر هەڕەشەی سەربازی و ئەمنیدا کار دەکات؛ لەسەر ئەو بنەمایەیشەوە هەر گفتوگۆیەک دەسکاریی چەمکی دەوڵەت بکات کە بریتییە لە “یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە و یەک سوپا”، وەک هەڕەشەیەکی وجودیی تەماشا دەکرێت. دەرەنجامەکەیش تورکیای بێتیرۆر و پۆلێنکردنی یاسایییە، کە دەوڵەت بە هیچ جۆرێک وەکوو لایەنێکی یەکسان لەگەڵ بزووتنەوەی کورد لە تورکیادا مامەڵە ناکات، بەڵکوو چەکدانانی بێمەرج و ناساندنی دۆخەکەیە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆردا”. کەواتە لێردا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بزووتنەوەی سیاسیی کورد ملکەچی هەمان ئەو فۆڕمەی دەوڵەت بێت کە ئۆجەلان لە ڕووی تیۆرییەوە ڕەتی کردۆتەوە. واتە ئەوەی بۆ تورک حەڵاڵە، بە هەموو جۆرێک بۆ کورد حەرامە.

پرسە جەوهەرییەکە ئەوەیە كه‌، کاتێک مۆدێلی نادەوڵەتی دەکەوێتە بەرامبەر دەوڵەتێکی نەتەوەییی بەهێز و ڕیاڵیستی وەکوو تورکیا، لە ڕووی کردەیییەوە تووشی بنبەست دەبێت، چونکە دەوڵەت سازش لەسەر سەروەریی خۆی ناکات. لێرەدا ئێمە لەبەرانبەر دژبەیەکبوونێکی ڕادیکاڵی توند داین. دژبەیەکبوونەکە، دژەدەوڵەت لەبەرامبەر دەوڵەتێکی ڕادیکاڵدا؛ چۆن بتوانین لە هاوکێشەکە تێ بگەین؟ چۆن بتوانین لەوە تێبگەین داخۆ پلان و پڕۆژەی دەستەمۆکردنی دەوڵەتی تورکیا چییە، بۆ دابەزین لە سەروەریی نەتەوەییی تورک و بەگەردیلەکردنی خۆی، بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک؟

زۆرێک لە زاناکانی وەکوو ئەلێکس دی واڵ و مایکل گونتە ڕەخنەی توندیان لەو مۆدێلە گرتووە و پێیان وایە لەگەڵ واقعی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکەدا تووشی پارادۆکسی جێبەجێکردن دەبێتەوە. لە واقعدا دروشمی “نەتەوەی دیموکراتیک”، لە ناوچەیەکدا کە هەژموونی دوو دەوڵەتی وەکوو تورکیا و ئێرانی بەسەردا زاڵە و باوەڕیان بە هیچ جۆرە دیموکراسی و ئۆتۆنۆمییەک نییە، پیاده‌ ناكرێت. لە کۆتاییدا ئەو جۆرە پڕۆژەیە دەبێتە هۆکارێک بۆ خۆڕادەستکردنی سیاسی و پاشەکشەیەکی گەورە بە پرسی کورد و زیاتر دوورکەوتنەوە لە پرسی سەروەری و هەر جۆرە سەربەخۆیییەک. ئەزموونی ململانێی نێوان نەتەوەکان ئەوەی سەلماندووە بەبێ بوونی سوپا و سنوورێکی فەرمی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی، هەر ئەزموونێکی لەو جۆرەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت، دەکەوێتە بەر هەڕەشەی بەردەوامی ستەم و سڕینەوە و پاکتاوی کو‌لتووری، ئەگەر پاکتاوی جەستەییشی لێ نەکەوێتەوە.

کوردستان وەک کۆڵۆنییەکی هەرێمیی

یەکێک لە پرسە هەرە نیگەرانکەرەکان، لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، کوردستان دابەش کرا بەسەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریا. ئەمەیش مانای وایە پرسەکە کرا بە پرسێکی لاوەکی؛ لە پرسی نیشتمانێکەوە گۆڕدرا بۆ پرسی تاکەکەس و کەمینەیەک لەناو سنووری دەوڵەتێکی نەتەوەییی خاوەن سەروەرییدا. کوردستان وەکوو نیشتمان لە هەموو هەژمار و هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتیدا خرایە دەرەوە. ئه‌وه‌ی ڕاستییش بێت، لە ڕووی مێژوویی و واقعی دیموگرافی و جوگرافییشەوە، کوردستان هه‌ر چوار پارچەی، بەزۆر لەیەک دابڕێنراوه‌ و داگیرکراوه‌ و دابەش کراوه‌ بەسەر چوار دەوڵەتی تاکڕەهەندی نەتەوەییی جیاواز لە کورد، کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە ستەمکارەکانی وەک “لۆزان” و “سایکس پیکۆ” لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمه‌وه‌ وەکوو دەستکەوتی جەنگ پارچەپارچە کراوە.

هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکە، لە مێژووی ئەو سەد ساڵەی ڕابردوودا، ئەگەر لەسەر هیچ پرسێک هاوڕا و کۆک نەبووبن، لەسەر پرسی کورد و درێژەدان بە داگیرکاریی خۆیان، کۆک بوون و هەمیشە وەکوو “کێشەی ئاسایشی ناوخۆیی”ی دەوڵەت-نەتەوەی خۆیان و “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” مامەڵەیان لەگەڵ خواست و خەونەکانی کورد دا کردووە، لەپێناو دروستکردنی پاساو و پەڕاوێزخستنی هەمیشەییی کورد. بەڵام لە ڕاستیدا، وەک ئەوەی کە ئیسماعیل بێشکچی و عەبدولرەحمان قاسملۆ جەختیان لەسەر کردۆتەوە، کوردستان لە دۆخێکی داگیرکاریی/کۆلۆنیالیستیی بەردەوامدایە. نەتەوەیەک لەسەر ئەو خاکە دابەشکراوەدا دەژیت کە خاوەنی خاک، زمان، کو‌لتوور و ناسنامەی سەربەخۆی خۆیەتی، لە چرکەساتێکی مێژوویی زاڵمانەدا کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتێکی زۆرەملێی سیسته‌می سیاسیی بێگانە؛ ئامانجی ئەو سیسته‌مە سیاسییە بێگانانەیش، سڕینەوە و تاواندنەوەی کو‌لتوور و زمان و هەموو تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی کورده‌.

بۆیە ئەوەی لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا نەتەوەی کورد پێیدا تێپەڕ بووە، بە هەموو پێوەرە مرۆیی و بەها و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەی گوزەراوە و تا هەنووکەیش دەگوزەرێت، تەنیا و تەنیا دەتوانین ناوی بنێین داگیرکاریی و بەکۆلۆنیزەکردن. لەو دۆخە داگیرکارییەیشدا کورد هەرگیز وەکوو هاووڵاتییەکی خاوەن مافە بنەڕتییەکانی خۆی لەناو ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەدا مامەڵەی هاووڵاتیبوونی لەگەڵدا نەکراوە؛ وێڕای ئەوەیش کە هیچ یه‌ک لەو دەوڵەتانەیش چوارچێوەیەکی دیموکراسی و مۆدێرنیان نەبووە.

کەواتە ئەم ڕەهەندە کۆلۆنیالیستییە، پێویستیی بە تێگەیشتنێکی ڕیاڵیستانە هەیە، کە تێیدا دابەشبوونی جوگرافیا و داگیرکردنی سامانی سروشتی و مرۆیی و پرۆسەی گۆڕینی دیموگرافیا و کۆچپێکردنی بەزۆری و دەستبەسەرخاکداگرتن، وەک کۆمەڵە فاکتەرێکی بنەڕەتی، ڕۆڵیان هەبووە لە دروستبوونی تەنگژەکان و درێژەدان بە داگیرکاریی.

ئەوەی لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە واقع و تا ئەمڕۆش لەسەر بنەمای ئەو واقعە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بریتییه‌ له‌ دەوڵەت-نەتەوە، کە سیسته‌مێکی جیهانیی ستانداردە لەژێر چه‌تری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. لە ڕوانگەی تیۆرییە باوەکانه‌وه‌، بەتایبەتیش تیۆریی ڕیالیزمی سیاسی و سیسته‌می دەوڵەتی مۆدێرنەوە. لە دوای ڕێککەوتنی وێستڤالیا (1648)، تا ئەمڕۆ، ئەم سیسته‌مە حوکمڕانیی دنیا دەکات و لەسەر ئاستی دنیا دانی پێدا نراوە و خاوەن سەروەری و شکۆی خۆیەتی. لە چوارچێوەی ئەو سیسته‌مە سیاسییە نێودەوڵەتییە بێسەروبەرەدا، تا ئێستا هیچ میکانیزمێکی یاسایی یان ئەخلاقیی باڵا دیاری نەکراوە، کە بتوانێت پارێزگاری لە گرووپ و نەتەوە بێدەوڵەتەکان بکات (Bull, 2012:80). بێجگە لە هەندێک بڕگەی یاساییی بەشێک لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، کە هەرگیز نەبوونەتە فریادڕەسی نەتەوە هەڕەشەلێکراوەکان.

لەو چوارچێوە فشۆڵە نێودەوڵەتییەیشدا، بێدەوڵەتی بە مانای “پەراوێزخستنی یاسایی و بێسەروەریی ڕەها”یە و هیچ بنەمایەکی مسۆگەر لەگۆڕێدا نییە بۆ پارێزگاریکردن لە نەتەوە بێدەوڵەتەکان. مێژووی سەدەی بیستەم و چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمیش، شایەدی بۆ ئەوە دەدەن کە نەتەوە بێدەوڵەتەکان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی ڕیشەکێشکردن، کۆمەڵکوژی و جینۆساید و پڕۆسەی تواندنەوەی نەتەوەییدان، لە جۆری پڕۆسەی تەعریب لە عێراق و سووریا، پڕۆسەی بەتورککردن بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تورکیا و پڕۆسەی تواندنەوە لە بۆتەی بەفارسکردندا لە ئێران. هۆکارەکەیش، ئەگەر نەتەوەیەک خاوەن دەوڵەتی خۆی نەبێت، دەسەڵاتە تاک-نەتەوە و ستەمکارە داگیرکەرەکان، بەبێ هیچ میکانیزمێکی نێودەوڵەتی و بەرگریکاری، دەتوانن بە شێوەیەکی بەرفراوان پێڕەوی لە سیاسەتی سڕینەوەی کولتووری و فیزیکی بکەن. لە یاسای نێودەوڵەتیدا مافەکانی کەمینەکان هەمیشە لەژێر سێبەری “سەروەریی نەتەوەییی ناوخۆییی دەوڵەتدا” کەم تا زۆرێک دیاری کراوە؛ بەڵام لە دەوڵەتێکی وەکوو تورکیادا، کورد بە کەمینەیش هەژمار نەکراوە، بەڵکوو وەکوو “تورکی چیا” و “مرۆڤی ماڵینه‌بوو”، لەلایەن دەوڵەتەوە مامەڵەی له‌گه‌ڵدا کراوە.

لە سایەی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی بێدەوڵەتییشدا، کە نەتەوەکان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوون و سڕینەوەدا بوون، بێدەوڵەتی هەمیشە ناسەقامگیری و تاوان و ماڵوێرانیی بەدوای خۆیدا هێناوە. نەتەوە بێدەوڵەتەکان هەر لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، فریای خۆیان کەوتن. لە بابەتێکی دیکەی جیاوازدا شڕۆڤە بۆ هەموو نموونەکان دەکەین.

ئەنجام

لە کۆتاییدا، دەتوانین بەئاسانی ئەوە دووپات بکەینەوە كه‌ ئەگەر لە ڕووی فەلسەفییەوە بژاردەی پۆست-دەوڵەتی سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام لە ڕووی ڕیاڵیزمی سیاسی و مێژوویییەوە نەتەوەی بێدەوڵەت بەبێ قەوارەیەکی سیاسی، هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی تواندنەوە و لەناوچوونی فیزیکیدا دەمێنێتەوە. لە باشترین حاڵەتدا وەکوو “هاووڵاتیی پلە دوو” مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەتایبەتیش لە دۆخی دواکەوتووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.‌دا

سه‌رچاوه‌كان

A Selected Chronology of Events in the South African Peace Process, 2002. [online] Available at: https://journals.co.za/doi/pdf/10.10520/EJC111572 [Accessed 1 October 2026].

Beşkçi, I., 2012. Kurdistan Kolonîyekî Nêw Dewletî (Kurdistan is an international colony). Translated by Heme Rešîd. Erbil: Sardam Publishing House (reprinted 2022, Sulaimani).

Bull, H., 2012. The anarchical society: A study of order in world

Fraser, G., 1984. PQ: René Lévesque and the Parti Québécois in Power. Toronto: MacMillan.

Ghassemlou, A.R. and Chaliand, G., 1980. People without a country: the Kurds and Kurdistan. (No Title).

Gerth, H.H. and Mills, C.W. eds., 2014. From Max Weber: essays in sociology. Routledge.

Guibernau, M., 2014. Belonging: Solidarity and Division in Modern Societies. Cambridge: Polity Press

HARARI, Y.N., 2019. The Bright Side of Nationalism. Lecture/Video hosted by Central European University (CEU). Available from: https://www.youtube.com/watch?v=v1xXF4RjC9A [Accessed 5 October 2026].

Hobbes, T., 1996. Leviathan. Edited by R. Tuck. Cambridge: Cambridge University Press.

Kamal, S., 2024. Guhertina demografî li Herêma Kurdistanê. Saziya Vîzyonê bo Lêkolînên Strategî.

Keating, M., 2001. Plurinational Democracy: Stateless Nations in a Post-Sovereignty Era. Oxford: Oxford University Press.

Kohn, H., 1965. Nationalism: Its Meaning and History. Rev. ed. D. Van Nostrand.

Leith, M.S. and Sim, D. eds., 2017. The Scottish Independence Referendum: Nationalism, Ethnicity and Everyday Lives. Cham: Palgrave Macmillan.

MACWHIRTER, I., 2016. The far right is on the rise and its weapon is dark nationalism. The Herald, 13 November. Available from: https://www.heraldscotland.com/opinion/14884341.iain-macwhirter-far-right-rise-weapon-dark-nationalism/ [Accessed 5 October 2026].

McRoberts, K., 1997. Misconceiving Canada: The Struggle for National Unity. Don Mills: Oxford University Press.

Miller, D. and Gustavsson, G., 2020. The coherence of liberal nationalism. Liberal Nationalism and Its Critics, pp.23-37.

Morgenthau, H.J., 2006. Politics Among Nations: The Struggle for Power and Peace. 7th ed. New York: McGraw-Hill.

Muhemmed, P., 2026. Dialektîk û stratejiyên bagerdîleyîkirina neteweya Kurd bi mînak. Haremnews. [online] Available at: https://haremnews.com/wtar-detail.aspx?Jimare=11232 [Accessed 3 October 2026].

Öcalan, A., 2010. Manifestoya Şaristaniyeta Demokratîk, Pertuka Sêhem. Sosyolojiya Azadiyê. Porsgrunn: Çapxana Renc. Berêveberiya Gišti Ya Kitêbxaneya Gištî.

South African History Online, 2011. Convention for a Democratic South Africa (CODESA). [online] Available at: https://sahistory.org.za/article/convention-democratic-south-africa-codesa [Accessed 1 October 2026].

Sparks, A., 1995. Tomorrow Is Another Country: The Inside Story of South Africa’s Negotiated Revolution. London: Heinemann.

Shakya, T., 1999. The Dragon in the Land of Snows: A History of Modern Tibet Since 1947. New York: Columbia University Press.

YEĞEN, M., 2016. “Turkish Nationalism and the Kurdish Question”. Ethnic and Racial Studies, 39(2), pp. 119-135.

YILDIRIM, A.K., 2025. Turkey’s Strategy in the Kurdish Peace Process. Baker Institute for Public Policy. Available from: https://www.bakerinstitute.org/research/turkeys-strategy-kurdish-peace-process [Accessed 5 October 2026]

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO