ڕۆژی ١٨/٢/٢٠٢٦ ماڵپەڕی سەکۆ بۆ نیشتمانسازی وتارێکی کاک سلێمان مستەفا حەسەن بە ناونیشانی “کورد و دنیای ئیسلامی” بڵاوکردووەتەوە. وێڕای دەستخۆشیم، هەندێک سەرنج و تێبینم دەربارەی وتارەکەی هەیە. هەرچەندە هەموو ڕەخنەکانم ڕوویان لەو نییە، بەڵکوو لە دنیابینی کوردیشە. بۆیە بابەتەکەی بەڕێزیانم کرد بە کلیلی کردنەوەی ئەم باسە، ئامانجیشم ئەوەیە کە وتارەکەی کاک سلێمان و ئەوانەی دی کە دەنووسرێن، لە کایەیەکی سۆزدارییەوە بگوازرێنەوە بۆ کایەیەکی سیاسی و مەعریفی قووڵتر و دنیابینییەکی فراوانتر. لە خوارەوە سەرنج و تێبینییەکانم لە چەند خاڵێکدا دەخەمە ڕوو.
پرسی جینۆساید
کاک سلێمان نووسیویەتی: “ئایین نەبووەتە ئامرازێکی ڕێزگرتن، بەڵکوو بووەتە ئامرازێک بۆ داگیرکاریی، ئەنفال، کیمیاباران، ڕاگوازتن و سڕینەوە، تا کار گەیشتە جینۆساید.” ئەم دەربڕینە ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگوازتن و سڕینەوە دەخاتە دەرەوەی خانەی جینۆساید! دەنا ئەوانە “هەموویان پڕۆسەی سیستەماتیکی جینۆساید بوون”. ئەگەر ئەوانە جینۆساید نەبن، ئەی دوای ئەوانە کامانەی دی جینۆسایدن؟ جگە لە جینۆسایدی ئێزدییەکانی شەنگال کە دوای ئەوان ئەنجامدراوە؟
دەربارەی ناوی “ئەنفال”
بەعسییەکان ناوی “ئەنفال”یان دانەتاشیوە، بەڵکوو مێژوویەکی هەیە، بۆیە وەک “پاساوێکی کولتووری و ئایینی” بەکاریانهێنا بۆ ئەوەی پیرۆزی و ڕەوایی بدەن بە پڕۆسەی کوشتارەکە (هاوشێوەی شەڕی بەدر)، ئامانج لە تێوەگلاندنی ئایین ئەوە بوو کوشتارەکە وەک تاوان نەبیندرێت، بەڵکوو وەک سەرکەوتن بەسەر کافران دا بچێتە مێژووەوە.
نکۆڵیکردن نەک فەرامۆشی و بیرلێنەکردنەوە
نووسەر دەربارەی هەڵوێستی کۆنگرەی زانایانی ئیسلامی نووسیویەتی: “گەورە توێژەری تورکیا ئیسماعیل بێشکچی لە کتێبی ‘کوردستان؛ کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتییە’ دەڵێت: لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ ڕژێمی عێراق بە چەکی کیمیایی هەڵەبجەی بۆردوومان کرد، ڕۆژی ٢٠ی ئازاری ١٩٨٨ کۆنفرانسەکە بەڕێوە چوو. بە وردی گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو بابەتانە کرا، کە پەیوەندییان بە ناوچەکەوە هەبوو؛ هەر لە مەسەلەی ئەفغانستانـەوە تا مەسەلەی فەلەستین، لەوێوە بۆ جەنگی عێراق-ئێران و لەوێشەوە بۆ هێنانەدی مافی تورکمانەکانی بولگاریا، ئینجا بڕیاریشیان لەبارەوە درا. بەڵام بەکۆمەڵکوشتن و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی دی، هەروەها ڕاگوازتن و ئەنفالکردنی کوردان، تەنانەت بە وشەیەک نەک ئیدانە و سەرزەنشت نەکرا، بەڵکوو باسیشیان لێوە نەکرد. یەکێتیی سۆڤیەت و ئیسرائیل و بولگاریا تاوانبار و سەرکۆنە کران، چونکە ڕووسیا لە ئەفغانستان بوو؛ گوایە تورکمانەکانی بولگاریا دەچەوسێنرێنەوە؛ هەروەها ئەمریکا و ئیسرائیل دژایەتیی دەوڵەتی فەلەستین دەکەن.”
هەرچەندە چاوەڕوانی وەها هەڵوێستێکی جوامێرانە لە ئەندامانی کۆنگرەی ئیسلامی ناکرێت کە ئیدانەی سەدام بکەن! بەڵام ئەم وەبیرهێنانەوەیە گرنگە. من تێبینیم لەسەر ئەو دنیابینیەیە کە نووسیوێتی”بەڵام هیچ کەسێک بیری لەوە نەکردەوە سەرکۆنە و سەرزەنشتی سەدام و ڕژێمەکەی بکات.” باشە ئەوان “بیریان لێنەکردەوە” یان “نکۆڵییان لێکردووە و کوشتارەکەیان بە ڕەوا زانیوە؟” چونکە کوردیان بە “هاوپەیمانی ئێران” زانیوە. کەواتە بیریان لێ کردووتەوە.
ئەنفال و گشتاندنی دەوڵەت (نەک فتوای تاکەکەسی)
نووسەر ئاماژەی بە خاڵێکی زۆر هەستیار داوە و نووسیویەتی: “لەو ڕۆژانەدا، لە سەرەتای مانگی دووی ٢٠٢٦ لە سووریا، دووبارە دەنگی هەڕەشە و داوای ئەنفال و فتوحات و تەکبیر دژ بە کورد بیسترا لەسەر زاری موفتی گەورەی سووریا و وەزیری کاروباری ئایینیی سووریا.” بەداخەوە بڕیارێکی مەترسیداری دەزگایەکی دەوڵەتی لە هەڵوێستی تاکە کەسیدا کورتکردووەتەوە! ئەوەی بەرپرسیارە “وەزارەتی ئەوقاف”ـە نەک فتوایەکی کەسی و بانگەشەی موفتییەکی ئایینی. وەها دەربڕینێک مەترسییەکە کەمتر دەردەخات لەوەی کە دەوڵەت بە سیستەماتیک ئەنجامی دەدات. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ڕۆژی ١٨ی ١ی ٢٠٢٦ وەزارەتی ئەوقافی دەوڵەتی سووریا نووسراوێکی بەسەر هەموو مەلاکانی سووریا گشتاندووە هەتا لە مزگەوتەکانەوە بانگەوازی ڕەوایەتیی شەڕەکە دژی کورد بکەن و دوعای سەرکەوتن بۆ موجاهیدەکانمان بکەن. ئەوەش هانی سەربازان و عەشایەری عەرەبی دەدات بەزەییان بە کورد دا نەیەتەوە و بێ دوودڵی دەستی بچێتە خوێنی کوردان.
ئەم نووسراوە کە بە واژۆی وەزیری ئەوقاف بە فەرمی بڵاوکراوەتەوە دەوڵەت لێی بەرپرسە کە داوای “تەکبیر و فتوحات” دژ بە کورد دەکات، نەک موفتییەک ئەوەی ئایین وەک چەکێکی سیاسی بۆ داگیرکاریی خاک و کۆمەڵکوژیی کورد بەکاردێنێت بڕیاری دەوڵەتانی عەرەبی و عەجەم و تورکین، نەک فەتوای تاکەکەسێک.
بۆیە ئەرکی ڕۆشنبیرانە بەرپەرچی هەر دەوڵەت و کەسێک بدەنەوە کە ئایین وەک ئامرازێک بۆ ڕەوایەتییدان بە تاوان بەکار دەهێنن؛ ئەو تاوانانەی لە کوردستان ئەنجام دەدرێن بەزۆری ڕەهەندە جیاوازەکانی پڕۆسەیەکی گشتگیری “جینۆساید” بوون. هەمووشیان تاوانی نێودەوڵەتین.
لە مێژووی هاوچەرخماندا، وشەی “ئەنفال” بەئازارترین واتایە. کەچی هێشتا هەندێک سەرباری ئەوەی نکۆڵی لەوە ناکەن کە ڕژێمی بەعس بە مەبەست ئەم ناوەی لە قورئانەوە وەرگرتووە هەتا باگگراوەندێکی ئایینی و کولتووری “پیرۆزی” بخاتە پشت تاوانەکە کەچی خۆیان لەوە لادەدەن، کە ئەنفال وەک تاوان دژی کورد بەکار بهێنن. لەبری ئەوەی سەدام و ڕژێمی بەعس تاوانبار بکەن، کە ئایینی لە تاوانی کوشتنی ژن و منداڵ و جینۆسایدەوە گلاندووە لەهەر کەسێک دڕدۆنگ دەبن کە باسی ئەنفال دەکەن. بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەنفالکراوان، یان ئەوانەی بەچەکی کیمیایی شەهید بوون جگە لە کەمینەیەکی ئێزدی و کاکەیی و مەسیحی زۆربەیان موسڵمان بوون. کەچی هێشتا پێیان وایە بۆ دژایەتیی ئیسلام باسی ئەنفال دەکرێت.
بۆیە پێویستە ڕەخنەی کوردی قووڵتر بێت؛ تەنیا گلەیی لە “بێدەنگیی” جیهانی ئیسلامی نەکرێت، بەڵکوو ڕیسوا بکرێن کاتێک تاوان بەرانبەر کورد دەکەن و ئەوانیش بەناوی ئایینەوە نکۆڵی لێ دیکەن. پێویستە دامەزراوە ئایینییەکانی کوردستانیش، وەک یەکێتیی زانایان، بە ئەرکی ئایینی خۆیان هەستن و هەڵوێستیان لە بەرامبەر شۆڤێنیزمی عەرەبی شەرمنانە نەبێت. بۆ نموونە، کارەکتەرێکی وەک عەلی قەرەداغی دەرفەتێکی مێژوویی بۆ هەڵکەوتبوو کە کورسییەکەی بکاتە قوربانیی هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانە، تا پەیامی ستەمدیدەیی کورد بگەیەنێتە جیهانی ئیسلامی، بەڵام کاتێک بێدەنگی لە تاوان و پاراستنی پێگەکەی خۆی هەڵدەبژێرێت بێ گوێدانە ئەوەی نەتەوەکەی (سەرباری ئەوەی کە زۆربەیان موسڵمانن) چی بەسەر دێت، ئیدی گلەیی لێ ناکرێت، بەڵکوو دەبێت ڕەت بکرێتەوە.
کورد مافی خۆیەتی ئازایانە بە داگیرکاران بڵێت: نابێت چیدی ئایین کەرەستەی دەستی ئێوە بێت بۆ تاوانکاری. چونکە لە بنەڕەتەوە دین پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودایە و ئێوە کردووتانە بە ئامرازی داگیرکاریی. نەتەوەیەک ئازاد نەبێت ئیمانیش تیایدا سەلامەت نابێت، دەبێت زانایانی ئیسلامی ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە بکرێنەوە ڕەوایەتیدان بە داگیرکاریی و کوشتنی کورد لەسەر خاکی خۆی، نیشانەی ئەوەیە کە پەیڕەویی ئایین ناکەن بەڵکوو سیاست دەکەن. دەنا مرۆڤی ئیماندار کوا مافی ئەوەی هەیە دەستکاریی ئیشی خود بکات.؟ کێ مافی ئەوەی هەیە ئەو مافانە زەوت بکات کە خوا پێی بەخشیون؟ کاتی ئەوە هاتووە جیهانی ئیسلامی نەک هەر سەرکۆنەی ڕابردووی خۆی بکات، بەڵکوو داوای لێبوردن لە خوا و لە نەتەوەی کورد بکات بۆ ئەو هەموو زوڵم و جینۆسایدەی بە ناوی ئایینەوە لێی کراوە.
پێویستە کورد لەوە قووڵتر و فراوانتر بڕوانێت، چونکە کێشەی لەگەڵ جیهانی ئیسلامی “بێ هەڵوێستی” نییە، بەڵکوو هەڵوێستە سیاسی و بەرژەوەندیی نەتەوەیییەکانییەتی لەسەر حیسابی خوێنی کورد بە ناوی ئایینەوە ڕەوایەتی بە تاوان دەدەن و بەرژەوەندییەکانیان بە ناڕەوا دەپارێزن.



