سەروەریی فیزیکی و شکستی ئەندازیاریی سیاسی لە لۆزان دا
ڕێککەوتننامەی لۆزان لە ١٩٢٣ هەوڵێکی نێودەوڵەتی بوو بۆ جێگیرکردنی نەزمێکی سیاسی کە لەگەڵ بونیادی فیزیکی و جوگرافی ناوچەکەدا نەدەگونجا و زۆر لە عەقڵیەتی ئیمپریالیستی ئەوان گەورەتر بوو. ئەم پەیماننامەیە لە بنەڕەتدا نەخشەیەکی سیاسی ئاراستەکراو بوو کە بەبێ ڕەچاوکردنی واقیعی تۆپۆگرافی و مێژوویی بەسەر ناوچەکەدا سەپێنرا تا لە ڕێگەی دروستکردنی سنووری دەستکردەوە هاوسەنگی هێز لە نێوان دەوڵەتە ناوەندییەکاندا بپارێزێت. ئامانجی سەرەکی ئەم دابەشکارییە پەراوێزخستنی پێگەی نەتەوەیی کورد بوو لەناو چوارچێوەیەکی یاسایی دیاریکراودا کە لەگەڵ سروشتی خاکەکەدا یەکی نەدەگرتەوە. بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی تر دەیسەلمێنن کە ئەم نەزمە یاساییە توانای مانەوەی نەماوە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەستپێکی تۆڵەی جوگرافیایە لەو سیستەمە پەککەوتووەی کە بۆ ماوەی سەدەیەک دژی یاسای سروشت و پێکهاتەی فیزیکی زەوی وەستایەوە.
ڕۆبێرت کاپلان لە پەرتووکەکەی بەناوی ” تۆڵەی جوگرافیا” بە دروستی ئاماژە بەوە دەکات کە جوگرافیا پێشەکییەکی بێدەنگە، ئامێری کاتە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ململانێیانەی کە وامان دەزانی لە مێژوودا نیژراون. ئەمڕۆش ئەو پێشەکییە خەریکە دەبێتە دەقی سەرەکیی ململانێکان، چونکە چیاکانی زاگرۆس تەنها بەرزاییەکی تۆپۆگرافی نین و بڕبڕەی پشتی ناسیۆنالیزمێکی سەرسەختن کە هیچ پەیماننامەیەکی مێژوویی نەیتوانیوە درز بخاتە ناو یەکپارچەیی فیزیکییانەوە. کاتێک هالفۆرد ماکیندەر لە پەرتووکەکەی بەناوی ” ئایدیا دیموکراسییەکان و واقیع” باسی لە واقیع دەکرد لە بەرامبەر ئایدیا دیموکراسییەکان، مەبەستی لەوە بوو کە هەموو ئەو بەڵێنە یاسایی و سیاسییانەی زلهێزەکان کە لەسەر بنەمای واقیعی خاک بونیاد نەنراون، لەبەردەم فشارە جیۆپۆلیتیکییەکاندا هەرەس دەهێنن درەنگ یان زوو، چونکە هیچیان لەگەڵ بونیادی فیزیکی خاکی کوردستان نەهاتوونەوە و نایەنەوە!
ئێستا کە ئێران وەک دەوڵەتێکی سەردەستی ناوچەیی، لە ژێر فشاری بۆشایی هێز و داڕمانی ناوەندییەتدا دەتوێتەوە، ئەو چوارچێوە یاساییەی لۆزان بۆ کورد و کوردستانی دروست کردبوو، درزی تێکەوتووە و واقیعی سروشتیی کوردستان وەک فەزایەکی ستراتیجیی یەکگرتوو جارێکی تر لەسەر نەخشەی فیزیکی دەردەکەوێتەوە. جۆن مێرشایمە پێمان دەڵێت کە لە جیهانی پاشاگەردانیدا، تەنها ئەو ئەکتەرانە دەمێننەوە کە دەتوانن ئیرادەی خۆیان بەسەر خاکدا بسەپێنن. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگوزەرێت، گواستنەوەی هێزی پەنهانی نەتەوەیە بۆ هێزی سەربازی و سیاسیی کردەیی، تاوەکو کۆتایی بەو غەدرە یاساییە بهێنێت کە سەدەیەک پێش ئێستا جوگرافیای کوردستانی کردبووە قوربانیی ئاشتیی زلهێزەکان. لۆزان چیتر ناتوانێت کوردستان وەک زیندانیی جوگرافیا بهێڵێتەوە، چونکە بونیادی فیزیکی خاکەکەی کوردستان بڕیاری داوە سنوورەکان بە واقیعێکی فیزیکی دابڕێژێتەوە. لۆزان بەهۆی تۆڵەی جوگرافیای کوردستان خەریکە بێمانا دەبێت!
تراژیدیای بۆشایی هێز و پێشبڕکێی مانەوە
داڕمانی ناوەندییەتی دەسەڵات لە تاران گۆڕانکارییەکی مێژووییە و کۆتایی بەو نەزمە دەهێنێت کە پەیماننامەی لۆزان بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک جێگیری کردبوو. میرشایمە لە شیکردنەوەی سیستەمی فرەجەمسەری ناهەوسەنگدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی نەمانی سەروەرێکی ناوچەیی بۆشایی هێز دروست دەبێت و دەوڵەتە دراوسێکان وەک ئەکتەری عەقڵانی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەجووڵێن. ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم چوارچێوەیەدا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی ستراتیجی دەبێتەوە. چالاکبوونی پێکهاتەکانی وەک بەلوچ و عەرەب لە ناوچە پەراوێزییەکاندا دەبێتە هۆی دابەشبوونی وزەی ناوەند و هاوکات مەترسیی نوێ لە بەرەی باکوورەوە سەرهەڵدەدات. ململانێی ئێستای نێوان کورد و ئازەری کێبڕکێیەکی توندە بۆ دیاریکردنی سنوورە جوگرافی و سیاسییە نوێیەکان لە قۆناغی دوای لۆزان و دوای داڕمانی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران.
ستراتیجییەتی تورکیا بۆ پێکهێنانی ڕێڕەوی تورانی و بەستنەوەی پێکهاتەی ئازەری ئێران بە قەوارەی جیۆپۆلەتیکی خۆی، هەوڵێکە بۆ گەمارۆدانی جوگرافیای کوردستان لە نێوان دوو جەمسەری داگیرکاریی. پێویستە ناسیۆنالیزمی کوردستانیی لەم قۆناغەدا خۆی لە پاشکۆیی مێژوویی دووربخاتەوە و چاوەڕێی جووڵەی هێزەکانی تر نەکات. لە چوارچێوەی مەنتیقی میرشایمە دا متمانە یەکسانە بە لەناوچوون. هەر درەنگکەوتنێکی لایەنی کوردستانی لە جێگیرکردنی دەسەڵات بەسەر فەزا ستراتیجییەکاندا پێش جووڵەی بەرەی تورک و ئازەری بوار بۆ ئەنقەرە و باکۆ دەکاتەوە واقیعی سەربازی نوێ بەسەر خاکی کوردستان دا بسەپێنن. ئەم دۆخە زەمینە بۆ سەپاندنی لۆزانـێکی تاڵتر و مەترسیدارتر لە پەیماننامەی یەکەم خۆش دەکات.
جوگرافیا ڕێگەی کشانەوەی پێنەداوین، ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت وەک پارسەنگی یەکەم دەربکەوێت. ئەگەر کورد نەبێتە یەکەم هێز کە سەروەریی کردەیی خۆی لە ناوچە جێناکۆکەکان و سنوورە ستراتیجییەکاندا بچەسپێنێت، ئەوا ئەو بۆشاییەی بەهۆی نەمانی ناوەندەوە دروست دەبێت، لەبری ئازادی، دەبێتە مەیدانی تۆڵەی داگیرکەرانی نوێ. وانەی گەورەی میرشایمە لێرەدا ئەوەیە: لە ناو جەنگی هەمووان دژی هەموواندا، تەنها ئەو نەتەوەیەی ئیرادەی پێشوەختەی هەیە بۆ داگیرکردنی فەزای ستراتیجی، دەتوانێت کورسییەک بۆ خۆی لەسەر مێزی یاسای نێودەوڵەتیی داهاتوو مسۆگەر بکات.
کاپلان لە “تۆڵەی جوگرافیا”دا باس لەوە دەکات کە تورکیا هەمیشە وەک هێزێکی فراوانخواز سەیری ڕۆژهەڵات دەکات. یەکگرتنی ئازەرییەکانی ئێران لەگەڵ تورکیا و دەوڵەتی ئازەربایجان، مەترسییەکی وجوودییە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی کوردستان (بەتایبەت لە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک ورمێ). ئەگەر ئەوان پێش کورد بگەنە ئەو ناوچانە، پێست (فریدریش ڕاتزێڵ گوتەنی، سنوور)ی ڕاستەقینەی کوردستان کاڵ دەکەنەوە، کە کورد هەمیشە لە هەوڵی تۆخکردنەوەی دابووە.
بەهەمان شێوە جووڵەی نەتەوەکانی تر لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران، دەبێتە هۆی پەرتەوازەکردنی هێزی ناوەند. لێرەدا کورد دەبێت وەک یاریزانێکی شەترەنج کاتی سفر دیاری بکات، نەک ئەوەندە زوو کە هەموو هێزی تاران ڕووی تێبکات و نەک ئەوەندە درەنگ کە تورکەکان کلیلەکانی ورمێ و سنوورەکان ببەن.
بەو واتایەی جووڵەی کورد لە ڕۆژهەڵات دوای چالاکبوونی پێکهاتەکانی بەلوچ و عەرەب بێت تاوەکو وزەی سەربازیی ناوەند پەرت ببێت. هاوکات کورد پێش دەستپێکردنی پلانەکانی ئازەری، فەزا جوگرافییەکان کۆنتڕۆڵ بکات تاوەکو ڕێگری لە جێگیربوونی ڕێڕەوی تورانی و دابڕانی خاکەکەی بکات.
پێگەی کوردستان لە کەوانەی ناوەکی و ئەرکی هاوسەنگکردنی ستراتیجیی ئۆراسیا
نەزمی یاسایی لۆزان شەرعییەتی پراکتیکی خۆی لەدەست داوە. پێگەی کوردستان لە ئەکتەرێکی پەراوێزی داگیرکراوەوە بەرەو ناوەندێکی جیۆستراتیجی جیهانی دەگۆڕێت. بەپێی تیۆری کەوانەی ناوەکی هالفۆرد ماکیندە کوردستان دەکەوێتە سەر ئەو پردە وشکانییە جومگەییەی کە هەرسێ کیشوەری سەرەکی و ڕێڕەوە ئاوییەکانی ئۆقیانووسی هیندی و دەریای ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە. داڕمانی ناوەندییەتی ئێران و دروستبوونی بۆشایی هێز لەم ناوچەیەدا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیری ناوچەی جەوهەری جیهان یان هارتلاند (Heartland) دەبێت. پێویستە ناسیۆنالیزمی کورد/کوردستانی لەوە تێبگات کە ئایدیا دیموکراسییەکان تەنها کاتێک دەبنە دەستکەوتی سیاسی کە هاوتەریب بن لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزەکان و واقیعی جوگرافی کوردستان. ستراتیجی ئەمریکا وەک هاوسەنگڕاگریی دوورەدەست ڕێگریکردنە لە دەرکەوتنی هەر سەردەستێکی ناوچەیی وەک تورکیا یان ئێران لە ناو جەرگەی ئۆراسیا دا. ئەم پێویستییە جیۆپۆلیتیکییە دروستکردنی یەکەیەکی سەربەخۆ بۆ کوردستان دەکاتە زەرورەتێکی حەتمی بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز.
کوردستان لەم قۆناغەدا بەربەستێکی جوگرافیی زەرورە بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەژموونی تۆرانی یان شیعی کە هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا تێکدەدەن. بەپێی تیۆرەکانی مێرشایمە زلهێزەکان تەنها لە کاتی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانیان دەستوەردانی ڕاستەوخۆ دەکەن. ئەرکی هێزە کوردییەکان لە هەموو پارچەکان ئەوەیە پێگەی خۆیان وەک هاوبەشێکی جێگیر لەم پردە جیۆپۆلیتیکییەدا بسەلمێنن و هەر هەوڵێکی هێزە ناوچەییەکان یان پێکهاتەی ئازەری بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەم ناوچەیە بە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی جیهانیی وزە و ڕێڕەوە بازرگانییەکان بناسێنن
داهاتووی سەقامگیری نێودەوڵەتی لەم ناوچەیەدا بەستراوەتەوە بە شێوازی کۆنترۆڵکردنی قەڵای جوگرافی کوردستان. توانای کوردستانیان بۆ ناساندنی ئەم فەزا ستراتیجییە وەک یەکەیەکی سیاسی یەکگرتوو زلهێزەکان ناچار دەکات لە جیاتی تاکتیکی فڕێدانی بەرپرسیارێتی (لە پەرتووکی تراجیدیای سیاسەتی زلهێزەکانی مێرشایمە بریتییە لە: تاکتیکی خۆدزینەوەی زلهێزێکە لە تێچووی جەنگ و هاوسەنگکردنی هێز، لە ڕێگەی گۆڕینی نەتەوەیەکی تر بۆ قەڵغان یان سەنگەری پێشەوە، لە جیاتی خۆی) و بەکارهێنانی کورد وەک قەڵغانی شەڕ پەنا بۆ هاوسەنگکردنی ڕاستەوخۆ و داننان بە سەروەریی کوردستان دا ببەن. مەنتیقی ڕیالیزمی سیاسی جەخت دەکاتەوە کە هێزی فیزیکی بنەمای متمانەی سیاسییە و کۆنترۆڵکردنی جومگە جوگرافییەکان لە لایەن کوردەوە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی بەرژەوەندی زلهێزەکان. ئەمڕۆ کوردستان کلیلی ستراتیجی ناوچەی ئۆراسیایە و داڕمانی لۆزان پڕۆسەی گەڕانەوەی ئەم پێگە سروشتییەیە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکەی.
هاوپەیمانیی لۆجیستیی مۆسکۆ بۆ تاران و ئەنقەرە
هەڵوەشاندنەوەی مێژووی پەراوێزخستنی کورد پێویستی بە تێپەڕین هەیە لە چوارچێوەی یاسایی لۆزان بەرەو شیکردنەوەی ئەو هاوپەیمانییە ستراتیجییەی کە لە ساڵی ١٩٢١دا لە نێوان یەکێتیی سۆڤیەتی لینین و بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانی تاران و ئەنقەرە دا دروست بوو. لە ڕوانگەیەکی ڕیالیزمی سیاسییەوە نەزمی نوێی ناوچەکە تەنها دەرەنجامی ویستی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا نەبوو، بەرهەمی بڕیارێکی جیۆپۆلیتیکیی مۆسکۆ بوو بۆ گۆڕینی عوسمانی و مەمالیکی مەحروسەی قاجاری، بۆ دەوڵەتی پشتێنەیی لە بەرامبەر هەژموونی بەریتانیا دا. تەنیا پێنج ڕۆژ دوای کودەتای شوباتی ١٩٢١ حکومەتی بەلشەفیک لەڕێگەی پەیماننامەی دۆستایەتی ڕووسیا و ئێران شەرعیەتی سیاسی و دیپلۆماسیی بە ڕەزا خانی میر پێنج بەخشی. ئەم هەنگاوە ستراتیجییە ئامانجی یەکەمی بریتی بوو لە ناوەندییکردنی دەسەڵات لە تاران کە ڕاستەوخۆ بووە هۆی بێشەرعیەتکردن و پاکتاوکردنی بزووتنەوە ناسیۆنالیستە کوردییەکان، بەتایبەت شۆڕشی سمکۆی شکاک کە وەک ڕێگرێک لەبەردەم جێگیربوونی ئەو هاوسەنگییە دەبینرا. سۆڤیەت بە دابینکردنی چەترێکی سیاسی و لۆجیستی بۆ ڕەزا خان هاوکار بوو لە تێکشکاندنی یەکەمین هەوڵە سەربەخۆخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
تێگەیشتن لە تێکشکانی نەزمی سیڤەر و سەرکوتکردنی ئیرادەی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان بەبێ شیکردنەوەی هاوپەیمانیی لۆجیستیی نێوان لینین و موستەفا کەمال مەحاڵە. لە ساڵی ١٩٢١دا کاتێک حکومەتی نوێی ئەنقەرە لەبەردەم داڕمانی دارایی و سەربازیدا بوو، سۆڤیەتی لینین لەڕێگەی پەیماننامەی مۆسکۆ لە ١٦ی ئازاری ١٩٢١ نەک هەر شەرعییەتی سیاسیی پێ بەخشین، بەڵکوو شادەماری مانەوەی بۆ دروست کردن. ئەم هاوکارییە کە بڕی ١٠ ملیۆن ڕوبڵی زێڕ و زەخیرەیەکی یەکجار گەورەی سەربازی پێکهاتوو لە ٣٣،٢٧٥ تفەنگ، ٥٨ ملیۆن فیشەک، ٣٢٧ چەکی ڕەشاش و ٥٤ تۆپی قورس بوو، واقیعی هێزی لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی کتوپڕ گۆڕی.
ئەم کەرەستە جەنگییانە پێش ئەوەی بەرەو بەرەکانی شەڕی یۆنان ئاراستە بکرێن وەک ئامرازی سەرەکیی پاکتاوی ناوخۆیی دژ بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان بەکارهێنران کە یەکەمین و دیارترین وێستگەی ئەم پێکدادانە شۆڕشی کۆچگیری بوو، کە لە لایەن ڕێبەرانی وەک عەلیشان بەگ و حەیدەر بەگـەوە ئاراستە دەکرا و تەنها ڕاپەڕینێکی خێڵەکی نەبوو، یەکەمین تاقیگەی سیاسیی ناسیۆنالیزمی کورد بوو کە داوای جێبەجێکردنی ماددەکانی پەیماننامەی سیڤەر و دامەزراندنی یەکەیەکی سەربەخۆی دەکرد. لێرەدا ئەنقەرە بە پاڵپشتیی دارایی و چەکی سۆڤیەت سوپای ناوەندیی بە فەرماندەیی نوری پاشا ڕەوانەی ناوچەکە کرد. هاوشان لەگەڵ سوپای فەرمی میلیشیا نانیزامییەکانی وەک تۆپاڵ عوسمان و گرووپە چەتەکانی بە چەکی سۆڤیەتی و لە ژێر چەتری سیاسیی مۆسکۆ دا دڕندەترین پڕۆسەی پاکتاوکردنی نەتەوەیی و توندوتیژیی ڕێکخراویان دژ بە خەڵکی سڤیلی کورد ئەنجام دا. ئامانجی ئەم پاکتاوکردنە لە گوتە بەناوبانگەکەی نوری پاشا دا ڕەنگی دایەوە کاتێک ڕایگەیاند: ئەوانەمان لەناو برد کە دەیانوت “زۆ” واتە ئەرمەنییەکان، ئێستاش کاتی هەڵکێشانی ڕەگی ئەوانەیە کە دەڵێن “لۆ” واتە کوردەکان. لێرەدا نوری پاشا بە ئاماژەکردن بۆ پاشگری “لۆ” کە لە کرمانجیدا بۆ بانگکردن بەکاردێت نییەتی دەوڵەتی بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانی ئاشکرا کرد. تۆپاڵ عوسمانـیش لێرەدا وەک ئامرازێکی جەنگی ناڕاستەوخۆ بەکارهێنرا بۆ ئەوەی ئیرادەی سیاسیی کورد لە دەرسیم و سێواس و ئەرزینجان تێکبشکێنێت و ڕێگری لە هەر جۆرە یەکگرتنێکی جوگرافیی نێوان پارچەکانی کوردستان بکات.
ئەم یارمەتییە سەربازییەی لینین کێشی ستراتیجیی مستەفا کەمالی ئەوەندە بەرز کردەوە کە بتوانێت بەبێ گوێدانە فشارە نێودەوڵەتییەکان مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت. لە ڕاستیدا کۆمۆنیستەکان لەڕێگەی بێدەنگکردنی دەنگی کورد لە کۆچگیری ڕێگەیان بۆ دیپلۆماتکارانی تورک خۆش کرد تاوەکو دواتر لە لۆزان دا بانگەشەی ئەوە بکەن کە کێشەی کورد بوونی نییە.
سۆڤیەت لێرەدا بەرژەوەندیی جیۆپۆلیتیکیی خۆی لە دروستکردنی دیوارێکی ناسیۆنالیستیی تورک دا بینییەوە تاوەکو ڕێگری لە هەژموونی بەریتانیا بکات بۆ چوونە ناو قووڵایی ئۆراسیا. باجی ئەم هاوکێشە ساردەی هێز لەناوبردنی ئاسۆکانی سەربەخۆیی کوردستان بوو لە باکوور. بەم شێوەیە لۆزان تەنها ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی نەبوو، واژۆکردنی ئەو واقیعە بوو کە پێشوەختە بە چەک و زێڕی لینین لە مەیدانەکانی کۆچگیری و دەرسیم دا کێشرابوو. کۆمۆنیستەکان نەک هەر هاوکار بوون لە تێکشکاندنی دەوڵەتسازی، بوونە ئەندازیاری ئەو قەفەزە جوگرافیایەی کە کوردستان بۆ سەدەیەک زیاترە تێیدا قەتیس کراوە.
بەڵام لێرەوە پێویستە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ستراتیجی هەڵبژاردنی پێکهاتەی تورک و فارس وەک دابڕ (بافەزۆن)، واتە پشتێنەی پارێزەری سۆڤیەت بکرێت لە جیاتی نەتەوەی کورد. لینین و بڕیاردەرانی مۆسکۆ لە ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە سەیری توانای نەتەوەکانیان دەکرد بۆ دروستکردنی دیوارێکی ئەمنی لە دەوری ڕووسیا. لەم دیدگایەدا نەتەوەکان دابەش دەکران بۆ دوو جۆر. جۆرێکیان ئەوانە بوون کە خاوەنی بونیادی گونجاو بوون لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی سەردەم و ئامادەییان تێدا بوو بۆ وەرگرتنی سۆسیالیزم. جۆرەکەی تر وەک پاشماوەی مێژوویی یان نەتەوەی زبڵ پۆلێن دەکران. ئەم تێڕوانینە ڕەگێکی قووڵی لە فیکری مارکسیزم دا هەبوو کە فریدریش ئەنگڵس لە ١٨٤٨دا لە وتارێکدا سەبارەت بە شۆڕشی ئۆستریا و نەتەوە سلاڤییەکان دەری بڕیبوو کە نەتەوەی زبڵن و نابێ دەوڵەتیان هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا سۆڤیەت، تورکیا و ئێرانی وەک هێزی خاوەن ژێرخان دەبینی کە دەتوانن وەک دیوارێکی جێگیر لەبەردەم هەژموونی بەریتانیا کار بکەن. کورد لە دیدی مۆسکۆ، خاوەنی بونیادێکی فیوداڵی ئێکسپایەر بوو کە نەدەگونجا لەگەڵ لۆجیکی پیشەسازی و مۆدێرنەتەی سیاسی.
ئەم هەڵسەنگاندنە ئایدۆلۆجییە وای کرد لینین پاڵپشتی لە مستەفا کەمال و ڕەزا خان بکات چونکە ئەوانی وەک ڕێکخەری دەوڵەتێکی نوێ دەبینی کە قۆناغی فیودالیزمیان تێپەڕاندووە. ئەم بڕیارە چاوی لەو ڕاستییە پۆشی کە کورد لەو قۆناغەدا خاوەنی هێز و ئەقڵێکی سیاسی گەورە بوو. سۆڤیەت بەرژەوەندی جیۆپۆلیتیکی خۆی لەوەدا بینییەوە کە پشتێنە ئەمنییەکەی لەسەر بونیادی دەوڵەتە ناوەندییەکان دروست بکات و نەتەوەی کورد وەک پێکهاتەیەکی دەرەوەی مێژووی ئابووری فەرامۆش بکات. ئەم هەڵبژاردنە ئایدۆلۆجییە بووە بناغەیەک بۆ تێکشکاندنی جووڵانەوە نەتەوەییەکانی کوردستان و جێگیرکردنی نەزمی لۆزان لە ناوچەکەدا.
مانیفێستی سەروەریی کردەیی لەسەر خاکی کوردستان
لە فەلسەفەی یاسای نێودەوڵەتیدا شەرعییەتی پەیماننامەکان بەستراوەتەوە بە بەردەوامی ئەو واقیعە سیاسی و هاوسەنگییەی کە دەقە یاساییەکانی تێدا بەرهەم هاتووە. داڕمانی ناوەندییەتی دەسەڵات لە تاران و لاوازبوونی پایەکانی دەسەڵات لە ئەنقەرە نیشانەی کۆتاییهاتنی قۆناغی کارایی پەیماننامەی لۆزانـن. لۆزان بۆ ماوەی سەدەیەک وەک چوارچێوەیەکی سنووردارکەر کاری دەکرد چونکە هێزە سەردەستە ناهاوسەنگەکان بەپێی دیدی مێرشایمە توانای جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو دەقەیان هەبوو. کاتێک ئەم دەوڵەتانە دەگەنە قۆناغی پەککەوتنی ستراتیجی ئیتر یاسا ناتوانێت پارێزگاری لە سنوورە دەستکردەکان بکات. گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی تر گوزارشتن لە گواستنەوە لە مافی چارەنووس وەک ئایدیاڵێکی تیۆری بەرەو سەروەریی کردەیی وەک واقیعێکی فیزیکی. لێرەدا تیۆرەکانی ڕۆبێرت کاپلان و جۆن مێرشایمە یەک دەگرنەوە و دەیسەلمێنن کاتێک جوگرافیا بڕیاری تۆڵە دەدات یاسا تەنها دەبێتە ئامرازێک بۆ تۆمارکردنی ئەو هێزەی کە لەسەر خاکەکە جێگیر بووە.
جووڵەی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم چرکەساتەدا پڕۆسەیەکی گۆڕینی واقیعی یاساییە بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناوەندێکی داڕماو. مێژوو دەیسەلمێنێت شەرعییەت لە بۆشاییەوە دروست نابێت و لە کۆنتڕۆڵی فیزیکیی فەزا ستراتیجییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. لە دەمی ڕۆبێرت کاپلان، فەزا ستراتیجییەکان ئەو ڕووبەرانەن کە بەهایەکی ڕەهایان هەیە و گرنگ نییە کێ حوکمی دەکات وەک گەرووی هورمز یاخود کوردستان.
هەر بستە خاکێک لە لایەن کوردەوە لەم قۆناغەدا کۆنتڕۆڵ بکرێت کۆتاییهاتنی یاسایی ماددەکانی لۆزان و دەستپێکی نەزمێکی نوێیە کە تێیدا کوردستانیان سنوورەکان دیاری دەکەن. هالفرد ماکیندە هۆشداریی دابوو کە واقیع لەبەردەم ئایدیاڵدا ناچەمێتەوە و پێویستە نەتەوەی کورد لەوە تێبگات کە دانپێدانانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی سەپاندنی ئیرادەی نەتەوەییەوە دەبێت بەسەر ئەو جومگە جوگرافیایانەی کە زلهێزەکان ناچار دەکات مامەڵە لەگەڵ واقیعە نوێیەکەدا بکەن.
گوتەی کۆتایی مێرشایمە بۆ ئێمە لێرەدا ڕوونە: لە جیهانی پاشاگەردانیدا، تەنیا ئەو کەسەی دەستی لەسەر چەکەکەیەتی و پێی لەسەر خاکەکەیەتی، خاوەنی مافە. داڕمانی لۆزان تەنیا گۆڕینی نەخشەیەک نییە، بەڵکو هەستانەوەی زیندەوەرێک (لە دەمی فریدریش ڕاتزێل)ی نەتەوەییە کە چیتر ڕێگە نادات مەرەکەبی سەر کاغەز، خوێنی ناو دەمارەکانی بوەستێنێت، لەبەر ئەوەی خوێنی نەتەوە لە دەمارەکانی خاکدا دێت و دەچێت!
بۆیە لە فەلسەفەی مێژوو و هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکاندا، هەندێک پێگەی جوگرافی هەن کە تەنیا پارچە زەوی نین، ئەرکێکی مێژوویی پیرۆز و قورسیان پێ سپێردراوە. جوگرافیا بەخشندە نییە، ئەو نەتەوەیەی لە چەق و جومگەیەکی وەها ستراتیجیدا نیشتەجێ دەبێت، یان دەبێت ببێتە سەروەری ڕەها و ئەرکە مێژووییەکەی جێبەجێ بکات، یان ئەوەتا مێژوو بێبەزەییانە و وەک پاشماوەیەکی فەرامۆشکراو لەو شوێنە دەری دەکات و دەیسڕێتەوە و جوگرافیاش تۆڵەی لێ دەکاتەوە. لێرەوەیە کە ناسیۆنالیستە ڕاستەقینەکان دەناسرێنەوە: ئەوانەن نەک هەر بە دڵ، بە عەقڵ و ئیرادە، هەمیشە نەخشەی نیشتمانەکەیان بە گەورەیی دەکێشن. چونکە نەخشەی گەورە، مانیفێستی نەتەوەیەکی زیندووە کە بۆ مانەوە دەجەنگێت.
دەبێت ئەم ڕاستییە لەناو دەمارەکانی هەموو کوردێکدا بچەسپێت: دەوڵەتە مەزنەکان، بەرهەمی ئیرادە مەزنەکانن. پێش ئەوەی دەوڵەت لەسەر زەوی و بە چەک دروست بێت، دەبێت وەک ئیرادەیەکی پۆڵایین لە ناخی یەک بە یەکی کوردستانیان دا هەبێت. هەبوونی ئەم ئیرادەی دەوڵەتە تاقە قەڵغانە کە دەتوانێت ڕێگە لە تۆڵەی جوگرافیا بگرێت. کاتێک ئێمە وەک یەک جەستە و یەک ئیرادە ڕاست دەبینەوە، جوگرافیا لە زیندانێکەوە دەگۆڕێت بۆ قەڵایەک و چیتر ناتوانێت تۆڵەمان لێ بسێنێت.
کوردستان ڕووبەرێکی جوگرافیی یەکجار گەورە و مەزنە: زیاتر لە نیو ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و یاسای سروشت و مەنتیقی هێز پێمان دەڵێت: مەحاڵە ڕووبەرێکی گەورەی سروشتیی ئاوەها، بۆ هەتاهەتایە بێبەش بێت لە ڕووبەرێکی سیاسیی یەکگرتوو. ئەم نیو ملیۆن کیلۆمەترە، تەنیا خاک نییە و بڕبڕەی پشتی ئۆراسیایە. بۆیە داڕمانی لۆزان و هەستانەوەی کورد، گەڕانەوەی شکۆیە بۆ جوگرافیایەک کە دەیەوێت بە ئیرادەی دەوڵەتبوون سنوورە سروشتییەکانی خۆی وەک واقیعێکی تاقانە بەسەر مێژوودا بسەپێنێتەوە. بەڵێ بۆ سپاردنی لۆزان وەک فۆسیلێک بە مۆزەخانەی مێژوو!



