سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کورد و نەتەوەکانی دیکە، ئاگایی داگیرکەر و داگیرکراو

فارس نەوڕۆڵی

  هێرش بۆ سەر کورد ڕووداوێکی تازە نییە بگرە بووەتە ڕۆشنبیری ئایدیۆلۆجی و ئایینی دەستەبژێری سیاسی نەتەوەی سەردەست و داگیرکەرەکانی ناوچەکە. ئیتر لێرەوە ئاگایی داگیرکەر و داگیرکراو دەکەونە شەڕی بەردەوام. داگیرکەر لەپێناوی سڕینەوەی داگیرکراودا دەجەنگێ و داگیرکراو لەپێناوی ناسنامە و مانەوەدا دەجەنگێ. لە مێژوودا شەڕ و هەوڵی جینۆسایدکردنی کورد نوێ نییە، سەدان نموونەی حەلەبئسامان هەیە، هەر جارە و بەناوێکەوە هەوڵی قڕکردنی کورد دراوە. زۆربەی پەلامار و فەرمان و قڕکردنەکان لەژێر پەردەی ئاییندا بووە، هێرشەکەی ئەمجارەی سەر شاری حەلەب بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان، دەبێت جگە لە ویژدانی مرۆڤایەتی  ویژدانی موسڵمانی کورد تووشی شۆک بکات کاتێک داگیرکەران بەدەنگی “اللە و اکبر” پەلاماری برا کوردەکانیان دەدەن لە حەلەب . هیچ لەو نەتەوانەی بە ناوی ئایین هێرش دەکەنە سەر کورد، لە کورد خوداپەرستر نین.  

لەو ماوەیەدا لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی وڵاتێکی دراوسێ کە زۆرینەی موسڵمانە لە بازاڕدا پرسیار لە خەڵکەکەی دەکرا نوێژ چەند فەرزە بە گاڵتە و گەپەوە دەیانگوت نازانین یان دەیان پرسیاریان لێ دەکردن قورئان چەند جوزئە هەردەیانگوت نازانین یاخود سەبارەت بە نوێژ دەیانگوت نانا بەڵام لە کوردێکی هەژار بپرسی هەموو ڕوکنەکانی ئایینی ئیسلامت بۆ شی دەکاتەوە کەچی ئەمانە خۆیان بە ئیماندار دەزانن و کورد بەبێ ئیمان. ئەوان بە ئاشکرا دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا ماچ دەکەن ئاساییە، بەڵام ئەگەر کورد وەڵامی سڵاوێکی ئیسرائیل و ئەمریکا بداتەوە ئەوە لە دین دەرچووە.

من زوو گوتومە لە گەمەی سیاسیدا  دیندار و بێدین نییە، بەرژەوەندی هەیە، ئەوە ئێمەی کوردین باجی ئەو باوەڕە ناسیاسیەی خۆمانمان داوە لە مێژوودا تا ئێستا، چونکە لە سیاسەتدا دەبێت یان لەسەر مێز بی یاریت پێ بکەن یان لە دەوری مێز بیت یاری بکەیت، یان دەبێت هەڕەشە بیت یان دەرفەت. بۆیە ئێستا لە چاوەڕوانی گۆڕانکاری ناوچەکەدا دوژمن هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی کورد لەسەر مێز بێت بۆئەوەی هەر بەژێر دەستەی بمێنێتەوە هێرشی سەر حەلەب نموونەیەکە. 

دەبێت کورد هەڵوێستی لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی و کوردبوون یەک بخات هیچ ئایدیۆلۆجیا و ئاڵایەکی حیزبی و بەرژەوەندییەکی تایبەتی پاڵنەر نەبێت تەنها کوردبوون و مرۆڤبوون نەخشە ڕێگای بێت. ڕاستە وڵاتان بەدوای بەرژەوەندیدا دەگەڕێن، بەڵام ناتوانن کوشتنی منداڵ و هاووڵاتی بێتاوان بەڕەوا بزانن ئەگەر ئەم بنەمایە لەدەست بدەین ئیتر جیاوازی لەنێوان قوربانی و جەلاد دا نامێنێ. بۆیە دەبێت هەوڵی دیبلۆماسی چڕکەینەوە و  لەڕێگای خۆپیشاندانی هێمنانەوە ڕەوەندی کوردی هەموو پارچەکان ڕای گشتی ئەوروپا و ئەمریکا هۆشیارکەنەوە کە نەتەوەیەک دوێنێ داعشی شکاند، ئەمڕۆ قڕ دەکرێ و زلهێزەکانیش بێ دەنگن. هەروەها هەوڵبدرێ میدیا جیهانییەکان هەواڵی قڕکردنی کورد لە حەلەب بە جیهان بگەیەنن لەهەمان کاتدا نابێ هەڵچوونی کوێرانە بمانگرێ و دەبێ بەوردی لەم شەڕە تێ بگەین کە شەڕی بێبەشکردنی کوردە لە گۆڕانکارییەکان و مانەوەی بەژێر دەستەیی. 

کەواتە دەبێت سەربەخۆیانە سەر بەخۆمان بین؛ باوەڕ بەئیرادەی خۆمان بکەین چونکە هەڵوێستی بێ سەربەخۆیی دوایی بەجێهێڵراوین. دەبێت لەسەر حەلەب و ڕووداوی دیکەی ستراتیجی هەڵوێستێکی سەربەخۆ و هۆشیارانەی درێژ خایەنمان هەبێت ئاگاشمان لە هاوپەیمانیی فریودەرانەش بێت.

ڕاستە ئێمە دوێنێ قوربانی مێژوو بووین بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ سەربەخۆ و یەکگرتوو بین دەتوانین ببینە دەنگی ئاشتی لە ناوچەکەدا، ئەگەر ئەوان بە زمانی چەک قسە دەکەن ئێمە لەپاڵ بەرگریدا بە زمانی مرۆڤدۆستانە و ئاشتی قسە بکەین.

لەهەمانکاتدا پێویستە هەموو ئایین و ئایینزاکانی کوردستان خەڵک هۆشیار بکەنەوە و ئەم هێرشانە بە ستەمکارانە بناسێنن و بەرگری ڕەواش پیرۆز بکەن. دەبێت ئەوە نیشانی جیهان بدەین کە حەلەب تاقانەی کورد نییە بەڵکوو تاقانەی مرۆڤایەتییە، تاقانەی هەموو ئەوانەیە کە خاوەن باوەڕ و ویژدانن. بۆیە پێویستە کورد لەنێوان هەست و هۆشیاریی و هۆشدا، لەنێوان مرۆڤایەتی و سیاسەتدا، هاوسەنگی دروست  بکات و هەڵوێستێکی شکۆمەندانە نیشان بدات. 

دەبێ تێ بگەین بۆ هەموو دۆخێک تەنها یەکگرتوویی و ئەقڵانییەت فریامان دەکەوێت. لە کۆتاییدا، هێرش بۆ سەر حەلەب هێرشی ناڕەوای داگیرکەر و شەڕی بەرگریی ڕەوای نەتەوەی داگیرکراوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO