زمان یەکێکە لە ئاڵۆزترین داھێنانەکانی مرۆڤ، ھاوکات ڕازێکی سەرنجراکێش و گرێیەکی سەختی بواری توێژینەوە و تێڕامانیشە، پرسیار ئەوەیە کە چۆن زمان پەیدا بووە؟ بۆچی زمان بووە بە ھۆکاری پەیوەندی دروست کردن و چۆن پرۆسەی لێک گرێدانی دەنگ و واتا، ڕستەسازی و وشەسازی دەستی پێ کردووە و تائێستاش بەردەوامە؟ ئەمانە لەو پرسیارە سەرەتایی و بنەڕەتییانەن کە زمانناسانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ھاوکات لەگەڵ گەشە و پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا زمان تەنیا لە چوارچێوەی ھۆکارەکانی پەیوەندی پێکەوەکردندا نەماوەتەوە و لە کۆنتێکستی جیاوازدا ڕۆڵ و ماھیەتی خۆی گۆڕیوە و کارەکتەری جۆراوجۆری تاقی کردۆتەوە. بۆ نموونە، زمان لە تێڕوانینی یەکەمدا ڕۆڵێکی مەدەنیانە دەگێڕێ و پانتایی پێک گەیشتن، لێک تێگەیشتن و پێوەندی دروستکردنی نێوان مرۆڤەکانە. لەگەڵ گۆڕانکارییە مێژوویی و سیاسییەکاندا، لە دنیای مۆدێرندا زمان بەرگێکی سیاسییانە دەپۆشێ و دەبێتە مەیدانی جیاکردنەوەی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە و بەشداری و پشکداری لە کایە سیاسییەکان و ڕەوایەتی دەبەخشێ بە ھاووڵاتییبوون لە فۆرمێکی ئیداری و سیاسیدا.
ئایا بۆ ناسنامەی هەبوونی نەتەوەیەک، بوونی زمانی پێوەر یان ستاندارد بەسە، بەتایبەت کە لەسەر خاکی نیشتیمانی خۆیدا سەدان ساڵە نکۆڵی لە بوون و هەبوونی دەکرێت و بە پلان و بەرنامەی تایبەت ڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری دەبێتەوە. پهرتهوازهیى زمانى كوردى له نێوان ئهم زار و بنزار و دەڤۆکانە؛ ئهو ناوچه و ئهم دەڤەرە، ههم پێدانى پایهیهكى بهرزتر بێت به زمانى كوردى، به تایبهت له ههل ومەرجێکدا کە ههڕهشهكان نهك ههر لهسهر زمانن، بهڵكو كۆمهڵگە و نهتهوهكهمانى خستۆته ترس و دڵهڕاوكێیهكى نائومێدهوه. سەرباری جیاوازی بیروبۆچوونی ئێمە لەگەڵ هزر و تێڕوانینی هەندێ لەو بەڕێزانەی کە پێیان وایە هەندێ لە زارە کودییەکان زمانن، وەک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەورامی یان لەک و لوڕ زمانن نەک زار، بە هەندێ بەڵگەی نازانستی و بۆچوونی هەندێ لە ڕۆژهەڵاتناسەکان کە ڕای جیاوازییان لەسەر پرسی زمان و زار و بنزارە کوردییەکان هەیە. داکۆکی لە ناسنامە لۆکاڵی و تایبەتمەندێتی زارەکانی خۆیان دەکەن.
بەڵام ئایا لە ڕاستیدا شتێک هە یە بەناوی زمانە کوردییەکان، لە کاتێکدا زمانی کوردی لە چەندان زار و بنزار و دەڤۆک پێکهاتووە، زمانی کوردی هێشتا له سنووری ترسناکی مان و نهمان دایه، یان ئهم سنوورهی بهرهو پانتاییهکانی ژیانی ههمیشهیی بهزاندووه، مهترسییه سهرهکییهکانی سهر ئهم زمانه لەسهردهمی ئێستهدا کامانهن؟ چۆن دهتوانین زمانی کوردی لهم مهترسییانه دوور بخهینهوه و هاوکاتیش بهرەو گهشه کردن و بهخشینی توانای ڕووبهڕوو بوونهوه لهگهڵ تایبهتمهندییه نوێیەکانی سهردهمی ببهین و له باری فۆرم و ناوهڕۆکهوه دهوڵهمهندتری بکهین، چۆن دهتوانین توانستهکانی ئهم زمانه بۆ ڕووبهڕووبوونهوه لهگهڵ زانست و دیارده مودێرنهکاندا فراوانتر بکهین.
کەم و زۆر ئەم دەنگانە، هەست و هزری خۆیان بێت، یان بە کاریگەریی ئەجیندای وڵاتانی ئیقلیمی بێت، تا ڕادەیەک ڕەوشێکی تاڵ و لێڵی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان ئەفراندووە. ئەو دەنگانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شتێکیش نییە بەناوی زمانی کوردی ئەوەی هەیە زمانە کوردییەکانن، با دواجار با هەر هەمووشمان کورد بین. وەڵامێکی نامۆی سەمەرەیە کە تۆ ناسنامەی نەتەوەکەت کورد بیت زمانەکەشت هەورامی یان لەکی بێت.
ئەگەرچی ئەم بۆچوونە پێشتر هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان-دا لای هەندێ لە ئیلیتی سیاسی و ئەکادیمی کورد وەک محەمەد موکری و میهرداد ئیزەدی و ئەمیری حەسەنپوور و جەعفەری شێخولئیسلامی و کەسانی تریش بە ئاشکرا دەریان بڕیوە، بێگومان ڕای من جیاوازترە و لەگەڵ هەموو ئەو بۆچوونانەی کە پێیان وایە ئێمە کۆمەڵە زمانێکین نەک یەک زمان. نەبوونی زمانی ستاندارد و ڕێنووسێکی ستاندار، بیانوو نییە بۆ هەر نووسەرێک بە کەیفی خۆی تێزێکی تازە دابهێنێت بۆ قسەکردن لەسەر پرسی زمان و ناسنامەی کوردبوونمان.
يەكێك لەو بنەمايانەى کە زانایان بەتایبەت زمانناسان وەك فاكتەرێكى كاريگەر لە پڕۆسەى نەتەوەسازییدا ئاماژەيان بۆ كردووە زمانە، چونکە زمان سەرچاوەيەكە سەرجەم ڕەگەزەكانى ديكەى نەتەوە هێزى لێوەردەگرن و بنچينەيەكى گرنگ و كاريگەرى كۆكردنەوەى ئەندامانى نەتەوەيە، هەر لە ڕێگاى زمانەوەش تاكەکانی کۆمەڵگا هەست بە بوون و كەسايەتى خۆیان دەکەن.
لەم چوارچێوەيەدا و تايبەت بە ڕۆڵى زمان لە بنيادنانى نەتەوەدا، لايەنگرانى ئەو تيۆرە بۆچوونيان وايە: زمانێکى يەكگرتوو فاكتەرێكى يارمەتيدەرە بۆ دروستكردنى تێڕوانين و بيركردنەوەى هاوبەش لە ناو كۆمەڵگادا، ئەمەش هەنگاوێكە بە ئاڕاستەى پەرەسەندنى هۆشياریى نەتەوەيى و كاركردن بۆ بەرژەوەندييەك كە هەمووان خۆيانی تێدا دەبينەوە، هەر لە درێژەى بۆچوونەكانيان زانایان جەختيان لە سەر ئەوە كردۆتەوە زمان هۆكارێكە بۆ دەربڕین و گوزارشتكردن لە ڕووداوەكانى ڕابردوو بە سەركەوتن و شكستەكانەوە، بێجگە لەمانەش هەموو ئەو كەسانەى لە كۆمەڵێكدا زمانێكى هاوبەش كۆيان دەكاتەوە وەكوو كەسانى بێگانە سەيرى خەڵكانى دەرەوەى زمانى خۆيان دەكەن.
لە ڕاستيدا ئەم تيۆرە زياتر لەلايەن بيرمەندانى ئەڵمانى برەوى پێدراوە، بۆ نموونە، فيختە (١٧٦٢-١٨١٤) پێی وايە: زمان پێكهێنەرى مرۆڤەكانە نەوەك مرۆڤ دروستكەرى زمان بێت. وەك دەردەكەوێت ئەو تيۆرە كە ئەڵمانەكان زۆر جەختيان لەسەر كردۆتەوە و بۆچوونيان وابوو زمان تاكە بنچينەى دروستبوونى نەتەوەييە و ئامانجى سياسى لە دواوە بووە، چونكە چاويان بڕيبووە ئەو ئەڵمانزمانانەى لە نەمسا و لۆكسمبۆرگ و سويسرا دەژيان. لێرەدا پێويستە ئاماژە بۆ ئەوەش بكرێت، هەرچەندە زمان يەكێكە لە گرنگترين بنەماكانى پێكهێنانى نەتەوە و فاكتەرێكى سەرەكى دروستبوونيەتى، بەڵام وەك تاكە هۆکار ئەژمار ناكرێت، بەڵكوو لە پاڵيدا چەندان بنەماى ديكەى گرنگ بوونيان هەيە.
لەوانە، كولتوور کە يەكێكى ديكەيە لەو بنەما و هۆکارانەى بۆ پەڕينەوە بەرەو پرۆسەی نەتەوەسازی بە تايبەتى كاركردن لە سەر دروستكردنى كولتوورێکى يەكگرتوو كە ڕۆڵێكى كاريگەر و گرنگى هەيە، مەبەست لە كولتوورى يەكگرتووش ئەو كولتوورەيە كە هەموو نەتەوە لە چوارچێوەيدا كۆدەبێتەوە. بۆ پەرەسەندنى ئەم كولتوورە پێويستە كار لە سەر ئەو پرسانە بكرێت كە سەرجەم چين و توێژەكانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە. بۆ نموونە، كاركردن لە سەر مێژوو و نەریت و بۆنە تايبەتەكان و بوارە جياكانى ڕۆشنبيریی. بەمشێوەيە لە دۆخى پەڕينەوە بەرەو نەتەوەسازی كاركردن لە سەر كولتوور پێويستى بە دوو ئاراستەى جياواز هەيە، لە يەكەمياندا زەقكردنەوەى جياوازييەكانە لەگەڵ ئەوانى ديكە، دووەميشيان، پاراستنى يەكێتیى نەتەوەيە لەناو خۆيدا، ئەمەش زياتر لە ڕێگاى خستنەڕووى مێژووى دێرينى نەتەوەكە، بە شێوەيەك كە هێز و قوربانيیەكانى تێدا نيشان بدرێت.
لەم گۆشەنيگايەوە بۆچوونێك هەيە پێی وايە ڕۆڵى مێژوو لە پێكهێنانى نەتەوەدا ڕوونە و كێشەيەكى لەسەر نييە، ئەمەش بەو پێيەى نەتەوە بوونێكى دێرينە و ڕەگ و ڕيشەى لە قووڵايى ناخى تاكەكانيدايە، بۆيە ئەركى سەر شانى ناسيۆناليستەكانە بە مەبەستى زيندووكردنەوەى مێژوو، ڕابردووى نەتەوە بە بير تاكەكانى بێننەوە.
بەگشتى پڕۆسەى دروستبوونى نەتەوە لەسەر بنەمای زمانی هاوبەش پێوەرە نەک فرەزمانی کە بۆ چەند گۆڕانكارييەكى گرنگ دەگەڕێتەوە، جگە لە جەختكردنەوە لەسەر گۆڕانكارييە ئابوورييەكانى پیڤاژۆى پيشەسازى و دروسبوونى بازاڕە گەورەكان، لەوانەش دەركەوتنى چاپەمەنى و دەركردنى ڕۆژنامە بە يەكێك لە بنەما هەرە گرنگەكانى نەتەوەسازی لە قەڵەم دەدرێت، لەم سۆنگەیەوە و بۆ خستنەڕووى ئەو ڕۆڵە كاريگەرەى دەركردنى ڕۆژنامە لە پڕۆسەى بنيادنانى ناسيۆناليزم و دروستبوونى نەتەوەدا دەيبينێت.
بەڵێ ڕاستى ڕەوشی کولتووری کوردی لەگەڵ نەتەوەکانی تر سەبارەت بەزۆر هۆکار جیاوازن، لەهەمووی دژوارتر داگیرکردنی کولتووری مێشکی مرۆڤی کوردە بە هزر و ئایدۆلۆجیا هاوردەکانی ئایین و سیاسەت، ڕاستە بەشێک لە نووسەرانی کورد سەرقافڵەی قوربانیدان بوون بۆ نەتەوە و نیشتیمانەکەیان، مخابن کەمیش نین ئەوانەی بەناو ڕۆشنبیرن، هێشتا لە گرێی دەروونیی دەربار، دەسەڵات، دەربازیان نەبووە، نووسینەکانیشیان ڕەنگدانەوەی کەتواری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایەیە کە لێی پەروەردە بوون و لێی دەژین، هێشتا ڕۆشنبیری ئێمە جیاوازییان نەکردووە لە نێوان نووسینەکانی قەڵەمێکی ئازاد و قەڵەمێکی کۆیلەدا.
هەر بۆیەش لە پیڤاژۆی نەتەوەسازیدا زمانی پێوەر و یەکگرتوو دەبێتە ناسنامەی نەتەوەیەکی یەکگرتوو، هەر بانگەشەیەکیش بۆ فرەزمانی، زمانە کوردییەکان، جگە لە خزمەتکردن بە هزرین و عەقڵییەتی مێشکی داگیرکراو و ئیغتراب و نامۆبوونی تاک و کۆمەڵگەی کوردی، شتێکی تر نییە.