سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دروشم و سیمبوڵەکان لە ئاوێنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-دا!

لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین تیۆر هەن باس لە کاریگەریی دروشم و بانگەشەکان دەکەن و دیوە ئەرێنی و نەرینییەکانییان دەخەنە ڕوو. لەناو هەموو ئاراستە تیۆرییەکاندا، کولتوور ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگ دەبینێت لە دەرخستنی ئاست و دنیابینی ئەکتەرە سیاسییەکان.

ئەو کورتە نووسینەم لە پێناو هۆشیاربوونە بە خواستە نیشتیمانییەکان، بە حەرام و حەلاڵە نەتەوەییەکان، بەو مانایەی هێزە سیاسییەکان و ئەکتەرە سیاسییەکان لە کار و چالاکییەکانییاندا، دەبێت کۆتایی تۆنێڵەکە ببینن، بزانن بۆچی تێدەکۆشن. ئایا لە کۆتاییدا حیزب ئامانجە یا نیشتیمان و نەتەوە؟ ستراتیجییەتی هەر گرووپێکی سیاسی گەیشتنە بە سەروەریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، یان گەیشتنە بە قازانجەکانی حیزب لەسەر پشت و وزە و چارەنووسی نیشتیمان؟ کەواتە هێزە سیاسییە کوردستانییەکانیش دەبێت بزانن چیان لەو ململانێیەدا دەوێت؟ دەبێت بزانن داخۆ هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەبەن؟ ئایا کەسیان ئەو پرسیارەیان لە خۆیان کردووە، داخۆ دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ ببەن؟ ئا لێرەدایە سوودی دروشمێکی وەکوو “هەموو شتێک لە پێناو نیشتیمان”، حیزبیش هەمیشە ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە سەروەریی نەتەوەیی و شکۆی نیشتیمان.

لەماوەی ڕابردوودا، ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بینیمان، هەرچەند مۆدێلێکی سەرنجڕاکێش بوو بۆ توێژەرانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەتوانین بڵێین بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵمەتێکی ئاست نزم و بێ دنیابینی بوو، لەپاڵ ئەوەی کە نەمویست بەر لە هەڵبژاردن و لەکاتی هەڵبژاردندا، هیچ وشەیەک بنووسم، بۆ ئەوەی کەم تا زۆر بە ئەرێنی بێت یا نەرێنی، کاریگەریی لەسەر یان بۆ هیچ کەس و لایەنێک دروست بکەم.

بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بێت یان بۆ هەر جۆرە چالاکییەکی دیکەی نیشتیمانی، کۆمەڵێک دروشم و هێما و ئاماژەی سیمبوڵیک بەکار دەهێندرێن. لەو هەڵبژاردنەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-یشدا، بەهەمان شێوە کۆمەڵێک دروشم و سیمبوڵ بەکارهێندران. چۆن لەو دروشم و سیمبوڵانە تێبگەین؟ تا چەند کاریگەرییان لەسەر سایکۆلۆجیای هاوڵاتییان هەبوو؟

یەکێک لەو چوارچێوانەی کە دەتوانین دیاردەی دروشم و سیمبوڵەکانی پێ بناسینەوە، تیۆری سیمبۆلەکانە، وەکوو نیشانەی زمانەوانی تەماشایان دەکرێت. دروشمەکان وەکو سیمبۆل، مانا و مەغزا ئایدیۆلۆجییەکان بەشێوازێکی قوڵ دەگوازرێنەوە بۆ وەرگر. لەڕووی نیشانەناسییەوە (semiotic)، دروشم ئاماژەیە بۆ “وشە” یان “دەستەواژە”یەک کە نوێنەرایەتی ئاماژەبۆکراو دەکات، کە بریتین لە بەها و هزرە بنەڕەتییەکان. بۆ نموونە، دروشمی کۆمپانیای نایکی (Nike)، کە دەڵێت “تەنها بیکە” (just do it) تەنها هاندان نییە بۆ کارکردن، کارکردنێکی ڕووت و بێ ناوەڕۆک، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ هەوڵدان و توانای جەستەیی و کۆڵنەدان، هاندانە بۆ ئەوەی فێر بیت و دوای فێربوون ئینجا گرنگیدانیش بە لایەنی کوالیتی کردەکە. لەهەمووشی گرنگتر، دروشمەکە ئەرێنییە، هاندانە، هاندانی کرێکارەکان یان فەرمانبەرەکانە بۆ کردەی “کردن”، بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی نێگەتیڤ بدات بەدەستەوە. واتە، هیچ ئاماژەیەکی نەرێنی لە “تەنها بیکە”دا نییە، بێجگە لە ئاماژەیەکی ئەرێنی و پۆزەتیڤ.

هۆڵەندییەکان دروشمێکییان هەیە و دەڵێن ئێمە کار لە شتێکەوە دروست دەکەین (we make work of it)، بەو مانایەی هیچ پاساوێک نییە بۆ وەستان و کۆڵدان، بۆ ئەوەی لە هیچەوە کارێک بهێندرێتە بوون، یاخود وا لە شتێک بکرێت بگۆڕدرێت بۆ کار. بۆیە لەڕوانگەی تیۆری کۆمەڵایەتی-کولتوورییەوە، دروشمەکان ڕەنگدانەوە و پێکهێنەری بەهاکانی گرووپەکەن یان کۆمەڵگەن. دروشمەکان دەتوانن کۆمەڵگە یەکبخەن، لەڕێگای دروستکردنی ناسنامەیەکی هاوبەش یاخود هەستکردن بە ئامانجێکی هاوبەش. دروشمە نیشتیمانییەکانی وەکوو لەناو زۆرانەوە یەک (out of many, one) لە وڵاتە یەکگرتووەکان کار لەسەر پەروەردەکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکات، کە یەکێتیی نیشتیمانیی و یەکگرتوویی کولتووریی بەهێز دەکەن.

یەکێک لەو دروشمانەی هەڵبژاردن، کە زۆر زاڵ و نەرێنی بوو، دروشمی “دەیڕوخێنین” بوو. ڕووخاندن ڕێک پێچەوانەی بیناکردنە. ئاماژەیەکی نێگەتیڤە بۆ توانای تێکدان، نەک توانای بیناکردن، بەچاوپۆشین لەوەی پێشتر چی ڕووی داوە. ئەوانەی کە هەواداری بیناکردنن، هەرگیز وشەی تێکدان بەکار ناهێنن. جگە لەوەش پێدەچێت ئەو حیزبەی کە وەها دەستەواژەیەک دەکاتە دروشمی سەرەکی هەڵبژاردن، لە دوو حاڵەت بەدەر نییە، یان ئەوەتا بێ ڕاوێژ و گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵکانێک کە لەو بوارانەدا شارەزان، دایان هێناوە، یان ئەوەتا ڕەنگدانەوەی ناخێکی ئاڵۆز و بێ توانایە. هەموو ئەکتەرێکی سیاسی خوێندەوار بێت یان نا، دەتوانێت وێرانکاری دروست بکات، بەڵام هەموویان ناتوانن ئاوەدانی وەدیبێنن. هەڵبەت کردەی ڕووخاندن کلک و ڕیشەکانی تێکەڵن بە ڕەهەندی بەدکاری کە دیوی دووەمی بەدمۆڕاڵییە، بەتایبەتیش کاتێک ئەو دروشمە پەیوەندی بە دیوەکانی دیکەی خودی هاونیشتیمانییانەوە هەیە. ململانێی سیاسیی لەسەر دەستەڵاتی نیشتیمان، ناچێتە قالبی دوژمنداری. ئەوپەڕی ناحەزی یەک بن وەکوو نەیار یەکتر دەبینن تا ئەو ئاستەی بەرژەوەندی و سنوورەکانی سەروەریی نیشتیمانیی دەست پێ دەکەن.

ئەگەر لە دروشمەکانی دیکەش وردبینەوە، وەکوو “ڕایاندەگرین”، “درۆ دەکەن” و “ئیتر بەسە”، هەموویان ڕەهەندی نەرێنییان هەن. ڕەهەندی نەرێنی بەو مانایەی هیچ کردەیەک نابینم کە لە خودی ئەو کاراکتەرە سیاسییانەوە دەست پێ بکات، دروشمێک دەربڕی بێت لە دەربڕینێک بۆ کردن. بۆ نموونە ئەگەر بگوترابا “بینای دەکەین”، یان “بینای دەکەینەوە”، ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە نەیارەکەت ڕووخاندوویەتی و تۆ دێیت بینای دەکەیتەوە. لە جیاتی “ڕایاندەگرین”، کە دروشمێکی بێ گیانە و تەعبیرە لە هەژاریی فیکری ئەکتەرە سیاسییەکە، لەجیاتی ئەوە ئەگەر بگوترابا “ناوەستین” یان “بەردەوام دەبین”، ئاماژەیە بۆ چوونە پێشەوە، ئاماژەیەکی ئەرێنیی و هاندانە بۆ کردەیەکی بەردەوام و نەپساوە. بەڵام ڕاگرتن، هیچی بەدوادا نایەت. ئەوە توانییان نەیارەکەیان ڕابگرن، دوای ڕاگرتن چی دێت؟ هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ بەردەوامبوون.

بەهەمان شێوە “درۆ دەکەن”، درۆ لەخودی خۆیدا تۆمەتبارکردنێکی بێ ناوەڕۆکە. لەجیاتی “درۆ دەکەن” دەبوایە جەخت لەسەر ڕاستگۆیی خۆیان بکەنەوە. ئاخر کە یەکێک نەیارەکەی تۆمەتبار دەکات، کاردانەوەی بەدوادا دێت و بچووکترین کاردانەوەش باوەڕنەکردنە. ئینجا ئەگەر ئەو نەیارە درۆ بکات، ئەی مەرج چییە کە ئەو ڕاست بکات، هیچ مەرجێک و بنەمایەک نییە بۆ ڕاستگۆیی ئەویش.  وەک ئەوانی دیکە، “ئیتر بەسە”، ئاماژەیەکی پاسیڤە بۆ ماندووبوون لە نەیار، بەڵام پیشانی هاونیشتیمانییان نادەن داخۆ تۆ چیت لەبار دایە بۆ ئەوەی “نەیاری زێدەڕۆ” لە سنووری خۆی ڕابگیرێت؟ هیچ.

بۆیە، ئەگەر وردبینەوە لە تەواوی دروشمەکان، هەموویان کردەیەکن پەیوەندییان بە نەیارەوە هەیە، پەیوەندییان بە ئەوی دیکەوە هەیە. هەموویان خەریکی ئەوی دیکە بوون، بێ ئەوەی پێمان بڵێن بۆ خۆیان چییان لەبار دایە؟ لە داهاتوودا چ پڕۆژەیەکی نیشتیمانییان لەبەردەست دایە و دەیانەوێت بە ئامانجی بگەیەنن؟ بەش بەحاڵی خۆم هیچم نەبینی، بێجگە لە هاش و هوش. بۆیە، ئەو ئەکتەرە سیاسییانە بۆخۆیان هەمیشە بە پاسیڤی و بێکردەیی دەمێننەوە. ئەوەی تۆزەک لە دروستکردنی گوتار و بەرژەوەندی نیشتیمانیی تێبگات، هەژاری و بێ پڕۆژەیی و بێ دنیابینی ئەو ئەکتەرە سیاسییانەی بۆ دەردەکەوێت. بۆمان دەردەکەوێت کە هیچێک لەو ئەکتەرە سیاسییانە نازانن هەرێم بەرەو کوێ ببەن؟ چۆن لە قەیرانەکانییەوە دەری بێنن. ئەوەچش لەوەی کە لە پشت ئەو دروشمانەوە یەک بۆشایی بێزارکەر خۆی مەڵاس داوە، خەڵکی هۆشیار چاوەڕوانی کرداری ئەکتیڤ دەکات، کردار گەلێک ڕەنگدانەوەی بەرنامە و دنیابینی و ستراتیجییەتێکی نیشتیمانیی بێت.

پێمان خۆش بێت یان نا، دروشمی “ئارامی، ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری”، یەکێک بوو لە دروشمە هەرە جوان و ئارامکەرەوەکان. ئەوەی ئەو دروشمەی هەڵبژاردووە، زۆر بەوردی لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسییەکان تێگەیشتووە. دروشمێکە گەڕانەوەیە بۆ خود. سووربوونە لەسەر ڕاڕەوێک کە دەیەوێت پەرەی پێبدات. کردن و نواندنە بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ، بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات داخۆ لەسەر ڕێگا چ جۆرە کۆسپ و تەگەرەیەک چاوەڕوانیان دەکات. جگە لەوەی کە هەموو دۆخێکی پۆزەتیڤ پێویستی بە ئارامییە، چونکە ئاوەدانی بەبێ ئارامی سەر ناگرێت، ئینجا پێکەوەیی دەستەواژەیەکی زۆر ئەرێنیی و مژدەبەخشە، تەعبیر لە ئاوێزانبوون و جیاوازی و فرەیی دەکات، دواییش وەها دۆخێکی ئارام و ئاوەدان و پێکەوەبوون، پێویستیی بە خۆڕاگرییە. ئەگەر یەکێک بڵێت ئەوە تەنها دروشمێکە و لەلای خاوەنی ئەو دروشمەوە پێچەوانەکەی ڕاستە، ئەوەش لەخۆیدا جارێکی دیکە بەڵگەیە لەسەر پاسیڤبوون. هەر خودی جەختکردنەوەی هەر کەسێک یان لایەنێک لەسەر گفت و کردەکانی بەرامبەر، بێ ئەوەی بۆ خۆی بزانێت چی دەوێت و بەرەو کوێ دەڕوات، ونبوونە لە کاردانەوە و ئەکتەرێکی ماوە بەسەر چوو. مانەوەی تەنها پرسی کاتە. لەبەرانبەردا، کەس ڕێگای لە هیچ ئەکتەرێکی سیاسی نەگرتبوو دروشمێکی ئەرێنی و مژدەبەخش بەرز بکاتەوە. دروشمێک متمانە بە بەخۆبوون و بە نیشتیمان و ئاییندە بەهێز بکات و بیژیێنێتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە دروشمەکانی هەڵبژاردن، بەگشتی بێ دیدگا و دنیابینیی نیشتیمانیی بوون. دروشمگەلێک بوون لە کۆسپی کاردانەوەدا گیریان خواردبوو و نەیانتوانی بستێک وەپێش نەیارەکانییان بکەونەوە. ئەوە چش لەوەی ئەوەی لەناو حیساباتی ئەو هێزانەدا بزر و ون بوو، سەروەری نیشتیمانی و شکۆی تاکی کوردستانی بوو. ئەوەی بیستمان تەنها “دیاردەی دەنگ” بوو، وەک ئەوەی عەبدوڵا قوسەیمی دەڵێت “عەرەب دیاردەیەکی دەنگین”، لەو هەڵبژاردنەشدا بینیمان کە ئەکتەرە سیاسییەکانی کورد بێجگە لە دیاردەیەکی دەنگی. شتێکی دیکە نەبوون.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO