سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کێشانەوەی وێنەی ڕۆشنبیر

هەر شارستانییەتێک بەپێی ڕەوشی هزریی و فەرهەنگیی خۆی وێنەیەکی بۆ ڕۆشنبیر هەیە. ناڵێم پێناسە چونکە پێناسەکردن واتە لە قالبدان، سنووردارکردن. کام چەمک بە پێناسەیەکی چەند وشەیی هەقی تەواوی پێ دراوە؟

وێنەی ڕۆشنبیر لە ڕۆژئاوا جیایە لە ڕۆژهەڵات، لە شارستانییەتی ژاپۆنی جیایە لەوەی یۆنانییەکان، هتد. دەتوانین بڵێین لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی تر، وێنەکە جیایە، بێ شک، هەندێ خاڵی لێکچوونیشیان هەیە.

وێنەی ڕۆشنبیر لای ئێمە، بەهۆی لاساییکردنەوەی ڕۆشنبیری ڕۆژئاواوە هاتووە، ئەویش بە سەقەتی. لەبەر هەندێ، وێنەی ڕۆشنبیر لێرە، وێنەیەکی شێواو و کرێتە. وێنە و تێگەیشتنمان بۆ ڕەوشت و ناسین و ئەرکی ڕۆشنبیر هەڵەیە لە کوردستان. ڕاست نەکرێتەوە، ڕۆشنبیرانی داهاتوو لە هەندێ ڕۆشنبیرانی هەنووکە بێ کەڵکتر دەبن. ڕاستکردنەوەی ئەو وێنە و تێگەیشتنە هێندەی هەنگاونان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی گرنگە، چونکە هەندێک لە ڕۆشنبیرانی ئێستا یەکێکن لە ڤایرۆسە کوشندەکان و هۆیەلی دواکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی. دەوڵەتی کوردی، قەت بەو بە-ناو-ڕۆشنبیرانە دروست نابێت، دروستیش بێت، هەندێک لەو بە-ناو-ڕۆشنبیرانەی ئێستا تێکی دەدەن، وەک چۆن کۆمەڵگەی کوردیان وێران کردووە، گەنجیان بە لاڕێدا بردووە، ئافرەتیان فریو داوە، کار و کردەوە و ئەخلاقی خەڵکیان تێک داوە.

بۆچی تا ئێستا کورد نەبووەتە دەوڵەت؟ هۆیەل زۆرن. دەرەکی و ناوەکی. ئاماژە بە سێ هۆی ناوەکی دەکەم، کە لە هۆیەلی دیکە لە پێشترن.

یەکەم: حیزب.

دووەم: ڕۆشنبیر.

سێیەم: خەڵك.

لێرەدا باسی حیزبەکان ناکەم، ئاشکرایە ئەوان سەرەخۆرەن نەک دروستکەر. باسی خەڵکیش ناکەم، ئاشکرایە ئەو خەڵکە هەر قابیلی ئەو حیزبانەن. ناهۆشیاریی خەڵکە ئیدامە بەو حیزبانەی کوردستان دەدەن. باسی ئەو بە-ناو-ڕۆشنبیرانە دەکەم، کە وشەی ( بیرکۆر) پڕ بە پێستیتیانە، وشەی (ڕۆشنبیر)یان لێ خەسارە.

ئەرێ وێنەی ڕۆشنبیر لای تاکی کورد چۆنە؟ بە پێی سیفەت و ئەرکی بیرکۆران، وێنەکە ئەوهایە:

  • جگەرەکێش و مەشروبخۆر. تاک ئازادە هەر چی بکێشێت و بخواتەوە، بەڵام کاتێ دێ شانازی پێوە دەکات و دەیکاتە پێوەر بۆ مۆدێرنەتە و ڕۆشنبیری، ئەوانە بە دواکەوتوو و ناڕۆشنبیر دەزانێت کە ناخۆنەوە و ناکێشن، ئەو دەمە لە بازنەی ئازادی دەردەچێت و دەچێتە بازنەی ناحاڵیبوون (جەهل).
  • داوێنپیس: دیسان، تاک لە ژیانی تایبەتی خۆیدا ئازادە، خۆی و خوای خۆی (کەسیش ناچێتە قەبری کەس). با هەر شەوەی لەگەڵ سێکسفرۆشێکدا بێت، ئەوە پێوەندی بە کەسەوە نییە، بە خودی خۆیەوە هەیە، بەڵام ئەو دەمە دەبێتە داوێنپیسی، کە شانازی پێ دەکات و دەچێ لای ئەم و ئەو وەک پاڵەوانێک خۆی دەر دەخات و باسی دەکات.
  • درۆزن، فێڵزان، گەندەڵ، مشەخۆر، حیزبی.
  • دژە ئیسلام: پێیان وایە لە دین تێگەییون، پێیان وایە خوا هەڵەیە و ئەوان ڕاستن، هیچ مولحیدێکی ڕۆشنبیر چەشنی بیرکۆرانی مە بەو شێوازە سەقەتە قسە لەسەر ئایین ناکەن. دیسان، تاک ئازادە لەسەر هەر دینێک بێت، یان دینی هەر نەبێت، بەڵام لای بیرکۆرانی مە، بوویتە پێوەر، ئەگەر جوێن بە خوا نەدەی و گاڵتە بە پێغەمبەر نەکەی و قسە بە قورئان نەڵێی، ئەوا تۆ ڕۆشنبیر نیت، دواکەوتووی.
  • وتەی بیرمەندانی بیانی لەبەر بێ و ڕیزیان بکات (فێرە “قال و قیل” بێت). خۆی پێ کەمە، بۆیە بنۆڕێ خاوەنی هیچ تیۆرێک و فەلسەفەیەک و دیدگەیەکی خۆمان نیین، تومەز بە لەبەرکردنی قسەی بیرمەندانی خۆرئاوا فێرە، خاوەنی ڕای خۆی نییە، پێناسە و بۆچوونی خۆی بۆ هیچ شتێک نییە، بۆیە کاتێ قسە دەکات، سەری سێیەم ڕستەی، پەنا دەباتە بەر وتەی ناوداران، فڵان وا دەڵێ، فیسار وای گوت.
  • زۆری دەڵێ و هیچ ناڵێ (بنۆڕنە وتارەکانیان).  
  • نەقلکردنی فیکری خۆرئاوا بە سەقەتی: گۆیا لە مەجالی فیکردا ئیش دەکەن، کەچی فیکری خۆیان و هیی گەنجی کوردستانیان سەقەت کرد. بۆیە بە گەنجانی کوردستان دەڵێم لەسەر بنچینەی ئەو کتێبە بە-ناو-فیکرییانەی ئەوان، تخوونی فیکر و فەلسەفە نەکەون چونکە بە سەقەتی وەریدەگرن و هیچ فێر نابن. سەرتان لێ دەشێوێت و کات و کۆششتان بە فیڕۆ دەچێت. ئەگەر هەر دەتەوێ لە بواری فەلسەفە و فیکردا کار بکەی، بڕۆ لە زمانی یەکەمەوە، سەرچاوەکان بخوێنەوە، کۆبەرهەمی بیرمەندەکان لە زمانی یەکەمەوە بخوێنەوە.  
  • زۆرزان لە دزی ئەدەبی، لە قسە فڕێدان، وەستا لە قسەی زل و باقوبریق.  
  • تەڵاق، ئەو ڤایرۆسانە پێیان وایە دەگەنە لووتکەی مۆدێرنەتە کاتێ هاوسەریان تەڵاق دەدەن. ئەرێ بۆ ڕێژەی تەڵاق دایمە لە هەڵکشاندایە؟ یەکێ لە هۆیەکان ئەو بیرکۆرانەن، بە داخەوە کاریگەرییان هەیە لەسەر گەنجان، خۆیان زۆر پێ موهیمە کاتێ هاوسەریان تەڵاق دەدەن. هەر کەسێک شانازی بە تەڵاقەوە کرد و پۆزی پێ لێ دا، نیشانەیە هیچی لەباردا نییە. با ئەوەیش بڵێم: تەڵاق نیعمەتە، کاتێ دوو هاوسەر تێک ناگەن و ناگونجێن لەگەڵ یەکتر، باشترین ڕێ، تەڵاقە، بەڵام بیرکۆرانی مە بە نەزمێکی تر تەڵاقیان کردووەتە مۆدیل.  
  • کۆڕتێکدەر: ئەو ڤایرۆسانە کاتێ ئامادەی کۆڕێک دەبن، نازانن پرسیار بکەن، نازانن بۆچوونیان لە کورتی ببڕنەوە، هەڵدەستنەوە قسە دەکەن تەنیا لە پێناو قسەکردن، هیچیان پێ نییە، دەست دەکەن بە قسەی قۆڕ و خۆدەرخستن، زۆربەی جار دوور دەکەونەوە لە بابەتی کۆڕەکە.
  • کتێب بە بەلاش دەداتە خەڵکی. تومەز بە پارەی حیزب چاپی دەکات، کۆڕێکی ئیفلیجی بۆ دەکات و بە دیاری کتێبەکانی دەبەخشێتەوە، لە ئەنجامی ئەوەش، کتێب بەخشینەوە بووە بە کلتوورێکی قێزەوەن. لەوەش گەڕێ، ئەو ڤایرۆسانە کتێب ناکڕن، ئێ هەر فێری بەلاش بووینە، چاوەڕێ دەکەن تۆ بە دیاری کتێبەکەتیان پێ بدەیت، ئەوجە هەر ناشیخوێننەوە.
  • پاشقولگر، پەنجەشکێن و ملشکێن. بیرکۆرانی مە هەتا پێیان بکرێت یەکتری دەشکێننەوە، چاویان بە کەس هەڵنایەت. یەکێک هەڵبکەوێت و پڕۆژەیەکی جدی پێ بێت، دژی دەوەستنەوە.  
  • دووڕوو، کە دەتبینێت پێتدا هەڵدەڵێت، پاشملە زەمت دەکات. کە دەتبینێت پێت دەڵێ، کتێبەکەت شاکارە، کەچی نەیخوێندۆتەوە و لە شوێنی تریش دەڵێ کتێبەکەی هیچ نییە.
  • وەهم، بیرکۆرانی مە تووشی وەهمێک بووینە، پێیان وایە لە هەموو شتێک لەخۆ بووینەوە، پێیان وایە زۆر گرنگن. هەر ئەو وەهمەیە وای لێ دەکات خۆی لێ ببێتە شت.
  • بیرتەسک، نەمدیتییە لە بیرکۆرانی مە بیرتەسکتر، قینچکەتەنگتر و مێشک بۆگەنتر، هەر بەڕاستی حەیفە ئەوانە بە چینی ڕۆشنبیران دابنرێن. کێهەیان خۆی پێ زۆر ڕۆشنبیرە، وەرە ئازا بە یەک ڕەخنەی لێ بگرە، بزانە کاردانەوەی چی دەبێت. ئەو ڤایرۆسانە، بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە قبووڵ ناکەن، کە دەویشیان لێک دەکەنەوە، دەڵێن، “بە ڕەخنە پێش دەکەوین.” هەر لەبەر ئەو بیر تەسکییەیە، دنیابینیشیان تەسک و تاریکە. نەدی و بدینە،  بۆیە شاگەشگە دەبن کاتێ خەڵاتێکی بێ بەها وەردەگرن، یان کاتێ حیزبێک خەڵاتیان دەکات.
  • خۆنەناس، بیرکۆرانی مە خۆیان ناناسن، نازانن چییان دەوێت، نازانن چی دەنووسن و چی دەڵێن، هەوڵیش نادەن بۆ خۆناسین. کەسەرەکە ئەوەیە درک بەوە ناکەن کە خۆیان ناناسن، درک بەوە ناکەن کە ڕۆشنبیر نین، درک بەوە ناکەن، وێنەیان چەندە قێزەوەنە. وا دەزانن خۆیان باش دەناسن، وا دەزانن زۆر کراوە و مۆدێرن و بلیمەتن.
  • بڕیاری تێنەگەیین، بیرکۆرەکان بڕیاریان داوە لە هیچ شتێک تێنەگەن، هەرچی بڵێی، ئەوان بە هەڵە لێکی دەدەنەوە، یانیش تەواوی بابەتەکە وەلا دەنێن و پێداگری لەسەر ڕای خۆیان دەکەن.
  • بیرکۆرانی مە لەسەر بناخەی ئەم پێناسە ناڕاستەی ڕۆشنبیر (لە هەموو شتێک کەم شتێک بزانە)، خۆیان لە قەرەی هەموو شتێک دەدەن، بێ ئەوەی شارەزاییان لێی هەبێت، لە هەموو قاپێک کەوچکن (نموونەیەک: لە یەکێتی نووسەران، کۆڕێکم کرد لەسەر ڕەخنە، ئەوانەی لە ژیانی خۆیاندا وتارێکیان نییە لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی و هیچ نازانن لەسەر تیۆرە ڕەخنەییەکان، هەستابوونەوە بە پێخواسی بەناو کەوتبوون).

ڕەنگە تۆی خوێنەر، سیفەتی ترت دیبێت لەو ڤایرۆسانە، دەتوانی لە کۆمێنت بیاننووسی بۆ زێتر ناسینیان.

لە زەینی تاکی کورد، لای بیرکۆری بە-ناو-مۆدێرن، ئەمانەی سەرەوە پێناسەی ڕۆشنبیرە، هەڵەیە. وێنەی ڕۆشنبیر ئەمانەی خوارەوەن، تۆی خوێنەریش دەتوانی بەژدار بیت، تکایە لە کۆمێنت بابەتەکە دەوڵەمەندتر بکە.

ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە:

  • گوێ دەگرێت. گوێگرتن گرنگترە لە قسەکردن، قورستریشە. قسەکردن ئاسانە، زۆرجار هەرزانیشە، بەڵام گوێگرتن مرۆڤی ڕۆشنبیری دەوێت. بیرکۆرەکان تەنیا گوێیان لە خۆیانە، گوێ لە کەسی تر ناگرن، تۆ هەر چی بڵێی، گرنگ نییە بە لایانەوە، هەموو شتێکیش دەکەن بۆ سەلماندنی بیرە چەوتەکانیان. 
  • هزر و بیرکردنەوەی ئازاد بێت. بیرکۆر دایمە خۆی هەڵدەواسێت بە بیرمەندێکی بیانی، ئازاد نییە لە بیرکردنەوە، ناتوانێت لە دەرەوەی چوارچێوەکە بیر بکاتەوە. ئەوەیش یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتن.
  • هەوڵ دەدات تێ بگات لە خۆی و دەوروبەری: بۆ تێگەیین لە شتەکان، هەتا لە بابەتە ئەبستراکتەکانیش، قووڵ دەخوێنێتەوە، هەست ڕا دەگرێت و سەرنج دەدات، بیر دەکاتەوە، لە شتەکان ڕادەمێنێت. بیرکۆر پەتای تێنەگیشتنی هەیە لە خۆی و دەوروبەری. 
  • ڕەخنە قبووڵ دەکات. مۆڕەت لێ ناکات و لێت تووڕە نابێت، بگرە سوپاست دەکات کاتێ ڕەخنەی لێ دەگریت. هیچ ڕەخنەیەک بە شەخسی وەرناگرێت و لە دڵی ناگرێت، دێ لێیانەوە فێر دەبێت، بەهۆیانەوە، بە خۆیدا دەچێتەوە.
  • خۆی دەناسێت، دەزانێت بای چەندییە، ئاستی لە کوێیە، کەموکوڕییەکانی چین. هەر کاتێک بۆی دەردەکەوێت کە هیچ نازانێت، هاوار دەکات و دەڵێت، “من هیچ نازانم.” لە کۆڕێک لە زانکۆی دهۆک، هاوارم کرد و گۆتم، “من گۆران سەباح، خراپترین مرۆڤم، هیچ نازانم.” زۆرێک لە ئامادەبووان تاسان.
  • نموونە بێت بۆ خەڵکی دەوروبەری. پێشەنگ بێت لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.
  • هەست بە بەرپرسیارێتی بکات.
  • هۆشیار بێت، نەکەوێتە ناو گێژاوی هیچوپووچی و ژێر کاریگەریی نەزانەکان.
  • هۆشیاریی خۆراک و تەندروستی و گەشت و ژینگە و وەرزشی هەیە.
  • سەلامەتە، لە ڕەفتار و نیاز و کردار و گفتی، لێی دڵنیای، هەست بە سەلامەتی دەکەی. پڕت ناداتێ (ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ). واتە، مرۆڤێکی دەستپاک و داوێنپاکە.
  • لەو شتانە دوورە کە زیانی بۆ سەر جەستە و دڵ و دەروون و مێشکی هەیە. بیرکۆر دەزانێت جگەرە و مەشروب خراپن، کەچی بە شانازییەوە دەیکێشێت و دەخواتەوە. کە پێیشی دەڵێی واز بێنە، دەڵێ، “هەر دەمرین دەمرین، جگەرەیەک نەکێشی و پێکێک هەڵنەدەی و هتد”، ئەوە لووتکەی ناحاڵیبوون و نەزانین و لاوازییە. مخابن ئەو جۆرە مرۆڤە ناوی بە ڕۆشنبیر و مۆدێرن ڕۆیشتووە لە کوردستان.
  • ئەوەی دەیزانێت، بۆ سوودی خۆی و دەوروبەری بەکاری دەهێنێت، واتە تاکێکی سوودبەخشە، هەم بۆ خۆی، هەم بۆ دەوروبەری.
  • لووت بەرز نییە، خاکەڕایە و تا پێی بکرێت خۆی بچووک دەکاتەوە. خۆ بچووککردنەوە ئەوپەڕی گەورەییە و خۆگەورەکردنیش ئەوپەڕی بچووکییە.
  • ڕاستگۆ و دژە گەندەڵییە. هەقبێژ و بوێرە. هەلپەرست نییە. مەرد و چاوتێر و نەبەزە.
  • چاوی هەڵدێ بە کەسانی دی و تا پێی بکرێت ڕێنوێنیان دەکات و دەستیان دەگرێت. هەوڵ دەدات، لانی کەم، دەستی هەبێت لە پێگەیاندنی ڕۆشنبیرێکی تر.
  • دنیابینییەکی فراوانی هەیە، تێڕوانینی بۆ هەموو شتێک فرە ڕەهەند و جوانە.
  • لامل نییە، هەڵە بێت، دەڵێ هەڵەم.
  • فەخر ناکات بە چێژوەرگرتنە تایبەتییەکانی ژیانی، پۆزیان پێ لێ نادات. بە کڕی، خەریکی چێژی ژیانی تایبەتی خۆیەتی و تەداخولی چێژی ژیانی تایبەتی کەسیش ناکات.
  • قسە و کرداری یەکە: بیرکۆر، بۆ نموونە، ئەوەی لەسەر ئازادیی ئافرەت دەیڵێت، پێێ ڕەوا نییە بۆ خوشک و هاوسەری، بەو بی هەموو ئافرەتانی کوردستان بە ڕووتی بێنە دەرێ، بەس لە ماڵێ کۆت و بەندی هەیە بۆ خوشک و هاوسەری. 

ماوەتەوە بڵێم، بیرمەندانی دنیا، کۆن و نوێ، باسیان لە چەمکی ڕۆشنبیر کردووە. زۆریش. لەبەر ئەوەی ئەم نووسینەم توێژینەوەیەکی ئەکادیمی نییە، بە پێویستم نەزانی بێم ئەو مێژووە لێرە باس بکەم. ئەوانەی لێرەدا باسم کردوون، وردبوونەوە و تێڕامان و تێگەیینی خۆمە، هیوادارم لە ئایندە ببێتە هەوێنی کتێبێک، چونکە هەر خاڵێکی، دەکرێ ببێتە بەشێک و بە درێژی لە کتێبێکدا چاپی بکەم. ئەوەیشی دەیەوێت بزانێت، پێشتر چی گوتراوە لەسەر چەمکەکە، با بچێت ئەمانە بخوێنێتەوە: ئەنتۆنیۆ گرامشی، بە درێژی باسی چەمکی ڕۆشنبیری کردووە و ناسراوە بە چەمکی “ڕۆشنبیری ئۆرگانیک Organic Intellectuals”. توێژینەوەکەی مارکس و ئێنجل (١٩٨٩)، توێژینەوەکەی ئۆنێیل و وێین (٢٠١٧)، ئێدوار سەعید و دەیانی تریش. لیستەکە درێژە. وەک ئەوانەی گۆیا لە مەجالی فیکردا کار دەکەن، ناکەم. ئەوان دێن قسە لەسەر ئەو چەمکە دەکەن بەپێی بیرمەندە بیانییەکان، بێ ئەوەی خۆیان هیچ بۆچوون و دیدێکیان هەبێت لەسەر چەمکەکە. ئاخۆ ناتوانم بێم یەک وتاری درێژ بنووسم لەسەر قسەکانی گرامشی؟ دەتوانم. زۆر باشیش دەتوانم، بەڵام من ئەوەم پێ هەڵەیە و نایکەم. لە یەک حاڵەتدا، من دەگەڕێمەوە سەر مێژووی ئەوەی کێ چی گوتووە لەسەر چەمکەکە، کاتێ توێژینەوەیەکی ئەکادیمی دەنووسم کە دەبێ لە بەشی کاری پێشینە (literature review)دا باسی بکەم. بەڵام لەم وتارەمدا، هەوڵم داوە، وێنەیەکی خۆماڵی بۆ ڕۆشنبیر بکێشم و وێنە چەوتە قێزەوەنەکە بسڕمەوە لە زەینی گەنجانی کورد-دا. دڵنیام، ئەو وێنەی کێشاومە، تەواو نییە، بە کۆمێنت و بەشداری ئێوە، وێنەکە باشتر دەبێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO