من لە ١٢ی تەموزی ١٩٦٣ لە زگی دایکم بووم کاتێک حەرەس قەومییەکان بەپشتیوانی سوپای عێراق دێن بۆ گوندەکەی ئێمە ‘گابەرەکە’، ماڵەکان دەسوتێنن و هەرچی پیاو و گەنجی تەمەن سەرووی ١٢ ساڵیشە دەگرن و ڕاپێچی حەپسخانەی موسەیب-یان دەکەن لە خوار بەغدا. ژن و منداڵەکانیش بە گوندەکان و شارەکانی کوردستان پەرش و بڵاو دەبنەوە. ماڵی ئێمە دواجار لە هەولێر دەگیرسێنەوە. ئیدی دوای پێنج مانگ لەم ڕووداوە لە هەولێر من لە دایک دەبم، خۆشبەختانە هەر ئەو ڕۆژەش بابم و خزم و کەسوکارەکانی دیکەشمان لە زیندان ئازاد دەکرێن.
ماڵی ئێمە بۆ زیاتر لە چوار ساڵ لە هەولێر دەمێننەوە. لە کۆتایی ١٩٦٧ دا، لەدوای یەکێک لە مفاوەزاتەکانی حکومەتی عێراقی لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستان ڕێگە بە ئێمە و خەڵکانی گوندە سوتاوەکانی دیکەی ناوچەی کەندێناوە دەدرێ و ئەوانیش دەگەڕێینەوە بۆ زێدی باوباپیرانیان.
کە گەڕاینەوە، ئەمن تەمەنم پێنج ساڵ نەدەبوو بەس باش ئەو ڕۆژەم بەبیردێت کە چووینەوە گابەرەکە.
یەکێک لەو شتانەی لەبیرم ناچێت ئەوە بوو کە ماڵمان لە لۆرییەکی مارسدیس بارکرابوو، لە ڕێگا پێش ئەوەی بگەینە گابەرەکە لە گوندی شەناغە لاماندا، لەوێ یەکێک لە پلکەکانم، پلە فاتم، لەگەڵمان هات بۆ گابەرەکە. ئەوەشم باش لەبیرە کاتێک پلکە فاتم گەیشتە حەوشەی ماڵەکەمان لە گابەرەکە دەستی بە گریان کرد. ئەوەشم لەبیرە کە چووینە ژوورەوە ماڵەکەمان بۆن ڕیخو زبڵی لێدەهات، لەوەدەچوو ئەو عەرەبانەی کە بۆ تەعریب لە گوندەکەمان جێگیر کرابوون لە ژوورەکانی دانیشتن لەگەڵ وڵاخ و مەڕ و ماڵات ژیانیان بەسەربردبێت!
بەهەرحاڵ، دوای گەڕانەوەی ماڵەکانی دیکە، بە ماوەیەک دۆعاکەی باپیرمان، “بابە سادق”، هاتەجێ و لە گابەرەکە مرد. بابە سادق ئەو چوار ساڵەی کە لە هەولێر بوو، گوایە هەموو ڕۆژێ دۆعای دەکرد دەیگۆت خوایە لە غەریبی نەمرم، خوایە بمان گێڕەوە بۆ زێدی خۆمان، گابەرەکە، با لەوێ بمرم.
دوای ئەوەی باپیرم مرد، مامێکم بەناوی، مام عەلی، سەرەڕای ئەوەی کە کوڕە گەورە نەبوو کەچی براکانی، لەپێش هەموویانەوە، باوکم، مام ئەمین، ئەویان وەک کوێخای گوندەکەمان لەجێی باپیرم دانا. ئەوکات، پێش مردنی باپیرم، بابم لە ماڵە گەورەکەی باپیرم لەگەڵ باپیرم و داپیرم، دایە حەمدیە، دەژیان، کەچی مام عەلی لەبەرئەوەی کاتی خۆی زوو ژنی هێنابوو لە ماڵ دەرچوو بوو و خانوێکی بۆ خۆی دروست کردبوو لە گوندی. بەگشتیش لە کوردەواری یان کوڕە گەورە یان کوڕە گچکە لە ماڵەوە لەگەڵ باب و دایکیان دەمێننەوە. کاتێک مام عەلی بوو بە کوێخا لەجێی کوێخا سادقی باپیرمان، لەوەدەچێت مامم لەگەڵ بابم پێکهاتبن کە مام عەلی وەک کوێخا بگەڕێتەوە بۆ ماڵە گەورە و بابیشم بچێتە خانووە کۆنەکەی ئەو. بەحاڵ بەبیرم دێ کە ماڵمان گواستەوە بۆ خانوەکەی مام عەلی.
خانوەکەی مام عەلی لە دوو ژووری بچووکو حەوشە و بانێکی گەورە پێکهاتبوو. بابم بڕیاریدا کە دوو ژووری گەورەی دیکە دروست بکات چونکە ئەو کات ئەو دوو کوڕ، محەمەد و من، لەگەڵ چوار کچ، سەبیحە و رابیحە و نەجیبە و حەسیبە، هەبوو، واتە خێزانێکی گەورە، دیارە دواتر لالۆ و لەیلا و هەژار و دلڤین-یش زیادیان کرد، هەر ماشەڵای دەوێ. مەڕ و ماڵاتیشمان هەبوو و چێرەکیشمان هەبوو کە دایکم، سۆری، پێیدەگوت چێرە زەرد کە هیچ زەرد نەبوو، ئێستاش نەمزانی لۆ پێیدەگۆت چێرە زەرد. هەموو شتێکم لە دروستکردنی خانووەکە بەبیرنایەت، بەڵام لەبیرمە کە سەربانەکەیان بە قەمیش ڕایەڵەدەکرد، ئەگەر هەڵەنەبم، بەبەن قەمیشەکانیان لەیەک دەبەست. باش باشم بەبیردێت بەهادین، کوڕی پلکم بەدیعە، یەکێک لەو کەسانە بوو کە لەسەر چینچکان دانیشتبوو و بە داوە بەنێکی سپی قەمیشەکانی لە یەک دەبەستن.
قەمیشەکان لەسەر چەندین کاریتە کە بە پانایی ژوورەکان، نیو مەتر نیو مەتر دوور لەیەک، ڕیزکرابوون، ڕاخرابوون. ئەوەشم باش بەبیردێت کە دوو پەڕەسێلکە دواتر لەسەر یەکێک لەو کاریتانە هێلانەیەکیان کردبوو. ئەوەشم چاک لەبیرە بابم و دایکم بەردەوام بەبیریان دەهێنایەنەوە کە نابێت هێلانە پەڕەسێلکەکە تێکبدەین چونکە گوناهێکی زۆر گەورەیە. موسڵمانانی ئەوکات، لانیکەم ئەوانەی من دەیانناسم، پێ لە مێروستان/مێرولە نان و تێکدانی هێلانەی پەڕەسێلکەیان پێ گوناهی گەورە بوو.
دێم دێم ئێستا دێمە سەر ئەسڵی مەوزوع، تۆ یەکەم کەس نیت کە پێم دەڵێیت درێژدادڕ، ئەوەی لە نزیکەوە بمناسێت ئەگەر لە ڕووش پێی نەگۆتبم درێژدادڕ ئەوە لە دڵدا گوتویەتی، ههههههه.
مەلا قادر، ئامۆزایەکی باپیرم و مێردی پلکم فاتم، کە وەستای خانووەکەمان بوو، نەک وەک بەنایەکی پیشەکار بەڵکو ئەو وەک خزمێکی شارەزا کە کەم ئیش هەبوو سەری لێدەرنەچێت و شارەزایی لێ نەبێت و نەیزانێت. ئەگەر زەینم تێکنەچووبێت بابم پێی گۆتبوو دەمەوێ وەستایەکی پەیدابکەم خانووەکەم بۆ دروست بکات. مەلا قادریش گۆتبووی وەستات لۆ چییە، ئەدی ئەمن چیم.
هەر چۆنێک بێت، وەک گوتم پڕۆسەی دروستکردنی خانووەکەم ڕۆژبەڕۆژ بەبیر نایەت بەس ئەوەی لەو سەربووردەیە لە هەموو شتێک باشترم لەبیر مابێت ئاخرین ڕۆژی دروستکردنی خانووە نوێکەمان بوو لە گابەرەکە. ڕێک وەک کورتە کلیپێکی ڤیدیۆی، نەک هەر وەک وێنەیەک، ئێستاش چاک چاکم لەبیرە مەلا قادر لە ڕۆژی ئەخیری کە دیوی ژوورەوەی خانووەکەمانی بە قوڕ سواق دەدا، دوای تەواوبوونی سواقدانەکە، چووە سەر تەنەکەیەک یان کورسییەک، دڵنیانیم، بەس باش دەزانم کە تۆزێک بەرز بوو شوێنەکەی، بە پەنجەی شادەی ورد ورد لەسەر دیوارە سواقدراوە تەڕەکە نوسی ٩ / ٩ / ١٩٦٩، کە دەکاتە ڕۆژی تەواوبوونی خانووەکەمان کە دواتر بوو بەو ماڵەی کە من تەمەنی منداڵیم تێیدا بەسەر برد. نەک یادگارییەکو دوو بەڵکو هەزاران بیرەوەریم لەناو ئەو دوو ژوورە و ئەو حەوشە و بانەدا هەیە. نەک هەر ئەو یادگاریانەم لەبیرە بەڵکو ماڵەکە و حەوشەکە و گوندەکەمان ئێستاشی لەگەڵدابێت، دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ، هەر ئەوانەن مەنزڵگا و مەوقیعی خەونەکانم.
باسی زۆر شت ناکەم بەڵام یەکێک لەو بیرەوەریانەی کە لەنێوان دیوارەکانی ئەو خانووە و ئەو حەوشەوبانەدا ڕوویداو قەت لەبیرم ناچێت ئەوەبوو ڕۆژێکیان باوکم لە دوبز، کە لەوێ لە شەریکەی نەوت ئیشی دەکرد کە دواتر فەسڵکرا لەسەر کوردبوونی، هاتەوە و تۆپێکی سێ درهەم بایی لۆ کڕیبووم. هەر کە بابم گەیشتە حەوشە تۆپەکەی لۆ من فڕێدا، منیش تۆپەکەم لە ئامێزگرتو چوومە ناوەڕاستی حەوشەکە لە نزیک دار قەرەمتۆزەکەی حەوشەکەمان شوتێکم لە تۆپەکە هەڵدا… تۆپەکە بە ئاسماندا چوو و کەوتەوە سەر زەوی بە تەپەتە بەرە و ئاودەستەکەمان ڕۆیشت کە هەر لە حەوشەکەمان بوو و دەرکەشی نەبوو بەڵکو هەر گوشێک بە دەروازەکەیدا شۆڕکرابۆوە، وەڵا تۆپەکە گوشەکەی پاڵناو کەوتە ناو ئەو بیرە کە شوێنی دانیشتنی سەر ئاودەستەکەی بە بیرەکە دەبەستەوە. دوور لە ڕووتان تۆپەکە لە …. نوقم بوو. منیش بە گریان و ترسەوە چوومەوە ژوورێ… بابم گۆتی ئەوە چییە کوڕم لۆ دەگرێی. گۆتم وەڵا تۆپەکە کەتە ناو بیری ئاودەستەکە… گۆتی ئێ هەی لە منت نەکەوی هەر گێ مەدێ سبەینێ یەکەکی دیکەت لۆ دەکڕم… وەڵا ڕۆژی دواتر بابم تۆپەکی دیکەی سێ درهەم بایی لۆ کڕیم. ئەوانەی لە حەفتاکان منداڵ بووبن دەزانن کە تۆپی سێ درهەم بایی چۆن بوو. تۆپێکی قەبارە مامناوەندی بوو کەمێک لە تۆپی بالە بچووکتر بوو و لە لاستیق (لاستیک) دروست کرابوو.
ئەو نۆی نۆیەی کە لەسەر دیوارەکە مەلا قادر نووسی، وەک زۆربەی یادەوەرییەکانی دیکە، وەک نەخشی سەر بەرد لە مێشکو خەیاڵگەو هەست و هۆش و نەستی مندا نووسراوە. لە ١٩٨٧ دا لە ڕۆژی لە دایکبوونی سەدام حوسێنی بەنەعلەتی لە ٢٨ ی نیسان خانووەکەی ئێمە لەگەڵ تەواوی خانووەکانی گوندەکەمان و هەرچی خانووبەرە و مەفقەس و دەواجنیش هەبوو لە گوندەکە بە تی ئێن تی تەقێنرایەوە و بە بلدۆزەر تەختکران، کەچی ٩ / ٩ / ١٩٦٩ لە دڵ و دەروونی مندا نەسڕیەوە و ناشیسڕێتەوە،
ئەوەش نۆی نۆکەی منە. ئەوە تەنیا چیرۆکی من نییە، چیرۆکی ھەموو تاکێکی گەلی کوردستانە. خوا دەزانێ ئەو کوردستانەی من نۆهەت ملیۆن نۆی نۆی دیکەی تێدایە. بەهیوام هەموو نۆی نۆکان دۆکیومێنت بکرێن و بپارێزرێن بۆ نەوەکانی دواڕۆژ.