سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کاریگەریی شۆرشی ئیسلامیی ئێران لەسەر میوزیکی فۆلکلۆری کوردیی

نووسینی: لۆرەین پرێڤۆست

وەرگێڕانی: هەڵکەوت پشدەری

لە زانستی میوزیکدا، ئەکادیمییەکان بۆ گەڕان بەدوای ئاکارەکانی میوزیکدا لە یەکتربڕی سیاسەت و دین لەگەڵ کلتووردا، دەڕوانن. ئەم یەکتربڕە چوارچێوەیەک دەداتە ئەو توێژەرەی لە میوزیکی دەسەڵات دەکۆڵێتەوە. لە ئێران-دا نەتەوە و زمان و کلتوور زۆرن، لەوێ کلتووری نەتەوەی باڵادەست ئەوانی دیکەی خستووەتە بن سێبەری خۆی. چونکە کورد ١٠٪ی دانیشتووانە، کلتوورەکەیان لە یەکەمینی ئەوانە بوو دوای شۆڕشی ١٩٧٩ کەوتە بەر کاریگەریی دەزگاکانی جمهوری ئیسلامی ئێران. سەرەڕای فرەکلتووریی و فرەنەتەوەیی لە ئێران-دا، بەڵام هەموویان پشت گوێ خراون.

لەم بابەتەدا مەبەستمە تێبگەم میوزیکی میللی کوردیی چییە و چۆن ئەو گۆڕانانە کاریان تێکردووە. لە دیدێکی واڵاتریشەوە، دەمەوێت بیردۆزێک گەنگەشە بکەم پێوەندی نێوان میوزیکی میللی و سیاسەت نیشان بدات، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی تێکۆشان لە پێناو ناسنامەی خۆیاندا دەکەن و چۆن ئەوە بۆ تیگەیشتنی گۆڕانکارییە کلتوورییەکان لە ململانێیەکاندا، بەکاربهێنین.

پەراوێزخستنی نەتەوەکانی ئێران لە میوزیکدا ڕەنگی داوەتەوە. میوزیکی ناوچەکان لە ژێر کاریگەریی زۆردان، وەکوو مەبەستی سەرەکیی هەبوونی ئەو جۆرە میوزیکە و کاریگەریی زمان و میوزیکی دەورووبەر لەسەری. ئەو پێوەندییە لە میوزیکی کوردی-دا لە نێوان میوزیکی ناوچەیی و زاراوەکانیدا لە هۆنراوە و نەزمەکانیاندا، دیارە. بۆ نموونە، زۆر کورد بە شێوەزاری گۆران دەدوێن، بە میوزیک و هەڵبەستەکانیان جێی خۆیان لە گۆرانی نەتەوەییاندا کردووەتەوە. بە شێوەیەکی گشتیی، میوزیک تەنیا ڕەنگدانەوەی کلتووری کەسێک نییە، بەڵکو کەسایەتی کەسەکەشی تێکەڵە، بۆیە لە یەکێک بۆ یەکێکی دیکە، جیایە. بەڵام هەر ئەوە نییە، چۆنییەتی پراکتیزەکردن و لێدانیش ناسنامەیە. بەو پێیە، میوزیک دەبێتە ئامرازێک بۆ چەقاندنی ناسنامە و ژەنیاران و گوێگرانیش ناسنامەی خۆیان دیاری دەکەن، نەوەک بە میوزیک ناسنامەیان بە گوێدا بدرێت. بۆیە ناسنامەی کلتووریی دەربڕین وهێڵی سوورە و پەنجەی بۆ نابرێت. بۆ میوزیکی کوردییش، ناسنامەی کوردایەتیی لە بیرەوەری ئەو خەڵکەدایە گوێی لەو میوزیکە بووە و ئەوەی میوزیکژەنان دوای ١٩٧٩ پێشکەشیان کردووە.

بە هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ عێراق-دا، ویستی خومەینی بۆ ناسنامەیەکی نیشتیمانیی گشتگیر چڕتر بووەوە. مەبەستی بوو بە یەک ناسنامە ڕووبەڕووی دوژمنەکەی ببێتەوە، گوێی نەدایە ئەوەی وڵاتەکەی فرەنەتەوە و فرەکلتوورە. میوزیکی ناوچەکان ئاستەنگی سیاسیی بەردەم حکوومەت بوون، پاڵپشتی هزرێکی دەکرد لەگەڵ بای ئەو حکوومەتەدا هەڵی نەدەکرد. برەودان بە کلتووری فارسی بە ڕاددەیەکی کەم نەبێت، نەیتوانی ئەوانی دیکە داپڵۆسێت. هەرچەندە میوزیکی میللەتان هەبوون، بەڵام نوێنەرایەتییان نەبوو، بۆیە بەهەڵە لە میوزیکیی ئێران گەیشتبووین، چونکە کەمە نەتەوەکان پەراوێز خرابوون و هەرگیز ناویان نەدەهات. بەوجۆرە گرژیی لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان هەڵکشا و هەندێک جار میوزیکی کوردی بە یاخیبوو دادەندرا. بێ ئاگابوون لەوەی میوزیکی میللی مەبەستێکی سیاسیی لە کڕۆکدا هەڵنەگرتووە.

لە سەردەمی خومەینی میوزیک قەدەغەکرابوو. گوایە نەزم و ئاوازەکانی هۆکاری دوورکەوتنەوەن لە خواپەرستیی. بەڵام میوزیکی میللی بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو پشت بە هەڵبەست دەبەستێت تا چیرۆکێک بگێڕێتەوە. دوای ١٩٧٩ میوزیکی میللی ناوچە بچووکەکان لە ژێر کاریگەرییەکی چالاکی شۆڕشدا نەبوو، بەڵام نوێنەرایەتییان نەما. بە پاڵپشتی خومەینی ناسنامەی شیعە و فارس مەترسییان خستە سەر میوزیکی میللی کوردی بەوەی چاویان تەنیا بەشی میوزیکی ئایینی دەدیت. میوزیکی میللی میوزیکی ناوچەکانە، پێچەوانەی میوزیکی کلاسیک، پشتی بە ئاوازی بایی ئەستوورە و لە بن دەسەڵاتی دەزگاکاندا نییە. میوزیکی کوردستان لە ئێران-یش میوزیکی میللییە و هەڵبەستی کۆنی کوردی و توخمی میوزیکی ئێرانی (مەبەستی ناو سنووری وڵاتی ئێران-ە) کلاسیک بەکاردەهێنێێت، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە کلتوورەکەی خۆی بکات، هەوڵی خۆ نوێکردنەوە نادات. بەڵام دەستەواژەی میوزیکی میللی/کلتووریی دەستەواژەیەکی فراوانە، بۆ ئەوەی بە تەواوی بزانین چۆن بە هەبوون و نوێنەرایەتیی ناسنامەی کوردیەوە بەندە، دەبێت ئەو دەستەواژەیە بەرتەسکتر بکەینەوە.

بەڕای شارەزایەکی میوزیکی کوردی، کە لە دەرەوەی ئێران دەژی، میوزیکی میللی کورد دوو ئاستە. یەکەمیان ئاوازێکی سادەی سووکە (وەک، بەندبێژیی) و لە ئاهەنگ و کۆبوونەوەکاندا هەیە، دڵخۆشکەرن و بۆ شادیی و سەماکردن دەگووترێن. زۆر جۆر نەزم و ئاوازی هەیە و مەقامیشی لەگەڵدا دێت کە ڕووبەرێکی فراوانی خۆبێژیی (ارتجال) فەراهەم دەکات. دووەمیشیان شێلگیر (جددی) و سنووربەزێنە، پسپۆران دەیژەنن. لەبەر خەباتی درێژخایەنی کورد بۆ سەربەخۆیی، بەشێکی زۆری گۆرانییەکانیان سەبارەت بە جەنگ، داستانەکان و شۆڕشن. تێڕوانینی توێژەران، بە تایبەتی ڕۆژئاواییەکان، لە میوزیکی میللی کوردی لەوەی خەڵک جیایە. بۆ نموونە، توێژەری فەرەنسایی جین دیورینگ، دەڵێت میوزیکی دەروێشانی کوردستان لە ئێران، زۆر لە میوزیکی میللی کوردی ناوچەکە، نزیکە. پێم سەیر بوو دیورینگ ئەو دووانەی تێکەڵ کردووە.

لەبەر پێگەی میوزیکی میللی و بایەخی دەروێش لە ناو کۆمەڵگە بە باوەڕەکاندا، هەمان شارەزا پێوەندی نێوان میوزیکی دەروێشان و میوزیکی شێلگیری بۆ ڕوونکردینەوە بەوەی جۆرە پێوەندییەک هەیە. میوزیکی دەروێشەکان ڕەگی قووڵی هەیە و نەوە بۆ نەوە هاتووە. لێرەدا هەڵە لە تێگەیشتنی ئەو بابەتەدا ئاشکرا دیارە. سەرچاوەی ئەو جۆرە هەڵانە تێنەگەیشتنە لە کلتووری کوردستان. بەشێکی دیکەی ئەو هەڵەیە ئەوەیە توێژەران بێ لەبەرچاوگرتنی خەڵکەکەی و واتای ژەنینی میوزیکەکان، بایەخ بە ڕواڵەتی میوزیکەکەیان دەدەن. دەکرێت کارگەرییان لەسەر یەکتری هەبێت، بەڵام دوو جۆری جیاوازی میوزیکی میللی کوردن. لە لایەکی دیکەدا، لەبەرئەوەی دەسەڵات لە ئێران ئایینییە، گریمانەی ئەوە دێتە ئارا کە هەموو خەڵکی ئێران بە باوەڕ و ئیماندارن و هەموو میوزیکی ناو ئێران بە میوزیکی ئایینی دەبیندرێت. ئەوە وایکردووە میوزیکی دەروێش بە میوزیکی میللی بژمێردرێت.

هەرچەندە کوردەکانی ناو سنووری ئێران بە ئێرانی دەژمێردرێن، بەڵام بە ناسنامە کوردییەکەیانەوە تەماشا دەکرێن. بەهەمان شێوە، هەرچەندە توخمەکانی میوزیکی کوردیی لەوانەی میوزیکی ئێرانیی جیاناکرێنەوە، بەڵام لە چاو میوزیکی ئێرانیی-دا، هەر بە ناسنامە کوردییەکەیەوە دەبیندرێ. باری میوزیکی میللی لە ئێرانی دوای ١٩٧٩ ئایدیۆلۆجیای دەسەڵات نیشان دەدات، ئەو میوزیکەی خەڵکی ئاسایی کەمینەکان دەیژەنن زۆرمان سەبارەت بە ماف و هەڵوێستی دەسەڵات پێدەڵێن. ئاستەنگەکانی کەمیینەکان لە ناو ململانێکان لەگەڵ باڵادەست تووشی دێت لە دینامیکی میوزیکی نێوان خەڵک و نەتەوەی باڵادەست، گرێ دراوە. ئەو هەوڵانەش نیشان دەدات کە باڵادەست بەجێیان دەگەیەنێت تا یەک ناسنامەی میوزیکی میللی بسەپێنێت. دیدی بیردۆزەیی/تیۆریی بۆ میوزیکی میللی و ناسنامە نیشانی دەدات ئەو باسە چەندە قورسە. لە هەمان کاتدا، نمایشکردنی ئەوەی یەک کلتووری میوزیک لە ئێرانی ئەو کاتدا هەیە، تێمان دەگەیەنێت چۆن لە پێناو نیشاندانی کلتووری فارس، چاو لە کلتووری کوردەکان پۆشرابوو.

بۆ دەستگەیشتن بە بەرهەمی میوزیکی نوێ، ناتەباییەک هەیە لە نێوان کلتووری یەکگرتووی حکوومەت پاڵپشتیی لێدەکات (بیانییەکان ئەوە دەبینن) لەگەڵ ئەو کلتوورەی خەڵکی ئاسایی لە دوای ڕوودانی شۆڕش ژیاون. هەبوونی بازاڕی ڕەشی میوزیکی کوردی دوای ١٩٧٩ حەزی خەڵک بۆ میوزیکەکەیان دەردەخات. بەڵام حکوومەت بۆ بەرژەوەندی خۆی و بۆ گووتنەوەی گۆرانی شۆڕشگێڕانەیان جار هەبووە ئاهەنگی میوزیکی دەگێڕا. دەسەڵاتی شۆڕش زۆربەی گۆرانیبێژانی بەر لە شۆڕشی هەراسان کرد و زۆربەیان هەڵاتن، لەو چۆڵاییەدا ڕێ خۆش بوو بۆ دەرکەوتنی میوزیکژەنانی نوێ. ئەوانەی دەستیشیان لەگەڵ شۆرشدا هەبوو لەو ناوەدا هاتنە پێش. کامکاران لەو بەتاڵییەی دوای شۆڕش دەرکەوتن و هێندێک لە گۆرانییە کوردییەکانی گەنجینەی فۆلکلۆری کوردی بە شێوازی کلاسیکی فارسی داڕشتەوە، وەکو گۆرانی لای لای.

محەمەدی ماملێ لە ١٩٥٠ و ١٩٧٩ دوو شێوازی درێژی جیای لە گۆرانی لایە لایە، تۆمارکردووە. ئەو وچانەی لە ئاوازی کوردیی-دا هەیە، بە ڕای خانمە توێژەری ژاپۆنی ئایاکۆ تاتسومورا لە ١٩٨٠ داڕێژگەیەکی (pattern) هەیە. تاتسومورا دەڵێ “شێوازی ئاوازی کورد بە تایبەتی لە لادێکانیاندا لە هێڵێکی ئاواز پێکدێت لە تۆنی تەواوەوە دەچێتە چارەگە تۆن، ئەو جووڵەیە چەند جارێک دووبارە دەبێتەوە، ئینجا دەچێتەوە تۆنی تەواو. گۆرانییەکەی لایە لایەی ١٩٧٩ی ماملێ جگە لە دەنگە نموونەییە کوردییەکەی کە هەردوو هەستی خەم و شادی دەدات، ئەو داڕێژگەیەی هەیە”. بێژەن کامکار لە ٢٠٠٧ لەگەڵ ئامێری میوزیکی کلاسیکی ئۆرکێسترایی ئێرانی، تێکەڵی کردووە. ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەی ماملێ لە ئاوازدا جوودایە، بەڵام هەمان داڕێژگەی هەیە. ئاواز لە گۆرانی کوردیی-دا بایەخی پلە دووی لە چاو وشە و هەڵبەستدا هەیە. بۆیە لە ئاوازدا شوێن پێی کاریگەریی شۆڕش دەرناکەوێت. ئاوازەکەی کامکار خێراترە، بەڵام ئامێرە کوردییەکانی وەکوو تەمبوور، لەگەڵ ئۆرکێسترای کلاسیکی ئێرانئامێز داناوە. گۆرانییەکەی کامکار پێمان ناڵێت لەناو خەڵکی ئاساییدا چی باو بووە.

وەەک چۆن کۆمەڵناسی فەرەنسایی پیێر بۆردیۆ لە 1977دا گۆڕانی پلەبەندییەکان لە نمایشە کۆمەڵایەتییەکاندا وەبیر دەهێنێتەوە، تۆمارە میوزیکەکانی لێرەدا باسیان لێوە دەکەین ئاماژەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەخۆیاندا هەڵدەگرن کە میوزیکی باوی ناو کەمیینەکان نیشان دەدات. بە هێنانی توخمی فارسی بۆ ناو گۆرانییەکان، کامکاران نە خۆیان بەلای ناسنامەی کوردییان و نە بەلای میوزیکی دەسەڵاتی ئەو کاتەدا یەکلاکردەوە. ئەو تێکەڵکردنەیان نیشاندەری باری کلتوور و میوزیکی کوردییە. لەوکاتەی میوزیکی ئێران بەرەو تاک ناسنامەیی دەبرا، تێکەڵکردنی میوزیکی کوردیی بە توخمی فارسیی، کلتووری میوزیکی کوردیی لە وڵاتدا، هێنایەوە بەرگوێیان. ئەوەی لێرەدا باس دەکرێن ئەوانەن دوای ٤٠ ساڵ ماون، ئەوانە لەبەرچاو نەگیراون کە بڵاونەکراونەتەوە و فەوتاون. ئەویشیان سەبارەت بە ڕابردوو و سڕینەوەی هونەریی، تەنگژەیەکی ڕەوشتییە (ئەخلاقییە). هەرچەندە زۆر لە نەریتەکان بە شێوەی زارەکیی دەگوازرێنەوە، بەڵام لە کۆی وێنەی کلتووردا دیارنییە، ئەوە دەمامک لەسەر بەشێکی گەورەی ناسنامەی میللی/نەتەوەیی دادەنێت.

لەبەرئەوەی هێزی کلتووریی و سیاسیی لە ئارادا بوو، لەگەڵ ئەوەی گۆرانیبێژانی بەناوبانگ زۆربەی گۆرانییە کوردییەکانییان دەگوت، کەچی توخمی فارسیی-ان تیکەڵ دەکردن. دوای شۆڕش دەسەڵات میوزیکی فارسی وەکوو ئامرازی پڕوپاگەندەی خۆی بەکاردەهێنا. دووبارەکردنەوەی میوزیکی دیاریکراو پڕوپاگەندەیە، بۆیە حکوومەت گۆرانی “ئۆ ئیران، ئۆ ماڵی هیواکان”ی محەمەد شەجەریانی دووبارە دەکردەوە و خەڵک ئەو گۆرانییەی لەگەڵ کەشوهەوای شۆڕش، گرێدابوو. بە کۆنترۆڵی حکوومەت بۆ یەکدەنگیی و یەککلتووریی، بانگەشەی ئەوە دەکرا کلتووری حکوومەت لە چاو کلتووری میللی، لە ئاستێکی بەرزتردایە و گۆرانی کوردیی-ش بە خۆگونجاندنی لەگەڵ ئەو کەشەدا، بەهای وەرگرت. بەڵام ئەوە بە کێشەیەکی گەورەترەوە بەندە. ئەگەر میوزیکی کەمیینەکان لە ناوچاکانیاندا لە خزمەتی چینی سەرەوە و دەسەڵاتدا نەبێت لە قانگی دەدەن. ئەوەش لەگەڵ گەڕان بە دوای ڕەسەنایەتییدا پێکەوەلکاون و هەستێکی درۆیینە دەدەنە بەهای گۆرانی کوردیی. دەسەڵات میوزیکی میللیی و کلاسیکیی خۆی تیکەڵکرد تا هەستی تاک نەتەوەیی و تاک کلتووریی فراوانتر بکات.

بۆ نموونە لە فیستیڤاڵی میوزکی فەجر، حکوومەت بە وردیی ئەو بابەتانەی هەڵدەبژارد لەوێ نمایش دەکران. دەیانزانی ناتوانن تا هەتایە میوزیکی ئەو هەموو کەمیینانە داپڵۆسن، لە لایەکی دیکەوە لەبەر زۆریی ئەو میوزیکە ناوچەییانە، نەشدەکرا هەموویان لەو فیستیڤاڵەدا هەبن، بۆیە کەوتە ئەوەی ویستیی خۆیانی لەسەربا، بانگهێشت دەکرا و فۆرمی یەک کلتووریی دەدرایە و بەرەبەرە ئەوانی دیکەی بەرەو سڕینەوە دەبرد. جار هەبووە تیپە کوردییەکان براونەتە بەرەکانی جەنگ میوزیک بۆ سەربازان بژەنن، ئەو کارە هەمان ئامانجی یەک کلتووریی و یەک نەتەوەیی لە پشت بووە و دەسەڵاتی زیاتری بەسەر کەمیینەکاندا دەسەپاند.

سەرەڕای ئەوەی میوزیکی کوردیی بە ئێران-دا بڵاو بووەوە، بەڵام بەهەڵە لە ناسنامەی کورد تێدەگەن. لە گەڕانم بەدوای ئەو گۆرانییە کوردییانەی دوای ١٩٧٩ بەرهەم هاتوون دیتم زۆربەی سەرچاوەکان مۆرکی ساسیی و شۆڕشگێڕیی دەدەنە میوزیکی کوردیی و باسی ناسنامەیەکی جیا لەوەی ئێران دەکەن. بەڵام لە دواندنی کوردانی ئێران لە هەندەران، خۆیان لەو بابەتە بەدوور دەگرت. گەورەترین پارتە سیاسییەکانی کوردانی ئێران جووداخواز نین. بۆچوونی پارتە سیاسییەکان و میوزیکی کورد تەریبن. زۆر جار ئەو گۆرانییە شۆڕشگێڕانەی کورد هەیەتی دیمەنێکی نەتەوەیی توند دەدەنە کوردەکان و بە تێکەڵی سیاسەت وێنایان دەکات و تەواوی میوزیکی کوردی لە کلتووری بەرەنگاربوونەوەدا دەبینێت، بەڵام هەرچی دواندمان لەو بابەتەدا، دەوڵەمەندیی میوزیکی کوردیی باس دەکرد.

دوور لە ئایدیۆلۆجیای سیاسیی، گۆرانی شۆڕشگێڕانەی کورد لەو کاتەدا هەر هەبووە. لەبەر چاودێری چڕی دەسەڵات بۆ میوزیکی پەخشکراو لە ڕادیۆکان، ئەوەی کوردیی-ش بوو هەر سەربەخۆیان بوو، بۆیە زوو میوزیکی کوردیی بڵاوبووەوە. ئینجا ئامێرەکانی میوزیکی کوردییان تیکەڵ بە میوزیکی دەوڵەت کرد و یەک ناسنامەیان دایە. پەخشی هەردوو پارتی سیاسیی “کۆمەڵە” و “حیزبی دیموکرات” لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی ئێران-دا سروودی ئەی ڕەقیبییان پەخش دەکرد. پەیامیان ئەوەبوو ئێمە کوردین، نانەوێت ئاڵاکەمان. باسی جەنگاوەر و چەکیش بانگەشەی بەرەنگاربوونەوە و شۆڕشە. ئەو سروودە نەک تەنیا بە هەموو کوردستان-دا بڵاوبووەوە بەڵکو بەناو ئەوانەشدا کە لەبەر میوزیکەکەی گوێیان لێدەگرت، ناسرا. ئەو ڕستەیەی دەڵێت “دینمانە ئایینمان هەر نیشتیمان” هەستی ناسنامە تێیدا لە یەک ئایینیی لەگەڵ فارس-دا، تێدەپەڕێنێت. حیزبی دیموکراتیش لەوەدا زۆر سنگ فراوانترە بەرانبەر ئاییینەکانی دیکە. سروودی ئەی ڕەقیب بایەخی نەتەوەیی کورد لە سەرووی ئایین دادەنێت. هەرچی میوزیکی کوردی-شە کە ئەوکاتە لەگەڵ دەسەڵات تەبا بووە، لەبەر ئەوە بووە لایەنی سایکۆلۆجی کورد پێویستی بە میوزیک هەبووە و جێگرەوەی ئەو تاکە میوزیکەی بە سەرۆکایەتی شیعە لە ئێرانی خومەینیدا برەوی پێدەدرا.

زۆر ڕوونە کە ناسنامەی کوردبوون لە ژێر داپڵۆسینی جمهوری ئیسلامیی گەشەی دەکرد. کورد لە ناو هزری شیعە و پیرۆزکردنی ناسنامەی فارس خۆی نەدەدیتەوە، پارسەنگی ئەوەی بە کوردبوون کرد. ڕەنگە فرەیی لە دژبەرانی ئەو یەکبوونەی خومەینی پێیدا هەڵدەدا سوودی بۆ “کۆمەڵە” و “حیزبی دیموکرات” هەبووبێت و ئایدیۆلۆجیای ئەوان دەکرانە سروود. ڕاستییەکەی، دەرکەوتنی سروودی نیشتیمانیی ئامێرەکانی ژەنین و نەزمی ئاوازەکانی ئەوکاتەی بەرەو شێوازی میوزیکی سەربازیی گۆڕی. ئاوازەکان سادەتر کران و لەیەک پەیژەی میوزیکدا دەگووتران. لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕووی میوزیکەوە زۆر پڕ و دەوڵەمەند بوون. پێچەوانەی شێوە نەرم و خاوەکەی لاوکبێژیی، ڕیتمی سروودەکان خێراتر بوون، وەکو ئەوانەی ئاهەنگ و سەماکانیان نەبوون کە بە ڕیتمی 2/4، 4/4 یان ٣/٤ دەگووترێن.

هەرچەندە ئاکاری سیاسیی سروودەکان لەلای گۆرانیبیژەکان گرنگ بوو بەڵام لەگەڵ ئایدیۆلۆجیای پارتە سیاسییەکاندا گرێدرابوون. لە بەناوبانگترین سروودبێژەکانی کوردەکانی ئێران مەرزیە فەریقی بوو. مەرزیە لە ڕیزەکانی پێشمەرگە بوو و داوای سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد. زۆر سروودی بۆ سەربەخۆیی کوردستان گوتووە، لەوانە “سڵاوی گەرمی… هەڤاڵی پێشمەرگە”. ئەو سروودە پێچەوانەی گۆرانی لای لای، ناسنامەی کورد دەستێنێتەوە و دەچەقێنێت. ناسنامەی کوردیی لەناو ئەو جۆرە گۆرانییانەشدا هەیە وەکوو گێڕانەوەی چیرۆک وان و لە بۆنە و کۆبوونەوەکانی خێزان دەگوتران.

بۆ ئاشنابوون بەو گۆڕانەی بەسەر دەنگی میوزیک و گۆرانیگوتندا هاتووە، سروودەکەی مەرزیە و بەیتی خانێ و پاشبەندی حاجی حەمەدەڕەش، بەیتبێژی ٧٠ ساڵەی ساڵی ١٩٦٢ لە مەهاباد تۆمارکراوە، هەڵدەسەنگێنین و بەراورد دەکەین. چونکە هەردووکیان پشت بە هۆنراوە دەبەستن و گوزارشت لە ناسنامەی کوردیی دەکەن. هەردووکیشیان دەنگی گۆرانیبێژ دەهێننە پێشەوە، مەرزیە سروودەکەی بۆ خەڵک دەڵێت و حاجی حەمەدەڕەش زانیاریی دەداتە خەڵک. بەیتی حاجی حەمەدەڕەش تەنیا دەنگە و بەسەرهاتی سوارچاکێکی کورد دەگێڕێتەوە. هەردووکیان باسی سروشتی کوردستان، چیا و خەڵکەکەی دەکەن جا کەسێکی شۆڕشگێڕ بێت یان نا، ئەوە لە گۆرانییە فۆلکلۆرەکانی کورد-دا زۆرە و ناسنامەی کوردیی تێدایە. بە پێی لێکدانەوەی دکتۆر کەنداڵ نەزان، سەرۆکی پەیمانگەی کورد لە فەرەنسا، ئاماژەی گۆرانی کوردیی بۆ شاخ و سروشت و لێکچوواندنی کورد بە پڵنگ لەبەر سروشتی ژیانی لادێی کوردەکان و ژیانیان لە شاخەکاندایە. سروودەکەی مەرزیە ئاوازی سەربازانەی هەیە و چارەگە تۆنی تێدا نییە، بەیتەکەی حاجی حەمەدەڕەش ئاوازی گێڕانەوەیە و چارەگە تۆنی هەیە. هەرچەندە ئەو گۆڕانە لەبەر گۆڕانە لە ئارەزووی خەڵکدا، بەڵام ئەوە تاکە هۆکار نییە. هەر وەک پرۆفیسۆر لە زانستی میوزیکی نەتەوەکان، دییتەر کریستنسن (١٩٣٢-٢٠١٧)، پرۆفیسۆری فەخری زانکۆی کۆلۆمبیا، ڕوونی دەکاتەوە ناسنامە تەنیا زانیاریی کاتێکی دیاریکراوە و لە گۆڕاندایە، بەڵام ڕوونە گۆرانیبێژانی کورد جەخت لەسەر ناسنامەیان دەکەنەوە، بەڵام میوزیک هەموو ڕەهەندەکانی ناسنامەی کورد نانوێنێت. ئەو بەراوردەی سەرەوە تەنیا بۆ ئەو گۆرانییانە دەکرێت ئەو کاتە تۆمارکراون و ماونەتەوە.

لە ١٩٨٢ تا ١٩٨٤ تۆمارە کۆنەکان لەگەڵ ئامێری میوزیکی نوێدا دەگووترانەوە و هەر لەو ماوەیەدا میوزیکی کوردیی لە میوزیکی ناوچەیی دەرچوو و زۆر بڵاوبووەوە. گۆرانی ئەوکاتە هەردوو ئامێری دەف و تەمبووریان تێدابوو و بە هەموو وڵاتدا بڵاوبوونەوە. شۆڕشی ١٩٧٩ دەنگی نوێی هێنایە ناو میوزیکی کوردیی و بایەخ بۆ سروودی نیشتمانیی سێبەری خستبووە سەر گۆڕان لە گۆرانی میللیی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نوێی ئەو کاتەدا. دەگووترێت لەچاو جۆری دیکەدا، گۆرانی میللیی ئەوەندە نەکەوتووەتە ژێر کاریگەریی شۆڕشەکەی ١٩٧٩. جێی بایەخی زۆر دەبێت قووڵایی لایەنی کۆمەڵایەتیی نمایش و ئاهەنگە میللییەکان لە کوردستان تێبگەین، دەبێت چاوەڕوانی توێژینەوەی زۆرتر بین لەوبارەیەوە بکرێت.

لە  ٢٠٠٨ ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی ڕایگەیاند مامەڵەی نادروست و نادادپەروەرانە لە دژی کەمیینە کوردەکان لە ڕووی جیاکاریی لەسەر بنەمایی ئایین تا دەگاتە بڕین و بێبەشکردنی ئاستی ئابووری و زوڵمی کلتووریی هەبووە، ئەو نادادپەروەرییە ماوەیەکی دوورودرێژە دەکرێت چەند سەدەیەک کۆنە. ڕێکخراوەکە دەڵێت لە دوای شۆڕشەکەی ١٩٧٩وە هیچ پشکنینێکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕێی پێ نەدراوە. تەنانەت هیچ توێژینەوەیەکیش سەبارەت بە کەمیینەکان لە کاتی ئەو شۆڕشەدا نییە. بەو پێیە میوزیک و گۆرانی کوردیی ئاستەنگ و ئاڵۆزییەکانی کلتوور لە نێوان هەبوون و پەراوێزخستندا دووچاری دێت، بەرجەستە دەکات. لەبەرئەوەی چەند سەدەیەکە کورد و کوردستان لەچاو کەمینەکانی دیکەی ئێران زۆرتر تووشی داپڵۆسین و زۆرداریی بوونەتەوە، کارێکی دروستە پێمان وابێت میوزیکی کوردیی لە پێشینەی ئەوانە بووە بەر کاریگەریی کەوتووە. نەبوونی تۆماری فەرمی و توێژینەوەی بیانییەکان وایان کرد ئەو جۆرە میوزیکە لە دەرەوەی ناوچەی خۆیان نەبێت، پشت گوێ بخرێت.

سەرەڕای ئارەزووی جمهوری ئیسلامیی بۆ نەمانی کلتووری کوردی نافارسیی، نەیتوانی ئەو کلتوورەی کوردەکان پشت گوێ بخات، چونکە کۆی ١٠٪ی دانیشتووانن. بۆیە لە فیستیڤاڵی ١٩٨٦ ڕێی بە هەندێک گۆرانی کوردیی دا و دانیان بە هەبوونی کورد لەناو ئێران-دا نا، بەڵام جیاوازی کلتوورییان لەگەڵییاندا نیشان نەدا. ئەو کاتە ڕێکخراوەکان سەرنجی نەبوونی دانپێدانانی کوردیان دابوو. هەر هێنانی ئامێری کوردی بۆ ناو میوزیکی فەرمی ئێران، لەهەمان کاتدا ڕەتکردنەوەی فرەکلتووریی خۆی ئەو خاڵە دەسەلمێنێت. بۆیە میوزیکی کوردی لەو کاتەدا تەنیا بە هەرە ناودارەکانی وەکوو کامکاران و ئەوانەی پێشمەرگە دەیانگووتن، دەبەسترایەوە.

لە گەڕانم بەدوای سەرچاوەدا بۆ ئەم توێژینەوەیە دیتم هەموو ئەو بەرهەمانەی باس لە میوزیک و کلتووری کورد دوای ئەو ماوەیە دەکەن یان ئێرانییەکان یان کورد ئەنجامیان داون. بەڵام توێژینەوەکانی پێش ئەوکاتە هەموویان توێژەری بیانیی ئەنجامیان داون.

نەبوونی نوێنەرایەتیی بۆ هونەر و کلتووری کورد، ئاڵۆزییەکانی بەردەم کەمیینەکانمان لە کاتی ئاڵۆزی سیاسییدا نیشان دەدات. ئەو ئاڵۆزییە پەردەی خستووەتە سەر کوردەکان و هەبوونیان نکۆڵیی لێکراوە. ئەو نموونەیە زنجیرەی قوچەکیی لەناو جۆرەکاندا نیشان دەدات. هەرچەندە گۆرانییە کوردیییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی گۆرانیبێژی بەناوبانگ نایڵێن، وەکوو سروود تەماشایان ناکرێت، کەچی ئارەزووەکان لە سرووددا چڕ بوونەتەوە. تۆمارەکان ئەو جیاوازییەمان نیشان دەدەن، ئەو جیاوازییە گەورەیە وا دەکات گۆرانی میللیی پشت گوێ بخرێت. دیدەکان لە دەرەوەی ئێران-ەوە وەکوو وڵاتی فارس (پێرژیا) لە ئێران دەڕوانن. بەڵێ ئەوان گەورەترین پێکهاتەن بەڵام ئەوە نوێنەرایەتیی کلتووری هەموو وڵاتەکە ناکات.

ئامانج لەم توێژینەوە ئەوەبوو بزانین چۆن ناسنامەی خەڵک بەراورد بە کەمیینەکان لە چاو نەتەوە سەردەستەکان بوو. ئێستا توێژینەوە و بەرهەمەکان سەبارەت بە کوردەکان لەبەردەستن، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئاڵۆزی سیاسیی، تەنیا سەردەستەکان تۆمار دەکرێن. لە پاڵ هەوڵی سڕینەوە کلتوورییدا، نەبوونی سەرچاوەکان لەسەر کەمییینەکان ئەگەرەکانی خراپ ڕەفتارکردن بەرانبەریان زۆرتر دەبێت. بۆیە تۆمارکردنی توخمە کلتوورییەکان بە تایبەتی بۆ کەمیینە پشتگوێ خراوەکان، لە کاتی ئاڵۆزی سیاسییدا زۆر گرنگە. زانینی لێکەوتەکانی ئەو جۆرە ڕووداوانە لەسەر میوزیکی میللیی/نەتەوەیی توێژینەوەکانی نێوان هونەری میللیی و تێکۆشانی سیاسیی فراوانتر دەکات، لەهەمان کاتیشدا گۆڕانەکانی لە دەمکوتکردنی دەزگا و دامەزراوەکان بۆ کەمیینەکان ڕوودەدەن، ڕوون دەکاتەوە.

سەرچاوە

لۆرەین پرێڤۆست. خستنەڕووی ناسنامە: چۆن شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کاری لە میوزیکی فۆلکلۆری کوردیی کرد. بەشێک لە نامەی ماستەری، زانکۆی کینگس، لەندەن، ٢٠٢١.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO