کازم عەباس زەندی
ئاشکرایە کە خوێندن و نووسینی زۆربەی زمانەکان لەسەرەتادا بەو ئەلفبێ و بەو زمانانە کراوە، کە دەقەکی ئایینی پێنووسراوە، وەک ئینجیل و لاتینی بۆ نەتەوە مەسیحییەکان، قورئان و عارەبی بۆ موسڵمانەکان ئینجا لە دواتردا، بە تایبەتیش لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی فەڕەنسا لە ١٧٨٩ و دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەیییەکان، بەپێی هەلومەرج و گونجان، زۆر لە وڵاتەکان، ئەم ڕێڕەوەیان گۆڕی و زمانی نەتەوەیی خۆیان بەکارهێنا، وەک تورکەکان، کە زمانی تورکی و ئەلفبێی لاتینیان لەجیاتی ئەلفبێی عارەبی کردە زمانی وڵات. لەم حالەتەشدا زمانە ئایینییەکان لە بەرامبەر زمانە نەتەوەییەکاندا پاشەکشەیان کرد. ئێمەی کوردیش کە میدییەکان بە ڕەچەڵەکی خۆمان دەزانین، لە دەستپێکدا زمانی ئاڤێستاو خەتی بزماریمان بەکارهێناوە، چونکە دەقی ئاڤێستای پێنوسراوە و ئایینی زەردەشتیمان پەیڕەوکردووە، بەڵام لە دوای لەناوبردنی میدییەكان لە ٥٥٣پ.ز. لەسەر دەستی هەخامەنشییە پارسەکان، بەدیاریکراویش لەسەردەمی داریۆشی یەکەمەوە (٥٢٣پ.ز.) ئەم ئاڤێستایە بوونی نەما، چونکە پەیڕەوکەرە هەخامەنشییەکان، کە تازە هاتبوونە سەر ئایینی زەردەشتی، لە خەت و زمانی میدییەکان نە دەگەیشتن، بۆیە خەت و زمانەکەیان گۆڕی و وەریانگێڕایە سەر ئەلفبێی ئارامی و زمانی خۆیان. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەیەک کات و سەردەمدا، دەسەڵات و زمانی دەقی ئایینی لە بنەچەی کوردان بسەنرێتەوە، لەبەرامبەردا فارسەکان ببنە خاوەنی دەسەڵات و زمانەکەیان ببێتە زمانی دەقی ئایینی. بەمەش بەردەوام خوێندن و نووسینی پێکرا، بۆیە هەر یەکە لە دوو زمانەکە کەوتنە ژینگەیەکی تایبەتەوە، زمانی فارسی ناسراوتربوو، لە ڕێی خوێندن و نووسینەوە سوڕی گەشە و گۆڕانیشی پێشتر کەوت کەچی زمانی کوردی هەر لە ئاخاوتنی نێو ماڵەکاندا مایەوە. بۆیە پاشکەوت و هەر شێوەزارەکی بە ئاڕاستەیەک گەشەی کرد. لە سەرەتای سەدەی حەفتەمی زاینییشەوە، کە ئایینی ئیسلام داهات و سەرکەوت و پەرەی سەند، زمانی عارەبی جێگەی زمانی فارسی گرتەوە، چونکە دەقی قورئان بە عارەبی بوو. بەڵام بەهۆی ئەو پێشینەیەی کە لە پێشتردا، لەسەردەمی هەخامەنشییەکان تا سەردەمی ساسانییەکان بۆ زمانی فارسی هەڵکەوتبوو، توانیان لەدواتردا، زمانەکەیان بەر لە نەتەوەکانی دیکەی موسڵمان لە خوێندن و نووسینی ئەدەبیدا زیندوو بکەنەوە. زمانی کوردییش هەر لەو سەردەمەوە کەوتە سەر ڕێڕەوێكی سەخت و چەندین سەردەمی تاریكی بەسەردا هات، چونكە لەهەر سەردەمەکدا، زمانەکی زاڵ، وەك زمانی ئایین و دەسەڵات، باڵادەستی بەسەریدا دەنواند، ئەمەش هۆکارە بۆ دەرکەوتنی ئەو كەلێنە ناڕۆشنانەی کە لە ئێستادا، لە زمانەکەماندا پەیدابووە.
بەهۆی نەبوونی دەسەڵات، لەدوای میدییەکانەوە تا دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەیییەکان، بەردەوام خوێندەوارانی کورد لەژێر کاریگەریی زمانە زاڵەکانی عارەبی و فارسی دا بوون چونکە لەلایەکەوە موسڵمان بووین و دەبوایە زمانی قورئان بخوێنین و فێر ببین، لەلایەکی دیکەوە ژێر دەستەی فارس-ان بووین، کە زمانەکەیان زمانی ئەدەب و دەسەڵات بوو.
لەدوای شەڕی چاڵدێرانیشەوە (٢٢ ئابی ١٥١٤) بەشەکی تر لە خاکەکەمان و ئاخێوەرانمان کەوتنە ژێر دەستی عوسمانییەکان، بۆیە لەم ڕێکەوتە بەدواوە کاریگەری زمانی تورکیشی هاتەسەر. ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر بیرکردنەوەی خوێندەوارانی کورد و لەنێویاندا دەستەبژێرانیدا هەبوو. لە هەر پارچەیەکی کوردستان دا، خوێندەوارانی بە زمانەکی زاڵ فێرە خوێندن و نووسین دەبوون، کە زمانی خۆیان نەبوو، بە بابەتەک پەروەردە دەکران، کە بە تایبەتمەندی خۆیان دانەنرابوو، ئەمەش وای دەکرد هەردەم خۆیان بە قەرزاری ئەو زمانە زاڵە بزانن کە پێی فێر دەبوون، بۆیە زمانی خۆیان بە هاوتای زمانە زاڵەکان نەدەزانی و بەکەمتر لێیان دەڕوانی، هەر بەمەش خوێندەوارانی کورد بە مێژووەک ئاشنا دەبوون، کە پەیوەندی بە مێژووی خۆیانەوە نەبوو، بە ڕۆشنبیرییەک ڕۆشنبیر دەبوون، کە لە کلتوور و دابونەریتی خۆیان جیاوازبوو، بە زانیارییەک شارەزا دەبوون، کە بۆ کۆمەڵگاکانی خۆیان نامۆ بوو، هەموو ئەمانەش ڕەنگدانەوەیان لەسەر بیرکردنەوەی خوێندەواران و سووڕ و پێگەیشتنی زمانەکەمان و دواکەوتن و پێگەیاندنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی تاکەکاندا هەبوو. ئەمەش وای دەکرد خوێندەواران نەبنە تەواوکەری نەخوێندەوارانی هەروەها زمانەکەمان بە شێوەزارەکانی بناسرێت و تاکی کورد وەک نەتەوە باوەڕی بە بوونی خۆی نەبێت .
هەروەک دەزانین پێگەیشتنی هەستی نەتەوەیی ئەو چەکەیە کە باوەڕ بەخۆبوون زیاد دەکات و خۆ بە کەمزانین ناهێلێت، ئەو گرفتە لاوەکیانەش لەنێو نەتەوەیەکدا ڕادەماڵێت، کە دەبنە تەگەرەو کۆسپ لە نێوان تاکەکاندا، تاوەکوو ئامانجی گەورەتر بەدی بهێت، بەڵام ئەو ڕێڕەوە مێژوویییەی کە لەڕێی خوێندنەوە بەسەر ئێمەی کورددا هاتووە، وایکردووە نەتەوەکەمان بە خوێندەوارو نەخوێندەوارانی، بە گوندنشین و شارنشینانی، لە چەند کۆمەڵگایەکی لەیەکتر نەگەیشتوو لەڕووی بیرکردنەوە دروست ببێت، کە نەتوانن ئامانجەکی دیاریکراو بۆ بەرژەوەندی گشتی دیاربکەن و زەمینەی لەیەکتر نزیکبوونەوە بۆ شێوەزارەکانی بڕەخسێنن، هەر ئەم هۆیەش بوو کە وایکرد خوێندەوارانی، لەنێو خوێندەوارانیشیدا دەستەبژێرانی، نەتوانن وەک دەستەبژێری نەتەوەکانی دیکە ڕۆڵی پێشەنگی ببینن، چونکە کە پێ دەگەیشتن، لە کۆمەڵگاکانی خۆیان دادەبڕان یان وەک چینەکی جیاواز لە نێو کۆمەڵگای خۆیاندا دەردەکەوتن، بەمەش پەیوەندییان بە کۆمەڵگاکانی خۆیانەوە لاواز دەبوو. بە زمان و بە کلتوور و بە مێژووی داگیرکەران کارلێکراو دەبوون، زۆربەیان بەبێ ئەوەی ویستی خۆیانی لەسەر بێت، لە خزمەتی داگیرکەراندا دەبوون، چونکە هەستی خۆنەناسینەوەیان بۆ دروست دەبوو، بەڵام ئەوانەی لە خزمەتی نەتەوەکەی خۆیاندا کاریان دەکرد و بەجیاوازتر بیریان دەکردەوە و وەک کوردستانییەکی دڵسۆز هەڵدەکەوتن، زۆربەیان لەگەڵ چواردەور و کۆمەڵگاکانی خۆیان ناکۆک دەبوون، چونکە لە دنیابینی یەکتر نەدەگەیشتن. ئەمانەش زیاتر بێدەنگیان هەڵدەبژارد یان لە کۆمەڵگاکانی خۆیان دوور دەکەوتنەوە و سەری خۆیان بۆ شوێنەکی دی هەڵدەگرت، چونکە نەیان دەتوانی بەرگەی نەزانی و ئەو بێهەستی و خۆبەکەمزانینە بگرن کە لەنێو کۆمەڵگاکانی خۆیاندا هەبوو.



