سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بێدادی و نایەکسانی لەسەر ئاستی گەردوون

بەشی نۆیەم

دەنێو دنیایەکدا کە نایەکسانی و بێدادی و چەوسانەوە و ستەم بەردەوامە، باکووری دەوڵەمەند و باشووری هەژار تەمەنی چەندین سەدەیە، باکوور/ڕۆژئاوا دەوڵەمەنتر دەبێت، هاوکات باشوور هەتا دێت هەژار و هەژارتر دەبێت، ئەمەش دوو جیهانی تەواو جیاوازی دروست کردووە. لەم سەردەمەدا ، لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵاتن لە “نیشتیمان” بووە بە یەکێک لە خەونە خۆشەکان بۆ کەسانی سەرهەڵگرتوو، بە تایبەتی بۆ گەنجەکان، کە دواتر و درەنگتر تێدەگەن کە هەندەرانیش ئەو بەهەشتە نییە کە لە خەونەکانی خۆیاندا دەیانبینی، بەڵام بۆ ئەوان خەونی سەربەستی و ڕزگاربوون لە زیندانی زێدی باب و باپیران، کە هی دایک و داپیرانیشە، کە بە هەق کۆی ژیانی دراماتیکی و تراجیدی و کارەساتباری دەستکردی ڕەگەزی مێینە نییە. من دەمێک ساڵە و تەزا و قسەیەکی پەندئامێزم درکاندووە. کە دیسانەوە لێروکانە دەیڵێمەوە: ـ

ئەرێ بە ڕاست کوردستان وەک “نیشتیمان” باوکێکی دڵڕەق و ستەمکار بوو کە بە تابوور هەزارانی لە کوڕان و کچانی خۆی ڕاونا و دەریکردن تا ئەندازەی خنکان دەنێو دەریای “ئیجە” و “دەریای سپی ناوەڕاست’، لە میانەی سەفەری هاتونەهات، دەنێو کەند و لەند و بیابان و شاخ و داخەکاندا مردن؛ هەر هەمووشی لە ئاکامی بە دۆزەخکردنی نیشتیمان بوو، بە تایبەتی لە وڵاتانی تەنگژەبار لەسەر ئاستی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبگەرایی و فەرهەنگی. یانژی وێنەی دووەمیان کە کوشندەترە: ئاخۆ کوردستان وەک نیشتیمان پتر لەو دایکە بێوەژنە دەچێت کە بە بێوەژنکۆشی کچەکان و کوڕەکانی خۆی بەخێو کرد و گەورەی کردن، کەچی کە دەست و قامی خۆیان بینی و باڵیان لێ ڕوا، هەر یەکە و جانتای سەر هەڵگرتنی خستە سەر شان و پیرە دایکەیان بە تەنیا بەجێهێشت دەنێو کەلاوە شان شکاوەکەی خۆیدا، کەچی چاو بە فرمێسکە و وشکی ناکاتەوە؛ دوعا و نزای خێر بۆ جگەرگۆشەکانی خۆی دەکات. سەرەڕای ئەمانە، ژمارەیەک لە فەرزەند و نەوەکانی لە خەمی ئەوەدا نەبوون بێنەوە و لەژێر تەرم و دارەبازەکەیدا ببن بە هەڵگری تەرمەکەی.

 کاتێک دەسەڵاتدارانی دەوڵەتداری و حیزبەکان ئەو هەستەیان بە جەماوەر بەخشیوە کە ئەوان وەک سواڵکەر و دەرۆزەکەر ناچارن چاوەڕوانی خواپێداوەکان بکەن کە چ دەخەنە نێو دەخیلە و قووتیلەی سواڵکەریی ئەوان، ئەوسا ئەوان ناتوانن داوای هاوسۆزی و خۆ بە هاووڵاتیزان و گیانفیدایی لە خەڵک بکەن؛ لە کاتی تەنگانە و جەنگ و وەیشوومە. دواکەوتنی مووچە یان نەدانی مووچە بە دوو مانگ و سێ مانگ هەستی دەرۆزەکەریی دەبەخشێت بە خەڵکی. لە دۆخێکی وا نالەبار مەردمگەل چلۆن ببن بە نیشتیمانپەروەر؟ بە تایبەتی نەوەی نوێ و ڕاچەنیو کە لە ڕێگەی تێکنۆلۆژیای ڕایەڵدار و پەیوەندی و کۆمینیکاسۆنی خێراوە؛ ئاگاداری هەر هەموو جوگرافیاکانی دیکەیە لە ڕێگەی هەزاران هەواڵ و وێنەوە، کە زێدە ئاسان دەزانن چی لە هەر حەوت کێشوەرەکە و جوگرافیای ئەودیو زەریاکان دەگوزەرێت. لە هەمان دۆخدا، دەستەڵاتدار و سیاسەتبازی سەرمایەدار کەلاوەکانی ئەوان دەکڕنەوە و لەجێی کەلاوەکان؛ کۆشک و تەلار و باڵەخانەی هەوربڕی تێدا قوت دەکەنەوە، ڕیکلامی بۆ دەکەن کە بێ گیرفانەکان ببنەوە بە کڕیاری فلاتی نێو باڵەخانەکان، کە مەحاڵە، چونکە بە نرخی فیردەوس پێیان دەفرۆشنەوە، کە تەنها خواپێداوەکان و سەرمایەدارەکان دەرەقەتی دێن و بەس!

لەو لاشەوە، کچان و کوڕانی ئەم وڵاتە خاکەسارە کە نوقمی بەدبەختی و بێئومێدی بوون، بە ئاشکرا دەبینن کە کچان و کوڕیژگەکانی دەستەڵاتداران گەر میزیان بگیرێت ڕوودەکەنە ئەوروپا بۆ چارەسەر، کەچی هێشتا بەرپرسان دەخوازن کە کچگەلێک و کوڕگەلێکی برسی و تینووی سەدان شتگەل؛ بەرگە بگرن و خامۆش بن، بیانووەکەش بۆ ماوەی دەیان ساڵ ئەوە بووە کە ئەزموونەکەمان هێشتا ساوایە. هاوکات لەتەک خەڵکانی دیکەی نەدارا و کەمدەرامەت، پێکەوە هێمن و عاقڵانە سەیری ناز و فیز و هەوا و دەبدەبەی خواپێداوان بکەن و بەغیلی بە فەرزەندە بەناز پەروەردەکراوەکانی ئێوە مانان نەبەین. ئیدی چارەنووسە و خۆتان واتەنی؛ خوای “تەبارەک وەتەعالا” وای دابەش کردووە!

ئەم دۆخە نالەبارەی خۆمان، کە بەرهەم و کردەی سیاسەتبازەکانە، زۆر وڵات و نەتەوەی دیکەش پیایدا تێپەڕیون. بەڵام لای هەندێک لەوان بەر لەوەی کۆی بونیادی نەتەوە و دەوڵەت بە یەکجاری بڕووخێت، هەندێکیان فریای ئەوە کەوتوون کە چاکسازی و پاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی بکەن بە نەخشە و پلانێکی ستراتیجی و درێژخایەن. زۆر جاریش نەک سیاسەتمەدارەکان، بەڵكو بیرمەندە لیبرال وخاک و خەڵک پەرستەکان موعجیزە و پەرجوویان نواندووە و و فریادڕەس بوون و هاونیشتیمانیانی خۆیان سەرفراز کردووە، لە ڕێگەی جۆرەها فشاری فکری و ڕێکخراوەیی.

 لغاوی دەوڵەتداری بەدەستی وڵاتانی سوپەر پاوەر و حیزبەکانەوەیە

نیشتیمانپەروەری و ئینتیما و هاوسۆزی و وابەستەگی ئازادانەی مەردمگەل بە وڵاتێک، خاکێک، نیشتیمانێکی سنوور بۆ دیاریکراو، کە تیایدا کۆی جەماوەری ئەو وڵاتە، بە هەموو چین و توێژ و توخم و ڕەگەزەکانەوە هەست بکەن کە لانیکەمی خەون و خۆزگەکانی هاووڵاتی و هاونیشتیمانییەکانی هاتۆتە دی، لە ئاستی خواستە ڕۆحی و ماددییەکاندا بەهرەمەندن. هاوکات مەرجە خەڵک لەژێر چەتری دەستەڵاتداران لە نیشتیمانەکەی خۆیاندا شکۆمەندانە بژین و لانیکەمی ماف و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین کرابێت.

وەک کوردگەل، هەر لە سەرەتاوە مەرجە ڕاستگۆ بین کە ئێمە خاوەنی دەوڵەت نین، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی کۆتایی یەکەمین جەنگی جیهانیی کە زلهێزەکان مەرج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان سەپاند. دواتریش لە “پەیمانی لۆزان”ی شووم و بەدیوم؛ وەک “عیسای مەسیح” بە خەڵک و خاکەوە کوردگەل لە خاچ درا کە تاوەکو ئێستاکێ هەر بەسەر خاچەکەوەیە و نەتەوەیەکی چل ملیۆنی تاوەکو ئێستاکێ خوێنی لێدەچۆڕێت. لەوەش کوشندەتر ئەوە بوو کە بەسەر چوار وڵاتی شەڕانگێز و فاشیست و شۆڤێنیست دابەش کرا، تاوەکو ئەمڕۆش، کورد گیرۆدەی ئەو غەدر و خیانەتە نامرۆیی و کوشندەیە، لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی.

کورد بەردەوام ستەم و جینوساید و کیمیاباران و ئەنفال دەکرا بە بەر چاوی هەموو دنیای دوون و بێ مۆڕاڵ، کەچی دیسانەوە بە ناوی سەرەوەریی و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتە خوێنخۆرەکانی وەک ئێران و عێراق و سووریا و تورکیا؛ کە خۆیان بە پەیڕەوی ئایینی “ئیسلام” دەزانن، گوایە بڕوایان بەم ئایەتە هەیە؛ “يا أيها الناس إنا خلقناكم من ذكر وأنثى وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا (الحجرات: ١٣)، کەچی وەک ئەوەی مێگەل و گاڕان بین لێمان دەخوڕن. پرسیار بکەیت بڵێیت بۆ وایە؟ لە وەڵامدا دەڵێن ئیدی ویست و ئیرادەی وڵاتانی “سوپەر پاوەر” وای پێ ڕاست و دروستە، کە ناکرێت دەستکاری نەخشەکان بکرێن. خودی دۆخی کوردگەل بەڵگەیە بۆ نەبوونی مۆڕاڵ و ئەخلاقی سیاسیی و ئینسانی لەسەر ئاستی هەر حەوت کیشوەرەکە بەبێ هەڵاوێرکردنی هیچ وڵاتێک بە ڕەهایی.

 پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، داخۆ هەیکەل و پەیکەری دەوڵەتداری لە کوردستانی باشوور هەیە یان نییە؟ وەڵامەکەی بۆ خەڵکی و قەڵەم بە دەستەکان و نیمچە خوێندەوار و پسپۆرەکان بەجێدێڵم. لە باری پراکتیکییەوە دەستەڵاتدارانی کوردستان کە سەر بە حیزبی جیاوازن و ژمارەیان تا دێت لە زیاد بوونە. دەستەڵاتدارانی هەرێم  ٣٣ ساڵە دەسەڵاتی دەوڵەتداریان ملکەچی خواست و و بەرژەوەندی حیزبەکانیان کردووە.

بە هەزاران لە نووسەر و خەمخۆرانی ئەم هەرێمە ساڵانێکە ڕەفتار و کرداری ئەم دەستەڵاتە و ئەو حیزبانە ڕەخنە دەکەن و گومان دەخەنە سەر کارکردەی سیاسەت و بونیادی حوکمڕانیان. بەڵگەش بۆ گومانکردن لە هەبوونی بونیاد و ستراکتۆری دەوڵەتداری ئەوەیە کە هەر هەموو بڕیارە چارەنووسسازەکان کەوتوونەتە دەستی خودی حیزبەکانەوە، نەک خەڵکانی تێکنۆکرات و شارەزا و پسپۆر. هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، لە کابینەی یەکەمینەوە تا دوا کابینە، حیزبەکان بەردەوام لە ململانێ و یەکدی سڕینەوەدا بوون. ململانێکان بەگشتی لەسەر ئەوە بووە کام لایەن و گرووپ دەیباتەوە.

هەرێمی کوردستان خاوەنی چەندین مەرز و گومرگن کە هەر دوو حیزبی دەستەڵاتدار بە جیا کۆی دەکەنەوە، لە کاتێکدا دەبوو یەک تیم و یەک دەستە لە ڕێگەی کەسانی دەستپاک کۆی قازانجی گومرگەکان دەنێو یەک بانق و یەک گەنجینەدا کۆ بکرایەتەوە… کە نەکراوە!

نزیکترین بەڵگەی ناکۆکی ئەوە بوو کە لە کۆتایی پارساڵ و لە دوا هەفتەی (٢٠٢٣)دا یەکێتی و پارتی بە دوو لیستی جیاواز چوونە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی خۆیان بۆ “ئەنجوومەنی پارێزگا” کە دەبوو یەک لیست بن، بە تایبەتی لە شاری “کەرکووک”ی تەنگژەبار. ئێستاش بە هەمان شێوەی جاران دڕدۆنگانە دەچنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن؛ لە هەردوو پارێزگای “نەینەوا” و “کەرکووک” بە ناکۆکی دەستیان پێکرد و بە ناکۆکی دراماتیکی کۆتایی دێت!

ماویەتی

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO