دەتوانین ئەم ساڵ (2024) بە ساڵی هەڵبژاردن ناوزەد بکەین، چونکە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەڵبژاردن ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێت، وەک بەریتانیا، فەڕەنسا، ڕوسیا، ئێران، تورکیا و یەکیەتی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان. یەکێک لە هەڵبژاردنە گرنگەکانی ئەم ساڵەش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، بۆیە لەم وتارەدا هەوڵدەدەین بە شێوەیەکی خێرا هەڵوەستەیەک بکەین لەسەر دیبەیت و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
دیبەتی نێوان بەربژێرەکانی ئەمەریکا
ئەنجامدان و سازکردنی دیبەیت یاخود (دیبەیتکردن Presidential Debate) کردەیەکی زیندوو و بەشێکی بنەڕەتی کلتووری دیموکراسی و نەریتێکی باوی سەردەمیانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئهمهریكایە، دوای گەشەی تەکنەلۆجیا و داهێنانی تەلەفزیۆن هەڵمەتی گەیاندنی پەیام و پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی فراوانتر لە ڕێگای دەنگ و ڕەنگەوە دەستیپێکرد. دیبەیت (debate) بە گرنگترین ئامرازی خستنەڕووی توانای بەربژێرەکان دادەنرێت، لە پێناو گەیاندنی پەیام و بەرنامەی کار و پڕۆژەکان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، هەموو چوار ساڵ جارێک، چوار دیبەیت ئەنجام دەدرێن لە نێوان بەربژێرەکان، سێ دیبەیت لە نێوان کاندیدانی سەرۆک و یەکێکیش لە نێوان جێگرەکانیان. مێژووی یەکەمین دیبەیتی تەلەفزیۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1960 لە نێوان ڕیتچارد نیکسن و جۆن کەنەدی، دواتریش بوو بە بەشێک لە نەریت و هۆشیاری جەماوەر و دەستبەژێری سیاسی لە ئەمریکا دا.
دیبەیتەکانی ئەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا مێژوویی و هەستیار دەبن، چونکە یەکەمجارە لە ئەمەریکا دا دیبەیتەکان لە نێوان دوو کارەکتەری بەتەمەن بەڕێوە بچێت کە یەکێکیان سەرۆکی ئێستایە و ئەویتریشیان سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە. چاوەڕوان دەکرێت دیبەیتەکانی داهاتوو گرنگ و چارەنووسسازتر بن، چونکە لەلایەک شەقامی ئەمریکی بە شێوەیەکی قووڵ دابەش بووە، لەلایەکی تریش بە ملیۆنان “دەنگدەری خۆڵەمێشی” لە دوای دیبەیتەکان دەنگی خۆیان یەکلادەکەنەوە.
ناوەڕۆک و باسی دیبەیتەکان هەمیشە پرسەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا لەخۆدەگرن، لە پرسی کۆچ و باجەوە بگرە، تادەگاتە جەنگی ئۆکراین-ڕووسیا و حەماس-ئیسرائیل.
لەم ڕۆژانەدا دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە تایبەتەكەی خۆی کە ناوێ “تروس سۆشیال-Truth Social”ە نووسیویەتی پێویستە جۆ بایدن ڕەخنەگرە زۆرەكانی فەرامۆش بكات و بەردەوام بێت لە خۆ كاندیدكردنی.
ئەم داوایەی ترەمپ لەكاتێكدایە، تا دێت داواكاری كشانەوەی جۆ بایدن لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لەناو دیموكراتەكان لە هەڵكشاندایە، بەهۆی ئەوەی ترسیان هەیە كێبڕكێیەكە بدۆڕێنێت، بەتایبەت دوای ئەو دیبەتە خراپەی لەگەڵ ترەمپ ئەنجامی دا، كە بەگوێرەی زۆرینەی ڕاپرسییەكان بایدن لەو دیبەیتەدا ڕووبەڕووی شكستێكی گەورە بووەوە بەرامبەر بە ترەمپ. تاکوو ئێستا بایدن پێداگرە لەسەر خۆ كاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و ڕەتیدەكاتەوە لە پرۆسەكە بكشێتەوە.
بە هەر حاڵ، دیار نییە ئەو داوایەی ترەمپ لە بایدن بۆ متمانەی زۆری دەگەڕێتەوە بەوەی لە هەڵبژاردن دەباتەوە، یان ترسی هەیە لە كاندیدكردنی كەسایەتییەكی تری دیموكراتەكان لە شوێنی بایدن، كە جارێكی تر ڕێگەی لێ بگرێت بە گەيشتن بۆ كۆشكی سپی.
میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمەریکا
هەڵبژاردن وەک نەریت و بنەمایەکی دەستووری لە ئەمەریکا بەشێکە لە پڕۆسەی گەشەپێدانی سیاسی، کلتووری سیاسی، تازەکردنەوەی شەرعییەت و مانا و هێزدان بە دامەزراوەکان و پتەوکردنی پایەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێزگرتن لە بیروڕای هاووڵاتییان و کۆمەڵگەی ئەمەریکی.
ڕۆژی سێشەممە، 5 ی نۆڤەمبەری 2024، بە ڕۆژێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت، ئەویش بە هۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئهمهریكا، کە وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی جیهان وێنا دەکرێت، بەڵام بە میکانیزمێکی ئاڵۆز و سیستەمێکی جیاواز لەچاو هەموو وڵاتانی جیهان، لە زۆربەی وڵاتانی دنیا سەرۆک یان ڕاستەوخۆ لەناو خەڵک هەڵدەبژێردرێت، یاخود ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە ئهمهریكادا هیچکام لەم ڕێگایانە بەکار ناهێنرێن.
لە کاتی نووسینەوەی دەستووری ئهمهریكا لە 1787، نوێنەرانی هەر 13 ویلایهتەکە دوو پلانی جیاوازییان هەبوو بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئهمهریكا و دواجار لەدوای مشتومڕێکی زۆر، “باوکانی دامەزرێنەر” گەیشتنە ڕێکەوتنێک کە بە “ڕێکەوتنە گەورەکە” ناسراوە. ئەویش بریتی بوو لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان ویلایهتە گەورە و بچووکەکان لە ڕێگای تێکەڵکردنی دوو بیرۆکە. بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێکیان داهێنا بەناوی “ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج”، کە بریتییە لە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ، چونکە خەڵک دەنگ بە “دەستەیەک”، کۆمەڵەیەک، دەدەن کە پێیان دەگوترێت ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج. ژمارەی ئەندامەکانی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران (هاوس و سێنات)ـە، لەگەڵ سێ ئەندام بۆ “واشنتن D.C”ی پایتەخت، واتە ژمارەی ئەم دەستەیە 538 ئەندامن، (435+100+3=538)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (نیوە+1) ئەم ژمارەیە واتە 270 دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بێنێت، ئەوا ئەو کاندیدە دەبێتە سەرۆکی ویلایهتە یەکگرتووەکانی ئهمهریكا.
لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، خەڵکی ئهمهریكا دەنگ بە کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراو دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج)، ئەم کۆمەڵەیەش لە ڕۆژی دووشەممەی یەکەمی دوای چوارشەممەی دووەمی مانگی دیسەمبەر (ناوڕاستی مانگی 12) هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووی تۆمار بکات لە ڕێژەی دەنگدان و بەشداریکردنی خەڵک لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، چونکە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا زیاتر بێت لەو ڕێژە پێوانەییەی کە لە 1908 تۆمار کرابوو، کە بریتیی بوو لە 65% خەڵکی ئهمهریكا.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵدا نزیکەی 200 ملیۆن هاووڵاتی ئهمهریكی مافی دەنگدانیان هەیە. ئهمریكا تاکە وڵاتی دیموکراسی دنیایە، کە دوای ئەوەی کاندیدی سەرۆک بە زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیان هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، بەڵام هێشتا ناتوانێت ببێت بە سەرۆکی ئهمهریكا، چونکە سەرۆکی ئهمهریكا لە ڕێگای دەنگی ئیلیتکۆڕەڵ کۆڵیج-ەوە هەڵدەبژێردرێت نەک دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک. ئەم حاڵەتەش پێنج جار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئهمهریكادا دووبارەبۆتەوە، دواترینیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2016 بوو لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و هیلاری کلینتن. ئەگەرچی هیلاری کلینتن توانی نزیکەی سێ ملیۆن دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت لە دەنگدانی گشتیدا بەڵام لە کۆتاییدا دۆناڵد ترهمپ توانی زیاتر لە 304 دەنگ لە ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج بەدەست بێنێت لە بەرامبەردا هیلاری تەنها 227 دەنگی بە دەست هێنا، بۆیە ترهمپ بوو بە سەرۆکی ژمارە ٤٥ ی ئهمهریكا.
دەتوانین بڵێین لە هەڵبژادنەکانی ئەم خولەشدا، لە کۆی 50 ویلایهت، 40 ویلایهت دابەشبوون بەسەر ڕەنگی سوور و شین دا، واتە دەنگی خۆیان یەکلاکردۆتەوە بۆ کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان، تەنها 10 ویلایهت دەنگەکانیان بە خۆڵەمێشی ماونەتەوە. ئەم 10 ویلایهتەش پێیان دەگوترێت ویلایەتی جۆڵانێ (Swing States) چونکە تا کۆتای پڕۆسەکە دیار نییە زۆرینە دەنگ بە کام کاندید دەدەن. بۆیە کاندیدەکان هەر لە سەرەتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا فۆکەسی خۆیان خستۆتە سەر ئەم ویلایهتە خۆڵەمێشیانە. ئەمەش بەهۆی گرنگی ئەم ویلایهتانەیە لە یەکلایکردنەوەی ململانێی ماراسۆنی گەیشتن بە کورسی کۆشکی سپی، کە بریتین لە: پێنسلڤانیا، ئۆهایۆ، ویسکنسن، کارۆلینای باکوور، ئەریزۆنا، جۆرجیا، فلۆریدا، مینیسۆتا، ئایوا، نیڤادا.
دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن، سەرۆکی هەڵبژێردراو نزیکەی دوو مانگ و نیوی لەبەر دەست دەبێت تاوەکوو کابینەکەی پێکبهێنێت. دواتر بە گوێرەی دەستوور پێویستە سەرۆکی نوێی ئهمهریكا لە ٢٠-١-٢٠٢٥ لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئهمهریكا سوێندی یاسایی بخوات، ئەم ڕۆژەش بە ڕۆژی .دەستبەکاربوون (Inauguration Day) ناسراوە.
لە کۆتاییدا، پێموایە لەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا ترەمپ دەتوانێت سەرکەوتن بەسەر بایدن دا بەدەست بهێنێت. ئەمەش پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکاری خودی و بابەتی، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا ترەمپ دەبێتەوە سەرۆکی ژمارە 47 ی ئەمەریکا و دووبارە دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی