سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕۆژهەڵات و پاوانخوازی و کوشتارگا

بەشی دووەم

من وای دەبینم کە دەنێو وڵاتانی “ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست” و کۆی ئەو حیزب و دەستەڵاتدار و سیاسەتمەدارانەی کە بانگەشەی نەتەوەگەری و نەتەوەخوازی و نەتەوەپەرستی و ناسیۆنالیستبوونی خۆیان دەکەن، بە تایبەتی لە ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا و باقی وڵاتانی دیکەی ئەم جوگرافیایە، بێجگە لە پڕۆپاگەندە و ڕیکلام و بازاڕگەرمی و چەواشەکردن؛ هیچ سەنگ و ئەرزش و ویستێکی مرۆڤپەروەرانەی تێدا نییە. بەگشتی بەڵام نەک بە ڕەهایی، ئامانج لە خۆبەستنەوە بە هەر ئایدیۆلۆجیایەک، جا سەرزەمینی بێت یان ئاسمانی، دەنێو ئەم “ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست”ـەدا، فریودان و خۆڵ کردنە چاوی هاونیشتیمانیانە. هەڵبەت لە ڕێگەی خۆبەپیرۆزکردن، بە تایبەتی دەنێو سیاسەتی ئەم دەڤەرەدا؛ لە دێر زەمانەوە، پتر و پتر ماڵبات و خانەوادە دەستڕۆیشتوو؛ بە دیوە “ئۆلیگارشییەکەی” سیاسەتیان قۆرخ کردووە و لافی ئەوە لێدەدەن کە ئەوان نەبن وڵات سەرەوژێر دەبێت و دنیا بەسەر سەرماندا کاول دەبێت!

ئەوەی کە زۆر زاڵە لەم دەڤەرەدا کە بە “میسۆپۆتامیا” ناسراوە، ڕۆحی ستەمکارانەی سیستەمی باوکسالاری (پاتریارکی) بەرکەماڵە بە دیوە نەرێنی و کارەساتبارییەکەی، کە تیایدا ژنانی دەرکراو لە مێژووی مرۆڤایەتی بوو بە دۆخێکی نائینسانی و نایەکسانی. ئەگەرچی لە دنیای پێشکەوتوو هەوڵێکی وا دراوە کە ژنان بێنەوە ناو مێژوو، کە ئەگەر واش بێت ژمارەیەکی کەمینەیە و مایەی خۆشخاڵی نییە و زۆریان ماوە، بەڵام دەنێو “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بابەتی گفتوگۆێکی شێلگیرانە و ڕاستەقینە لەسەر ئەم پرسە هێشتا بوونی نییە. سیاسەتی خامۆشی و فەرامۆشی و پەرواێزخستنی خانمان وایکردووە کە هەر کەسێك بانگەشەی گۆڕانکاری بکات، بە نیاز پیس و تێکدەری بونیادی خانەوادە و کۆی هەیکەل و پەیکەری جڤات و کۆمیونیتی تۆمەتبار دەکرێن؛ گوایە کۆی مێژوو و سەروەری وڵات و مۆڕاڵی زێدە تۆکمە و دامەزراوەی میراتی باوک و باپیرانە دەکەوێت ژێر هەڕەشە!

ئەفسانەی وڵاتانی کۆماری و جەماوەرخواز

دەستەڵاتداران هەمیشە هەوڵدەدەن هەموو بڕیارەکان دەنێو چنگی خۆیاندا گیر بکەن، دەخوازن بێ قاندڕ و ڕکابەر و هاوبەش و ئۆپۆزسیۆن بن. بێ ڕەخنە و پرسیار و نەخێر و ئالانگاری؛ زۆربەی وڵاتانی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” خۆیان وەک “کۆماری/جمهوری و دیموکراسی دەناسێنن، کەچی وا نییە. ڕاستە پەرلەمان هەیە و گوایە ئەندامەکانی نوێنەری خەڵکن، بەڵام ئەگەر وا بووبێت؛ بۆچی پتر لە نیو سەدەیە لەم ناوچەیە هەر خوێنبارانە؟ کە مەحاڵە جەماوەر حەزی بەو کوشتارگا و خوێنبارانە بێت. هەزاران ساڵە “سوننە” و “شیعە” لە ناکۆکییەکی خوێناویدان و لە تەکفیرکردن و تەخوینکردن و تەجریحی یەکدی نەوەستاون؟ لە ڕێگەی کەناڵ و ماس میدیای بینراو و بیستراو و نووسراو، دژ بە یەکتری ئەدەبیاتێکی وەها بێزەوەر و دوور لە مۆڕاڵیان خستۆتە گەڕ کە نموونەی لە دنیادا کەمە، لە بەرپابوونی جەنگی “جمل” (حوشتر)ـەوە تا هەنووکە بەردەوامە!

خەڵک و جەماوەر لە ئاکامی ئەو شەڕ و کوشتارگا و جینۆسایدە، دەمێک ساڵە ژیانێکی دۆزەخییانە دەژین و بە هەزاران بوونەتە قوربانی، کەواتە کێن ئەو کەسانەی بەردەوام لە جەنگدان، لەسەر ئاستی سیاسی و ناکۆکی و مەزهەبگەرایی و خوێنخۆری؟ ئاخۆ ئەوەیان گوناهی “مەغۆلەکان” بوو؛ یان تاوانی “ئیسرائیل”، یان کۆلۆنالیست و ئیمپریالیزم کە لە ناوەڕاستی پەنجەکانی سەدەی بیستەم یەک لە دوای یەک پاشەکشێیان کرد و گەڕانەوە بۆ جوگرافیای خۆیان. کاتی خۆی سەرۆکی میسر ئەنوەر سادات بەر لە کوشتنی و لە ناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی بیستەم؛ لە وتەزایەکی پەندئامێزی خۆیدا درکاندنی کە قسەکەشی ڕەخنەگرانە بوو بەرامبەر کۆی دەوڵەتە عەرەبییەکان؛ “اتفق العرب على ألا يتفقوا”، واتە عەرەب لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون کە نەیەنە پای ڕێکەوتن.

لە هەرێمەکەی خۆشـمان، پارتی و یەکێتیی لە سەرەتای شەستەکانەوە ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان و دەبنە قاندڕ و ناحەزی یەکدی کە خوێناوی بوو، دواجار “گۆڕان”یش هاتە ناو بازنەکە؛ کە لە ئاکامدا باجەکەی هاونیشتیمانیانی کوردستان داوییەتی بە خوێنی خۆیان، هۆکاری ئەو لێکترازانە بە هەزاران لاپەڕەی خوێناوییە تۆمارەکەی. نموونەیەکی هەنووکەیی کە هەمووان ئاگادارین لێی، “ئەمریکا” دەمێک ساڵە دەخوازێت و دەپاڕێتەوە کە مەرجە ئەو دوو حیزبە هێزی پێشمەرگە یەکبخەنەوە، تا نووسینی ئەم چەند ڕستەیە هەواڵی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە بوونی نییە، لە ڕاستیدا بووەتە ئەفسانە، ئەوەیان تاوان و گەمەی چەپەڵ و گوناهی چ دەعەجانی و دێو و درنج و مۆنستەرێکە؟

لە ڕاپەرینەوە دەوڵەتی عێراق، داگیرکەرەکەی کوردستان، بە زەبری هێز دەرکرا، کەچی تا هەنووکە کوردستانی باشوور گیرۆدەی پاوانخوازی و ململانێ و خەسخەسە و دوو جەمسەرییە، کە دەورانێکی درێژخایەن لە ئاکامی “شەڕی ناوخۆ” دێگەڵە”یان کرد بە سنووری نێوان هەولێر و سلێمانی، تا ئێستاش ئەم دوو جەمسەرگیرییە و سنووری جیاکەرەوە وەک خۆی ماوە. لە ڕێگای “هەناران”ی بەینی هەولێر و سلێمانی، پۆلیسەکانی “خاڵی پشکنینی” هەردوو حیزبەکە بە جیا پشکنینی خەڵکی دەکەن، وێنەی ڕابەرانی هەردوو حیزبەکە و وێنەی شەهیدەکانی پارتی و یەکێتیی بە جیا هەڵواسراون. هەر یەکەیان وەک شوانەکان پاوان و مێرگ و جوگرافیای خۆی جیا کردۆتەوە. ئەوەیان تاوانی کام پیاو خاسێکە؟

پرۆفیسۆر ئیسماعیل بێشکچی بڕوای بەوە هەیە کە عەقڵ و زهنییەتی هەموو حیزبەکان “شوانکارەیی (ڕەعەویی، pastoral) و پاوانخوازییە لە هەر چوار وار و هەرێمی لە خاچدراو بە خەڵک و خاکەوە!

سووڕی مانگانە خانمان، وەک مێتافۆر

زۆرینەی خەڵکی بەو دۆخە نالەبارەش قایل و ڕەزامەندە و شوکرانەبژێرن و دەست بە دۆعا و نزاوەن کە کوردستان نەبێتەوە بە کوشتارگا و قەسابخانەکەی ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان، چونکە پتر کوڕە لاوەکانی چینە هەژارەکان دەبن بە قوربانی و وڵاتیش دەبێت بە کاولەئاش و باراشەکەی بێجگە لە خوێن ڕشتن و کارەساتباری هیچی دیکە نابێت. سەرباری نەبوونی کارەبا و ئاو و مووچەی قووتی لایەمووت کە لە کاتی خۆیدا نادرێت، کە بەڵگەیە بۆ مەرگی دروشمەکانی ڕۆژانی “راپەڕین”!

زۆرینەمان لە بیری ماوە کە لە سەرەتای گەرمەی “شەڕی براکوژی” زاتێکی ناودار و زمانحاڵی حیزبێکی ڕکابەر ڕایگەیاند کە شەڕی براکوژی وەک “سووڕی مانگانە”ی خانمانئاسا وایە، گوایە مەرجە “سووڕی خوێنی” جەنگاوەرانی ڕۆژانی شوومی شەڕی براکوژی بازنەی خوێناوی خۆی تەواو بکات، ئەوسا کۆتایی دێت. هەق لە هەر حەوت کیشوەرەکە بگەڕێیت “مێتافۆر” و شوبهاندنی وا عەنتیکە و ناوازە نادۆزینەوە، بەڵام خۆ ئەم گومان و پێشبینییە بە واقیعی بوو بە هەقیقەتێکی ژەهراوی و قسەی ئەو وتەبێژە ڕاست دەرچوو، بەڵام خودی سووڕی خوێناوییەکە بە فشار و بە فەرمانی “واشتن” نەبا لەوانە بوو تا ئێستا هەر نەوەستابایە.

تاوەکو ئێستاكێ خەڵک و جەماوەر لە گەڕانەوەی ئەو “سووڕی خوێن” و خوێنپژانە دەترسێن و زەندەق و هەترەشیان چووە، جا چ مانگانە، وەرزیی یان ساڵانە بێت!

بۆ من گرنگە بزانم ئەو هەموو مەرگەسات و خوێنبارانە بە ناوی نیشتیمان و نیشتیمانپەروەری بەڕێوە دەچێت، کەچی لەولاوە دەستەڵاتداران و فەرزەندەکانیان نوقڵانەی ئەوە لێدەدەن کە دنیا “شامی شەریفە” ئینجا بۆ نا؟ کە خۆیان خواییانە و شاهانە دەژین و لەولاشەوە خەڵکانی هەژار و نەدار و کەمدەرامەت؛ تا بێت هەژارتر دەبن، ئەم هەموو جیاوازییە لە پای چی؟ ئەمە چ دێوجامەیەکە بۆ نیشتیمانێک کە تا هەنووکە داگیرکراوی چوار وڵاتی شۆڤینیست و شەڕانگێزە. لێرەدا نیشتیمان دەبێت بە “دێوجامە” و تەڵە و فاقە و تەپکە و فێڵ و فریودان و چەواشەکاری!

چەندە مایەی غەمناکی و بێزاری و نەنگییە کە کۆنە شۆرشگێڕ و ناسیۆنالیست و دایک و باوکی کوردایەتی و خۆ بە سێکولار زان؛ سەرگەرمی بزنس و سەرمایەگوزاری بن، سەرباری بە خەساردانی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی. خەڵکیش وەک ئەوەی سواڵکەر و گەدا بێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە پێیان وایە تا خەڵک برسیتر بکرێت، پتر و پەرۆشتر ڕەدووی دەستەڵاتداران دەکەون لەبەر نەبوونی ژیانێک کە لەژێر سایەی ئەواندا بۆتە کولەمەرگی. گوایە “خودای باری تەعالا” هەر لە قالوبەلاوە وای دابەش کردووە. ئەوان دەڵێن لەوەتەی دنیا هەیە، هەژاری هەبووە و دەوڵەمەند و خواپێداویش هەر هەبوونە و هەرواش دەبێت. ئەرێ بە ڕاست وایە؟

ماویەتی

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO