كازم جه‌باری
مرۆڤ بوونه‌وه‌ره پیرۆزه‌كه‌ی سه‌ر گۆی زه‌وییه، هه‌موو یاسا ئاسمانی و زه‌مینییه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی ماف و ڕاگرتنی شكۆی ده‌كه‌نه‌وه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و یاسا و ده‌ستور و فلته‌ربه‌ندییه، كه‌چی هه‌ر ویسته شه‌ڕانییه‌كه‌ی مرۆڤه ده‌ستی ده‌چێته خوێنی مرۆڤێكی دیكه و شكاندنی شكۆ و پیاده‌كردنی سته‌مكاریی ده‌رحه‌ق به چینه سته‌ملێكراوه‌كه‌ی ژێرده‌ستی. هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه و له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤایه‌تی، گرووپی سه‌رده‌سته به به‌رنامه و به‌مه‌به‌ست بێت یاخود بێ مه‌به‌ست، ده‌ركه‌وتوون و شكۆی مرۆڤیان له‌كه‌دار كردووه و هه‌تا ئاستی كوشتن و قڕكردن و برسی كردن. ئیتر ئه‌م كرداره پیاده‌كراوه له‌لایه‌ن حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و جیهه‌تی خاوه‌ن پایه‌ی سیاسییه‌وه بێت یاخود كۆمه‌ڵایه‌تی و بزنس… هتد.
هه‌ندێكجار دڕنده‌یی مرۆڤ و قه‌باره‌ی تاوانه‌كه هێنده تراجیدییه گه‌یشتووه‌ته ترۆپك به‌جۆرێك مرۆڤ نه‌ك هه‌وڵی له‌ناوبردن و كۆمه‌ڵكوژیی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی داوه به‌ڵكو تراژیدیاكه به وێرانكردنی شار و شارۆچكه‌كان و تێكدانی ژینگه و شێواندنی كلتور و له‌ناوبردنی ژێرخان و ته‌واوی سیماكانی ژیان كۆتایی هاتووه. ڕه‌نگه جینۆسایدی ئه‌نفال و كیمیابارانی كورد باشترین نموونه بێت و یه‌كێك بێت له‌و تاوانه دڵڕه‌قانه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م كه له‌لایه‌ن “دەوڵەتی عێراق”ەوە ئه‌نجامدرا و جیهان له ئاستیدا شه‌رمه‌زاره. قه‌باره‌ی تاوانه‌كه هێنده گه‌وره‌یه، كه ئامانجه‌كه‌ی له‌ناوبردنی میلله‌تێكی سته‌ملێكراوی مەدەنی بێ چه‌ك و بێ پشت و په‌نابوو. ڕووداوه گه‌وره‌كه ناونرا ئه‌نفال له‌سه‌ر شانۆ و جوگرافیایه‌كی وه‌كو كوردستانی باشور له هه‌شت قۆناغ و له‌شه‌ش ناوچه‌ی جوگرافی جیاوازدا له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا جێبه‌جێكرا و هه‌موو فۆڕمه‌كانی كوشتن و له‌ناوبردن و برسیكردن و قڕكردنی له‌خۆگرتبوو. به هه‌موو جۆره‌كانی جینۆسایده‌وه نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو به‌شێكیش بوو له پۆله‌تیساید و دیمۆساید. لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین فۆكس بخه‌ینه‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی جینۆساید و پۆله‌تیساید و دیمۆساید. پاشان به نموونه‌ی واقیعی باشتر مه‌به‌سته‌كانی بابه‌ته‌كه‌مان بگه‌یه‌نین. هه‌روه‌ك جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه له‌سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م سێ چه‌مكه و خاڵی هاوبه‌ش و جیاوازی چه‌مكه‌كان ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و پرسی جینۆساید
ڕه‌نگه جینۆساید، یه‌كێك بێت له‌و چه‌مكانه‌ی له هه‌موو قۆناغه جیاوازه‌كانی مێژوودا ئاماده‌گی هه‌بووبێت، هه‌ر جاره‌ی به فۆڕمێك، له‌لایه‌ن گرووپه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه به‌شێوه‌ی جودا، به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر، به‌كارهێنرابێت و به‌رجه‌سته‌كرابێت. هه‌رچه‌نده ساته‌وه‌ختی به‌كارهێنانی وشه‌كه زاده‌ی ژانێكی ویژدان پڕوكێنه‌ره و تاوانێكی گه‌وره‌ی وه‌ك، هۆلۆكۆسته. كه له‌سه‌رده‌می ئه‌ڵمانیای نازیدا، ده‌رحه‌ق به گرووپێكی ڕه‌گه‌زی و ئاینی وه‌ك جووه‌كان ئه‌نجامدراوه. ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه قوربانیان و ڕزگاربووان له‌م كۆمه‌ڵكوژییه بیر له هێز و بازووی چه‌كوشی یاسا بكه‌نه‌وه له به‌رامبه‌ر هێزی زه‌عامه‌ت و چه‌ك و كوشتن و تۆقاندن و له ناوبردن. ئه‌مه‌ش خۆی له داڕشتنی ڕه‌شنووسی دیباجه‌یه‌كدا ده‌بینیه‌وه، كه ڕه‌نگڕێژ كرابوو به چه‌ند ده‌قێكی یاسایی. تا ڕێگری بكرێت له دووباره بوونه‌وه‌ی تاوانی هاوشێوه له‌سه‌ر گۆی ئەم زەویە و تۆڵه كردنه‌وه له بكه‌ری ئه‌نجامده‌رانی تاوان، تاوه‌نباران.
كاتێك ده‌قی یاساكان برانه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌گه‌ر چی سه‌ره‌تا هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تان پارێزبه‌ندیان هه‌ڵبژارد. به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆشیان تاوه‌نبار بوون به ئه‌نجامدانی ڕه‌گه‌زێك له ڕه‌گه‌زه‌كانی جینۆساید، چ به‌رامبه‌ر به میلله‌تی خۆیان یاخود ئه‌و میلله‌تانه‌ی داگیریان كردبوون. به‌ڵام دواجار زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هاتنه ژێرباری په‌سه‌ندكردنی یاساكانی تایبه‌ت به جینۆساید، به ئومێدی دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانی جینۆساید.
له جیهانی هاوچه‌رخدا، له به‌دبه‌ختی وڵاتانی سته‌مدیده، نه‌ك هه‌ر ده‌قه‌كانی یاساكه وه‌ك خۆی كاری پێنه‌كرا. به‌ڵكو جیهان شایه‌تحاڵی چه‌ندین تاوانی گه‌وره‌ی هاوشێوه‌ی هۆلۆكۆسته، ڕه‌نگه هه‌ر له نەتەوەی كورد دا، ئه‌نفال و كیمیاباران، هەروەها تازه‌ترینیان جینۆسایدی یه‌زیدییه‌كان، باشترین نموونه بن له‌سه‌ر دووباره بوونه‌وه و ئه‌گه‌ری چه‌ندباره بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی (جینۆساید)، كه یاسا ڕامی ناكات و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان لێی بێده‌نگه.
مێژووی به‌كاربردنی چه‌مكی جینۆساید
سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی جینۆساید ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساته‌وه‌ختی دوای ڕووداوه‌كانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌دۆڵف هیتله‌ر ڕاوێژکاری (سەرۆکی) ئه‌ڵمانیای نازی، كۆمه‌ڵكوژیه‌كی بێ وێنه‌ی له دژی جووە‌كان، ئه‌نجامدا کە له مێژوودا به “هۆلۆكۆست” ناوده‌برێت کە به‌ترسناكترین تاوان داده‌نرێت له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.
“ڕافائیل لێمكین” (١٩٠١-١٩٥٩) به یه‌كێك له داهێنه‌رانی چه‌مكی جینۆساید داده‌نرێت. ئه‌و توێژه‌ر و پارێزه‌رێكی جووی پۆلۆنی بوو، نزیكه‌ی هه‌موو خێزانه‌كه‌ی له هۆلۆكۆستی نازییەکاندا له‌ده‌ستدا. له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی جه‌نگی دووەمی جیهانی، چووه ڕیزی جه‌نگاوه‌ره نهێنییه‌كانی پۆڵۆنیاوه، دواتر پۆلۆنیای به‌جێهێشت و به‌ره‌و لیتوانیا به‌ڕێكه‌وت، دواجار له سوید گیرسایەوە و مافی په‌نابه‌رێتی لەوێ به‌ده‌ستهێنا. لە ١٩٤١، دوای مانه‌وه‌یه‌كی كورت له‌و وڵاته، مافی چوونه نێو ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی به‌ده‌ستهێنا، ئەوکاتئەو مامۆستای ڕشته‌ی یاسا بوو له زانكۆکانی دوكی و یالی، له هه‌مان قۆناغدا ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا بوو، هاوكات ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئابووری جه‌نگ بوو. دواتریش، ڕاوێژكاری سه‌رۆ‌كی ئه‌نجوومه‌نی دادگای نۆرمبێرگ بوو.
دوای ئەوەیدادگای نۆرمبێرگ له ئه‌ڵمانیا دامه‌زرا، لێمكین بوو بە ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی باڵای دادگاکە، کە به‌مه‌به‌ستی دادگایی‌کردنی سه‌رانی حكومه‌تی نازی ئه‌ڵمانی له شاری نۆرمبێرگی ئه‌ڵمانیا دامه‌زرا. ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م دادگاییكردنه‌دا ده‌وه‌ستێنران، بریتی بوون له سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كان و وه‌زیر و دادوه‌ر و پزیشك و خاوه‌ن كارگه‌كان و كه‌سانی تر كه ڕۆڵیان هه‌بوو لە به‌رقه‌راركردنی ده‌سه‌ڵاتی هیتله‌ردا، ئه‌وانەی تاوانی نه‌خشه بۆ كێشانی جه‌نگی ده‌ستدرێژی كارانەیان ئەنجام دابوو ، یان جینۆساید و به‌د ڕه‌فتاریان نواندبوو له‌گه‌ڵ یه‌خسیرانی جه‌نگم هەوەها تاوانی دژه مرۆڤایه‌تی و پێشێلكردنی گشتی یاساكانی جه‌نگ. له‌و ١٧٧ كه‌سەی له‌م دادگایه‌دا دادگای كران ٢٥ كه‌سیان به له‌سێداره‌دان سزادران و ٩٧ كه‌سیشیان به زیندانی درێژماوه له ١٥ ساڵ بۆ ٢٥ ساڵ زیندانی کران ٣٥ كه‌سیش بێگوناه ده‌رچوون.
كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، پشت به به‌ندی شه‌شه‌می ده‌ستووری دادگای نۆرمبێرگ ده‌به‌ستێت لە پێناسەکردنیجینۆساید و دەڵێت جینۆساید هەموو ئەو كردەوانە دەگرێتەوە كە مەبەستی لەناوبردنی تەواو یان بەشێك لەگرووپێكی نەتەوەیی، ئیتنیكی، ڕەگەزی یان ئاینی ئەنجام دەدرێت، بۆنموونە: كوشتنی ئەندامانی گرووپەكە؛ زیان گەیاندنی گیانی یا ڕۆحی ترسناك بە ئەندامانی گرووپەكە؛ بەئەنقەست خستنە ناو بارودۆخێكی واوە كە ببێتە هۆی فەوتاندنی بەشێك یان تەواوی ئەندامانی گرووپە دەستنیشان کراوەکە (ڕێک وەک ئەوەی لە زیندانی تۆپزاوە و دووبز و نوگرەت سەلمان ڕوویاندا)؛ پێش‌گرتن لە زاوزێكردن لەنێو گرووپەكە، واتە جیاکردنەوەی ژن و پیاو و کوشتنی پیاوەکان و هێشتنەوەی ژنەکان؛ یان دابڕینی بەزۆری منداڵان و گواستنەوەیان لە گرووپێکەوە بۆ ناو گرووپێكی دیکە، واتە جیاكردنەوە و هەڵاواردن و دوورخستنەوەیان لە خانەوادەی خۆیان. .
دوای ئه‌وه‌ی لێمكین، له گه‌رمه‌ی جه‌نگی دووەمی جیهانیدا هه‌موو خێزانه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا كه‌وته‌كار و ورده‌كاری و پێناسه و شیكاری بۆ ده‌سته‌واژه‌ی جینۆساید پێكه‌وه‌نا كه دواتر له یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا، وه‌ك پۆلێنكردنێكی سه‌ره‌كی دیارده‌كه دیاریكرا. ئه‌وه لێمكن بوو کە له ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشنیازی كرد كه یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی تاوانه‌كانی جینۆساید ده‌ربچێت.، پاشان به ئاشكرا له‌لایه‌ن كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه له ٩ ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨، سه‌ره‌ڕای دوودڵی هه‌ندێك له ئه‌ندامه‌كانی دانرا. له ١٢ ی كانوونی دووه‌می ١٩٥١ دا خرایه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. لێمکین له كتێبه‌كه‌یدا “بنكه‌ی تاوه‌ر له ئه‌وروپای داگیركراودا”، له ١٩٤٣ بۆ یه‌كه‌مجار چه‌مكی/ده‌سته‌واژه‌ی “جینۆساید”ی به‌كارهێنا. لێمكین جینۆساید وەک پلانێكی پێشوه‌خت و ڕێكخراو بۆ له‌ناوبردنی بناغه‌ی بوونی گرووپێک دەبینێت به هه‌موو ئامرازه‌كانی به‌رده‌ست بۆ ڕیشه‌كێشكردنیان. ئامرازەکان وەگەڕدەخرێن بۆ له‌ناوبردنی كلتور و زمان و ئایین و بزووتنه‌وه سیاسییه‌كانی گرووپەکە. كرده‌وەکانی‌شی به‌رامبه‌ر تاكه‌كان ده‌كرێن نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی تاكه‌كه تاوا‌نباره یان سیفه‌تی خراپی هه‌یه به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌ر به گرووپێكی دیاریكراوه. بۆ نموونه جوله‌كه‌كان به ئامانج گیران ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جووله‌كه بوون. قەرەجەکان به ئامانج گیران ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قەرەج بوون.
لێمكین، پێشه‌نگ بوو له پۆلێنكردنی جۆره جیاوازه‌كانی جینۆساید به پێی مه‌به‌ستی ئه‌نجامده‌ره‌كانی. ئەو پێناسه‌ی سێ جۆر جینۆساید ده‌كات به‌پێی كرۆنۆلۆجی و ڕه‌وتی گه‌شه‌پێدانیان. یه‌كه‌میان سه‌رده‌می كۆن ده‌گرێته‌وه كه به ته‌واوی یان نزیكه‌ی به ته‌واوی دانیشتوانه به‌زێنراوه‌كه‌ی شه‌ڕی لەگەڵ دەکرا له‌ناوده‌بران. دووه‌میان له سه‌ره‌تای مێژووی چاخی نوێ ده‌ستی پێكرد كه هه‌وڵی له‌ناوبردنی كلتوریان ده‌دا به‌بێ ئه‌وه‌ی زیانی فیزیكی به دانیشتوانه‌كه بگه‌یه‌نن. سێیه‌میان، ئه‌نجامده‌رانی نازییه‌كان بوو هه‌ر دوو فۆڕمی فیزیكی و كلتوری تێدا جێبه‌جێكرا. لێمكین، توانی ده‌نگی جووەکان له ڕووداوی هۆلۆكۆستدا بگه‌یه‌نێته نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان. وه‌ك یاسا ناسێكیش یاسای دانا بۆ به‌سزا گه‌یاندنی تاوانبارانی ئه‌و ڕووداوه گه‌وره‌یه. بەمەش لێمکین وەک یه‌كه‌م داهێنه‌ری چه‌مكی جینۆساید له مێژوودا ناسێنرا.
چه‌مكی جینۆساید
وشه‌ی جینۆساید له بنه‌ڕه‌تدا گریكی یان لاتینییە، جینۆس (genos) به‌واتای ڕه‌گه‌ز یان نه‌ته‌وه دێت، کایدۆ (caedo) واتای كوشتن یان فه‌وتان دێت. هەردوو وشەکە بەسەریەکەوە به مانای فه‌وتاندنی ڕه‌گه‌ز یان بنچه دێت، یاخود جینۆساید کە به مانای كرده و هاومانای كوشتاری به كۆمه‌ڵ دێت.
چوار ساڵ دوای دادگاییه‌كانی نۆرمبێرگ تاوانی جینۆساید له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه دانیپێنرا. وه‌ك له‌ناوبردن و تێكشكاندنی به ئه‌نقه‌ستی گرووپێكی ڕه‌گه‌زی یان ئیتنیكی یاخود ئاینی. ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی جیهان كوشتاری سیاسیشیان خستۆته سه‌ر ئه‌م پێناسه‌یه. ڕه‌نگه زاراوه‌ی كوشتنی به كۆمه‌ڵ بۆ وشه‌ی (جینۆساید)، هاومانایه‌كی باش بێت بۆ ناساندنی ئه‌م وشه دووبڕگه‌ییه. به‌كارهێنانه جیاوازه‌كانی بنه‌چه‌ی وشه‌كه هه‌رچۆنێك بێت. به‌ڵام ئه‌وه ڕوونه كه به مانای (مرۆڤ قڕان) كوشتن و فه‌وتاندن و له‌ناوبردنی به كۆمه‌ڵی مرۆڤ، یان گرووپێکی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئیتنیكی، ئایینی یان سیاسی به‌كاردێت.
به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی قه‌ده‌غه‌كردن و سزادانی ئه‌نجامده‌رانی تاوانی جینۆساید، كه له‌لایه‌ن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه پێشنیازكراوه، دوای گفتوگۆكردن له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر له ده‌وڵه‌تانه‌وه په‌سه‌ند كراوه. له ماده‌ی دووی ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌دا تاوانی جینۆساید، پێناسه‌كراوه به‌وه‌ی هه‌ركارێك به مه‌به‌ستی له ناوبردنی هه‌موو یان به‌شێك له كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام بدرێت. له ڕووی سیفاتی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زی و نیشتیمانی و ئاینی به تاوانی جینۆساید داده‌نرێت. هه‌موو ڕه‌فتارێكی فاشیستانه و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه ده‌رهه‌ق به مرۆڤ ده‌چێته خانه‌ی جینۆسایده‌وه.
ڕافایل لێمكینده‌رباره‌ی جینۆساید ده‌ڵێت: مه‌به‌ستمان له جینۆساید، وێرانكردنی ده‌وڵه‌تێك یان گرووپێكی نه‌ته‌وه‌ییه. جینۆساید ئاراسته‌ی گرووپی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێت. كرده‌كان ئاڕاسته‌ی تاكه‌كان ده‌كرێت نه‌ك له‌به‌ر توانا كه‌سییه‌كانی خۆیان، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌ندامێتیان له گرووپێكی نەتەوەیی. خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌و پێناسانه‌ی بۆ جینۆساید كراوه جه‌خت له‌سه‌ر پرنسیپ و ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی و به‌های پاراستنی شكۆی مرۆڤ ده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌ی له پێناسه‌كه‌ی لێمكین تیشكی نه‌خرابووه سه‌ر، له پێناسەی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا، به چڕی خراوەتەڕوو کە لە پێشەوە ئاماژه‌ی پێدراوه. بەپێی مادده‌ی سێیه‌می په‌یماننامه‌كه جینۆساید و پلانگێڕان بۆ جینۆساید و هاندانی ڕاسته‌وخۆ و ڕاشكاوانه بۆ جینۆساید‌و هه‌وڵدان بۆ جینۆساید و تێوه‌گلان له جینۆساید، هەموویان سزایان لەسەرە
چه‌مكی پۆله‌تیساید
پۆله‌تیسایٍد یه‌كێكه له‌و چه‌مكانه‌ی كه له هه‌ناوی جینۆسایده‌وه سه‌ری ده‌رهێناوه، بنه‌چه‌ی زاره‌كه گریكییه و له وشه‌ی پۆلەتیک (politic) واتە سیاسه‌ت و پاشگری کایدۆ (caedo) واته كوشتن پێکهاتووه، بەسەریەکەوە واتە”كوشتن به‌هۆی بیروبۆچوونی سیاسیی”ـەوە” دێت. پۆله‌تیساید گوزارشتكردنه له‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی به پاڵنه‌ری سیاسی ئه‌نجام ده‌درێت. مه‌رج نییه جینۆساید و پۆله‌تیساید دوو تاوان و دیارده‌ی جیاواز بن به‌ڵكو ده‌شێت كۆمه‌ڵكوژییه‌كان له‌یه‌ك كاتدا هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌یان تێدابێت. ڕژێمی جۆزیف ستالین له یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی جاران؛ما‌و سی تۆنگ له چین؛ پۆڵ پۆت له كه‌مبۆدیا؛ هەروەها سه‌دام حوسێن له عێراق هه‌موویان ئه‌و نموونانه‌ن به هۆكاری سیاسی كۆمه‌ڵكوژی ناوخۆییان ئه‌نجام داوه.
بەگشتی پۆله‌تیساید ڕه‌گه‌زێكی شوێنی وه‌رده‌گرێت كه زۆرتر ناوخۆییه. به‌زۆری پۆلێنبه‌ندییه‌كه تاوانه‌كانی ئه‌و ڕژێمه دیكتاتۆریانه ده‌گرێته‌خۆی كه نه‌یاره سیاسییه‌كانیان كۆمه‌ڵكوژ كردووه و جیاوازییه سیاسییه ناوخۆییه‌كانیان كردووه به به‌هانه‌یه‌ك بۆ كوشتن و له‌ناوبردنی نه‌یاره‌كان و ڕكابه‌ره‌كانیان. ڕژێمەکان له پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان هه‌موو ڕێگه‌یه‌كی وه‌ك كوشتن و توانه‌وه و قڕكردنیان گرتوه‌ته‌به‌ر.
چه‌مكی دیمۆساید
دیمۆساید، ئەویش چه‌مكێكی لاتینییه و له ڕووی زاراوه‌وه‌سازییه‌وه له دوو وشه پێك دێت ئه‌وانیش دێمۆس (demos) واتە دانیشتوان یاخود خه‌ڵك دێت لەگەڵ کایدۆ (caedo) واته كوشتن.. هه‌ردوو وشه‌كه‌ش پێكه‌وه به مانای “كوشتنی دانیشتوان” یاخود “خه‌ڵك كوشتن” دێت. ئه‌مه‌ش چه‌مكێكی گشتگیرتره له جینۆساید و پۆله‌تیساید، كه مه‌به‌ست لێی ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌یه كه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كان (ده‌سه‌ڵاتداره‌كان)ـه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت بێ ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی سه‌ربه چ گرووپێكی تایبه‌تن یان ڕه‌گه‌زیان چییه… بۆیه توێژه‌رانی بواری دیمۆساید جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، دیمۆساید هێنده به‌رفراوانه هه‌موو چه‌مكه‌كانی (جینۆساید، پۆله‌تیساید، ترس و تۆقاندن كۆمه‌ڵكوژی و تیرۆری ده‌وڵه‌تی و…هتد) ده‌گرێته‌وه. به‌پێی داتای لێكۆڵه‌ری ئه‌مریكی (ڕ. ج. ڕومێل)، كۆی ئه‌و كرده‌وانه‌ی له جیهاندا ده‌چنه خانه‌ی دیمۆسایده‌وه له ماوه‌ی نێوان ساڵانی ١٩٠٠ بۆ (١٩٨٧) بە ١٦٩ ملیۆن کەس خه‌مڵێنراوه. خۆ ئه‌گه‌ر ژماره‌ی كوژراوانی بێته‌سه‌ر و خه‌ڵكی سڤیلیش كه له جه‌نگه‌كاندا كوژراون له‌توانای تێگه‌یشتنی مرۆڤ تێده‌په‌ڕن.
به‌پێی خه‌مڵاندنێكی دیكه‌ی ڕومێل بۆ ته‌واوی قوربانییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ناویاندا كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ڕواندا و یوگسلاڤیا و تیمۆری خۆرهه‌ڵات هتد، ژماره‌ی قوربانی و كوژراوه‌كان به‌رزده‌بێته‌وه بۆ پتر له ١٧٤ ملیۆن كه‌س، بێگومان ئه‌م ژمارانه به‌رزده‌بنه‌وه به گرتنبه‌ری سیاسه‌تی خه‌ڵك قڕكردن، كوشتنی خه‌ڵك به‌بێ و هۆ و كردنه به‌شێك له سووته‌مه‌نی جه‌نگه‌كان و ناكۆكییه سیاسییه‌كان و ته‌ماحه ئیمپریالیستییه‌كان و حه‌زی داگیركاری و ئاره‌زووی مانه‌وه له ده‌سه‌ڵات. و زۆر هۆكاری تر هانده‌رن بۆ ئه‌نجامدانی له‌ناوبردنی دانیشتوان و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئیدی له ناوخۆی وڵاتێك بێت یان هێرشكردنه سه‌ر وڵاتێكیهاوسێ یاخود دوور بێت. ئه‌مانه نمونه‌گه‌لێكن به‌شێكن له سیما دیاره‌كانی دیمۆساید.
به‌و پێیه‌ی دیمۆساید گوزارشت له قڕكردنی ته‌واوی خه‌ڵك و دانیشتوان ده‌كات، پۆلینبه‌ندییه‌كه جوداناكاته‌وه له‌سه‌ر ئاستی پێكهاته‌ی ڕه‌گه‌زی و ته‌مه‌ن و ئینتیمای سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی… هتد. به‌ڵكو سیفه‌تی مرۆیی و له‌سه‌ر بنه‌مای مرۆڤی چه‌مكه‌كه داده‌ڕێژێته‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌ش جیاوازی دیمۆساید له‌گەڵ جینۆساید و پۆله‌تیساید.
په‌یوه‌ندی له‌نێوان جینۆساید و پۆله‌تیساید و دیمۆساید
په‌یوه‌ندی و خاڵی هاوبه‌شی نێوان هه‌رسێ چه‌مكه‌كه بریتیه له “كوشتن” و “دیاریكردنی ڕه‌گه‌زی کوژراوکە كه بەگشتی ئەندامی گرووپێکی نەتەوەیی، ئتینی، ڕەگەزی یان ئایینییە کە له‌سه‌ربنه‌مای ئیدانه‌كردنی پرۆسه‌ی كوشتن و قڕكردن و له‌ناوبردن و گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆ بۆ مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی دامه‌زراوه. وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌رگرتن و ڕێگریكردن له‌و مه‌ینه‌تی و به‌ربه‌ریه‌ته‌ی كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت و گرووپگه‌لی به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رامبه‌ر خه‌ڵك به‌كارهاتووه. به‌و مانایه‌ی هه‌ر سێ چه‌مكه‌كه باس له به‌كارهێنانی هێزی فیزیكی و جه‌سته‌یی و ده‌روونی ده‌كات و له‌لایه‌ن گرووپێكی سه‌رده‌سته‌ی خاوه‌ن هێز به‌رامبه‌ر به كه‌س یان گرووپێكی ژێرده‌سته‌ی لاواز، مه‌به‌ست و ئامانجه‌كه‌ش كوشتن و له‌ناوبردنه. ئه‌گه‌رچی پۆله‌تیساید پیشه و سیفه‌ت و هۆكاری كوشتنه‌كه دیاری ده‌كات كه هانده‌ره‌كه جیاوازییه سیاسیه‌كانه، واتە هۆكاره‌كه له سیاسه‌تدا زه‌قده‌كاته‌وه و ده‌یكات به به‌هانه‌ی له‌ناوبردن. هه‌روه‌ها جینۆسایدیش ماناكه‌ی كه‌متر نییه له دیمۆساید ئه‌گه‌رچی له جینۆسایدا ڕه‌گه‌ز و جۆر و پێكهاته‌ی ئایینیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی… هتد، دیاری ده‌كات. هه‌رچه‌نده جینۆساید چه‌مكێكی بڵاوتره و هه‌موو چه‌مكه‌كانی تر له‌هه‌ناوی جینۆسایده‌وه سه‌ریان ده‌رهێناوه و دواتر تێورایزه‌كراون کەچی دیمۆساید یه‌كێكه له‌و چه‌مكانه‌ی كه مانایه‌كی فراوانتر له جینۆساید و پۆله‌تیساید ده‌گرێته‌خۆ، بەکورتی: دیمۆساید بریتیه له “كوشتی دانشتوان یان هه‌ر كه‌سێك یاخود خه‌ڵك، بەگشتی له لایه‌ن حكومه‌تەکانە‌وه ئه‌نجام ده‌درێت و جینۆساید و پۆلیتیساید و كۆمه‌ڵكوژیش ده‌گرێته‌وه.بەڵام جینۆساید له نێو شته‌كانی تردا كوشتنی خه‌ڵكه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، به هۆی پەیوەستبوونیان و ئه‌ندامێتییان له گرووپێكی دیاریكراودا له‌سه‌ر بنچینه‌ی نه‌ژاد، نه‌ته‌وه، ئایین، یان زمان. کەچیپۆلیتیساید كوشتنی كه‌سێكە یان خه‌ڵكانێکە له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه به هۆی پەیوەستبوونیان به گرووپێكی سیاسییه‌وه یان به‌هۆكارگه‌لێكی سیاسی دیکەوە. هاوشێوەی چەمکەکانی دیکە، كۆمه‌ڵكوژی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه و قێزه‌ونه بۆ جنسی مرۆڤ، به هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلی قبوڵكردن نییه (بڕوانه ئه‌و خشته‌یه‌ی خواره‌وه، کە جه‌خت له په‌یوه‌ندی نێوان جینۆساید و پۆله‌تیساید و دیمۆساید ده‌كاته‌وه).
خشتەی (١)
ڕەهەندەکانی پەیوەندی نێوان جینۆساید و پۆله‌تیساید و دیمۆساید
| به مه‌به‌سته‌وه | جه‌نگ (نێوده‌وڵه‌تی، ناوخۆیی) |
| دیمۆساید | جینۆساید |
| كوشتنی جووە‌كانی قوبرس له لایه‌ن نازییه‌كانه‌وه‌كوشتنی ڤێتنامییه‌كان له لایه‌ن خمیر ڕوژ.كوشتنی جێرمانه‌كانی ڤۆڵگا، له لایه‌ن سۆڤیه‌ته‌وه. | |
| پۆلیتیساید | |
| پاكتاوكردنه‌كانی هیتله‌ر له ١٩٣٤.كوشتنی ناسیۆنالیسته‌كان له لایه‌ن ڤێت مین.بۆمبارانكردنی فڕۆكه‌وانی له لایه‌ن لیبیاوه. | |
| كۆمه‌ڵكوژی | |
| تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌كانی نازی له یوگسلاڤیا.ده‌ستدرێژییه سێكسیه‌كانی ژاپۆن بۆ سه‌ر نانكینگ.كوشتنه‌كان له ڤێتنام به كۆتا | |
| تیرۆر | |
| كوشتنه‌كانی ده‌سته‌ی خه‌ڵك له گواتیمالا.كوشتنی كۆمۆنیسته‌كان له لایه‌ن ستالینه‌وه له ١٩٣٦- ١٩٣٨.بێسه‌روشوێن كردنه‌كان له ئه‌رجه‌نتین. | |
| به بێ مه‌به‌ست | گرانیی: به‌هۆی سروشته‌وه، گرانییه گه‌وره‌كه‌ی چین له ١٩٥٩-١٩٦٢.نه‌خۆشی: له سروشته‌وه، په‌تای ئه‌نفلۆنزای سه‌رانسه‌ریی له ١٩١٨.له حكومه‌ته‌وه: مه‌به‌ست له‌و په‌تایانه‌یه كه به‌مه‌به‌ست بڵاوده‌كرێنه‌وه ده‌چنه خانه‌ی دیمۆسایده‌وه، ده‌شێ جینۆساید، پۆلیتیساید یان كۆمه‌ڵكوژی بن. وه‌ك: گرانه‌تا له سۆڤیه‌ت له ١٩١٨-١٩٢٣.كاره‌سات، زریان، بومه‌له‌رزه، ئاگر، … هتد |
سه‌رچاوه‌كان
1. كاوه عه‌بدولڕه‌زاق، عه‌مه‌لیاتی ئه‌نفال و ڕۆڵی میدیا له ناساندنیدا، گۆڤاری سه‌نگاو، ژماره (٣-٤)، پایز و زستانی ٢٠٠٦.
2. كه‌نار جه‌مال، گه‌لی كورد و تاوانی جینۆساید. گۆڤاری كه‌وانه، ژماره (٢٢) ی ئابی ٢٠١٣.
3. چنار نامیق، جینۆساید و ئه‌نفالی كورد. چاپخانه‌ی كارۆ، چاپی یه‌كه‌م، كه‌ركوك ٢٠١٣.
4. عبدولقادر ساڵح، فه‌رهه‌نگی سیاسی سه‌با، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی ٢٠٠٨.
5. یایر ئاورۆن، (جینۆساید)، ڕووه تێورێكانی لێكۆڵینه‌وه له جینۆساید، وه‌رگێڕانی مهاباد قه‌ره‌داغی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر، ٢٠١٩.
6. بنیامین نیوبێرگه‌ر، جینۆساید، كۆمه‌ڵكوژی له خاكی هه‌زار ئاگر دا ڕواندا له (١٩٩٤)، وه‌رگێڕانی: مه‌هاباد قه‌ره‌داغی، چاپخانه‌ی شه‌هاب، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، ٢٠١٧
6. شه‌فیقی حاجی خدر، ده‌قی په‌یماننامه‌ی ڕێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید، وه‌رگێڕان، گۆڤاری ئه‌نفالناسی، ژماره (٢)، ١٤-٤-٢٠١٨.



