سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

حەشامات، لە ونبوونی کەسایەتی و بەرپرسیارێتی دا

جاحیز (جاحیظ) کە لە ١٥٩ ی کۆچی لە بەسرە لە دایک بووە و یەکێکە لە ئەدیبە گەورەکانی سەردەمی عەبباسی؛ لە سەدەی سێیەمی کۆچی، وەسفی خەڵکی سەردەمی خۆی دەکات و دەڵێت “دەروونی کۆیلە و سروشتی مێگەل و ڕەفتاری ڕەشۆکییان هەیە”. ئەوەی کە لە سەدەی بیست و یەکەمیش هەر بەردەوامە و هەلا هەلای کردووین، ئەوە هەمان ئەو سروشتە مێگەلئاسا و حەشاماتییەیە.

مرۆڤ لەناو “حەشامات” دا، خۆی نابینێت، هەست بە بەرپرسیارێتی قسە و گوفتار و ڕەفتارە تایبەتییەکانی ناکات. بە کوردی ئەوانەی بەشێکن لە حەشامات، مرۆڤن بەڵام کەسایەتییان تا ئاستێکی زۆر ون کردووە، چونکە کەسایەتی ئەوان بەستراوەتەوە و بەشێکە لە قەرەباڵغی. ئەو قەرەباڵغییەش، هەر لە خێزانەوە بگرە تا دەگاتە کۆڵان، قوتابخانە، مزگەوت و حیزب… هتد. تاک لە قەرەباڵغیدا تەنها وابەستە و شوێنکەوتەیە. هەموو ئاکار و ڕەفتار و سایکۆلۆجیا و بیرکردنەوەکانی لە قالب و چوارچێوەی کۆمەڵگەدا، لە یەکەم چرکەساتی لەدایکبوونیدا بینا دەکرێن و لەقالب دەدرێن. کاتێک گەورەش دەبێت، هەموو میراتەکانی کۆمەڵگە لە ئایین و ئایدیۆلۆجیا و ئەخلاق و ڕەفتار و کردار و توڕەبوون و دڵخۆشییەکانی قەرەباڵغی هەڵدەگرێت. کەواتە گرنگە بزانین حەشامات چییە، لە چییەوە دێت و چۆن دێت؟

گۆستاف لۆبۆن یەکێکە لەو بیرمەندانەی کە لەو بوارەدا کتێبێکی نووسیوە بەناوی “قەرەباڵغی: لێکۆڵینەوەیەک لە ئەقڵی باو” (١٩٨٥)، دیدێکی پێشەنگانەیە دەربارەی سایکۆلۆجیا و ڕەفتاری قەرەباڵغی (حەشامات). لێرەدا لۆبۆن ئاماژە بە چەند خەسڵەتێک دەکات، لەوانە: ساویلکەیی، کە یەکەم خەسڵەت و خراپترین خەسڵەتە. ئەو تاکانەی لەناو قەرەباڵغی دان، یا حەز بە قەرەباڵغی دەکەن، بە گشتی ساویلکەن، واتە بێ فیکر و دونیابینین، بەها و قورسایی خۆیان لە قەرەباڵغیدا دەبینن، کە هەندێک جار فۆڕمی خێڵ و شارچێتی و تەنانەت حیزبیش وەردەگرێت. وەکو ئەنجامێکیش بەهۆی ئەو ساویلکەییەوە خێرا دەبن بە بەشێک لە حەشامات. ئەو کەسانەی بەشێکن لە حەشامات تا ئاستێکی زۆر لەژێر کاریگەریی دەوروبەر دان و بە ئاسانی ڕازی دەکرێن. لۆبۆن پێی وایە بوون بە بەشێک لە حەشامات دۆخێکی سایکۆلۆجی تایبەت دروست دەکات کە بیرکردنەوە تیایدا پاشەکشە دەکات و کەسی ساویلکە تیایدا دیار نامێنێت.

لەپاڵ ئەو خەسڵەتەش، خەسڵەتێکی دیکە، کە دەکرێت وەکو تەواوکەری یەکدی بن لەگەڵ ساویلکەیی، ئەویش نادیاربوونە. نادیاربوون، چەمکێکی ناوەندیی و گرنگی ئەو تیورییەیە. لۆبۆن ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو نادیاربوونەی بەهۆی قەرەباڵغییەوە دەڕەخسێت، تاکەکان وا لێدەکات هەست بە بەرپرسیارێتی خۆیان نەکەن بەرامبەر بە کار و کردەوەکانییان. ئەم کەمبوونەوەی لێپرسینەوە دەتوانێت تاکەکان بوێر بکات بۆ بەشداریکردن لەو ڕەفتارانەی کە ڕەنگە بە تەنها بن، نەیکەن. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ڕەفتاری ناعەقڵانی یان دژوار و ئاڵۆز.

ئەندامبوون لە حەشامات، کە زۆرینەی کۆمەڵگە تیایدا ئاسوودەیە، وەکو “توشبوون” وایە. هەست و ڕەفتارەکان دەتوانن بە خێرایی لەناو قەرەباڵغیدا بڵاوببنەوە، لە ڕێگای پڕۆسەیەکەوە، لۆبۆن ناوی دەنێت “پەتا”. پەتا زیاتر ڕەهەندێکی نەرێنیی هەیە تا ئەرێنی. مرۆڤ لەناو حەشاماتدا، چونکە کەسایەتی خۆی لەدەست دەدات، سیستەمی بەرگریی لە هزر و بیرکردنەوەیدا نامێنێت و دەبێتە هەڵگری ڕەفتاری حەشامات، ڕێک وەکو مێگەل. بۆ نموونە، پەتای جنێودان ڕێژەیەکی زۆر لە ئایدیۆلۆجیست و هەندێک لە دیندارەکان بەو خەڵکانەی کە هاوڕا نین لەگەڵیان جۆرێکە لەو پەتایە. تاکەکان لەناو قەرەباڵغیدا دەتوانن لەژێر کاریگەری هەست و کردارەکانی ئەوانی دیکەدا بن، ئەمەش دەبێتە هۆی بارستاییەکی زۆریی سۆزداری، کە بۆی هەیە بە خێرایی گەشە بکات. ئەم جۆرە پەتایە، کە ڕەهەندی نەرێنی بەهێزترە، بەڵام دەکرێت هەندێک جار وەکو کەرەستە بە ئاراستەی  ئەرێنیشدا ببرێت. لە ئەنجامدا کردارەکان لە ئاهەنگگێڕانی جۆش و خرۆشەوە تا نائارامی و توندوتیژی لێ بکەوێتەوە.

لە ئاکامی ئەو تووشبوونەشەوە، مرۆڤەکان دەبن بە هەڵگری خەسڵەتێکی دیکە، ئەویش “یەکجۆربوونە”. لەناو حەشاماتدا تاکەکان دەستبەرداری جیاوازییەکانی خۆیان دەبن و دەبن بە بەشێک لە حەشامات. لەوێدا یەکێتیی و یەکدەنگیی لەنێوان ئەندامانی حەشاماتدا بەهێزە، ئامادەن بۆ قبوڵکردنی پێشنیاز و هەموو جۆرە نواندنێک.

لەناو حەشاماتدا ڕێبەرێتیی ڕۆڵێکی باڵای هەیە لە داڕشتنی ڕەفتاری حەشامات و قەرەباڵغی. لۆبۆن جەخت لەوە دەکاتەوە؛ سەرکردە و ڕێبەرەکان کە خاوەنی سیفەتی وەک متمانەبەخۆبوون و لێهاتوویین لە گێڕانەوە و گوتار دروستکردن، دەتوانن کاریگەرییەکی بەهێزیان بەسەر خەڵکدا هەبێت. وزەی خەڵك بەرەو ئامانجی تایبەت و بەسوود یا خراپ ببەن. هەرچەندە یەکێک لەو ڕەخنانەی کە لەو ڕوانگە تیورییەی لۆبۆن گیراون بەوەی کە جۆرێک لە حەتمییەت لەو ڕوانگەیەدا هەیە و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی سنووردار دەکات، بەڵام ئەو ڕوانگەیە گرنگی خۆی هەر لە دەست نادات بەهۆی ئاڵۆزییەکانی داینامیکی گرووپ و ئەگەری بەدەستهێنانی هەردوو ئامانجە ئەرێنی یان نەرێنییەکان لەناو ژینگەی کۆمەڵایەتییدا.

لە واقیعی ئێستای کۆمەڵگەی ئێمەدا، چەندن ئەوانەی کە بەشێک نین لە حەشامات؟ بێ ئەوەی بیر لە هەموو ئاراستەکانی ژینگەی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی و کلتوریی و ئایینی بکەنەوە، زۆرینەی مەست و خۆشحاڵە یا نائارام و نیگەرانە لە چوارچێوەی خۆشحاڵی و نائارامی عەقڵی بەکۆمەڵی ژینگەی کۆمەڵایەتیی. ئەگەر ئەو ڕەفتار و ئاکارەی حەشامات هۆکارێک بێت بۆ ئارامیی و سەقامگیریی، لەهەمان کاتدا سەردەکێشێت بۆ دواکەوتن و کوێریی فیکریی. بیرکردنەوە جیاوازەکان لەو جۆرە ژینگەیەدا هەمیشە لەبەردەم مەترسیی و هەڕەشەدان.

ئەندامانی حەشامات، خاوەنی هیچ داهێنان و بیرکردنەوەیەک نین، بۆیە لە تەنیایی دەترسن. هەر خێرا دەست بۆ سوکایەتی و دژایەتیکردنی بەرابەریش دەبەن ئەگەر بۆیان ئاشکرا بوو کە ئەو کەسە بەشێک نییە لە حەشامات، یان بەمانا نەریتییەکەی ئەو کەسە لە دەرەوەی حەشامات بیر دەکاتەوە و خاوەنی ڕا و بۆچوونی خۆیەتی. لەوێدا ئەندامانی حەشامات پێیان وایە ئەو کەسە کە چیدیکە ئەندامی حەشاماتەکەی ئەوان نییە، مەترسییە لەسەر سیستەم و بەها و نۆرمەکانی حەشامات، بۆیە هەر خێرا دەکەونە وەڵامدانەوە و لێدان لە کەسایەتی ئەو جۆرە کەسانەی کە چیدی ئەندامی ئەو قەرەباڵغییە نین. لێدانەکەی ئەوە نییە بە ڕەخنە و فیکر وەڵامی ئەو دژە حەشاماتە بداتەوە، بەڵکو بە جوێن و هەڕەشە دەکەوێتە سوکایەتی پێکردن و ناشیرین کردن.

لە میانەی گفتوگۆمدا لەسەر حەشامات، پێی گوتم، هاوڕا نیم لەگەڵت، “گورگ تەنها پەلاماری ئەو مەڕە دەدات کە لە مێگەل دابڕاوە”.  پێم گوت؛ ئاخر تۆ لە فۆرمەکانی حەشامات و پانتاییەکانی دەرەوەی حەشامات حاڵی نەبوویت. ئەو کەسەی لە حەشامات دادەبڕێت، چونکە بیر دەکاتەوە، دەیەوێت بۆ خۆی بەرپرسیار بێت لە بەرپرسیارێتییەکانی. دەیەوێت کەسایەتی خۆی هەبێت و دیار بێت، نەک کەسایەتییەکەی لەناو مێگەلدا دیار نەمێنێت و بسڕێتەوە. بەکورتی نایەوێت ساویلکە بێت. نایەوێت لەسەر میرات بژیت. بەلای ئەو، میرات پیرۆز و ناپیرۆزی نییە، میرات هەر میراتە. ئەو دەیەوێت لە دەرەوەی میرات و بەبێ میرات خۆی بسەلێمێت، دەیەوێت بەکارهێنەر و خۆپەرست نەبێت، بەڵکو ئەو کەسایەتییە متمانەی بە خۆی هەیە و دڵنیایە لە دەرەوەی مێگەل زیاتر دەتوانێت متمانە بە خۆی زیاد بکات و ببێتە خاوەنی فیکر و سەرمایەی سیمبوڵیکیی تایبەت بە خۆی، چونکە بۆ مرۆڤی وشیار، “مێگەل” لە فۆرمە باوە نەریتییەکانی وەک خێڵ، خێزان، کۆڵان، پەرستگا و حیزبدا، هەرگیز سەرمایەیەکی مۆدێرن و بەهادار نییە.

ئەوەی دەمانکات بە مرۆڤی تەواو، ئەندامبوون لە مێگەل نییە، کە ساویلکە و نادیار بیت، ماددە و بەسەر یەکەوەنان و کەڵەکەکردنی شتومەک نییە، حەزکردن بە قەڵەباڵغی و بێ بەهابوون نییە، بەڵکو ئازادبوونە لە هەموو ئەو شتانە، هزر و هۆشیارییە، شکۆی هاوڵاتیبوون و سەروەریی نەتەوەیە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO