سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

زمانی هاوبەشی کوردی بۆ هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان لە ڕووی زمان و زارەوە فرەچەشنە. زمانی سەرەکیی هەرێمەکە کوردییە، لەپاڵ زمانی کوردی، زمانی نەتەوەکانی دی وەک سریانی و تورکمانی و ئەرمەنی و عەرەبی هەیە کە لە دەستووری عێراق-دا بە ڕەسمی ناسێنراون.

 لە نێو ئەم زمانانە، عەرەبی کە زمانی باڵادەستی هەموو عێراق و کوردستان-یش بوو، لە دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی تەعریب خوێندن هەمووی کرایەوە بە کوردی، عەرەبی ئەو دەسەڵاتەی جارانی نەما. زمانەکانی سریانی و تورکمانی، ئەمانە دوو پێکهاتەی گرنگی هەرێمی کوردستان-ن، زمانەکانیان لە پەروەردەی هەرێم بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بۆ خوێندن بەکار دێن. هەرچەندە بەم دواییە، پاشەکشێ دەستی پێ کردووە و کەمتر پێیان دەخوێنرێ. هەرچی زمانی ئەرمەنییە، زمانی کۆمەڵگەیەکی ئەرمەنیی مەسیحییە و لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن، ئاخێوەرانی ئەم زمانە بە ژمارە زۆر کەمن و زمانەکەیان لە سیستەمی پەروەردە پێی ناخوێنرێ. لە ڕووی زار و شێوەزاریش، درێژبوونەوەی چوار زاری سەرەکیی کوردی لە باشووری کوردستان هەیە: کوردیی ناوەندی کە زاری سەرەکییە، بنزاری بادینی لە پارێزگای دهۆک کە سەر بە کوردیی باکوورە، هەورامی لە هەورامان و کوردیی خواروو کە بە کەڵهوڕی ناسراوە لە ناوچەی خانەقین و مەندەلی قسەیان پێ دەکرێ.

 سیاسەت و پلانی زمان بۆ ئەم هەرێمە فرەزمان و زارە، پێویستە ڕەنگدانەوەی کلتووری هەرێمەکە بێت کە زمانی نەتەوەیەکە فرەزارە، لەگەڵ زمانی کەمینە نەتەوەکانی دیکەش کە لە کورد بە ژمارە کەمترن.

هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی نەتەوەیییە، لەم قەوارە نەتەوەییەدا یەک زمانی هاوبەشی نەتەوەیی پێویستییەکی حەتمییە. فرەزمانی لە دەوڵەتێکی فرە-ئیتنیک و فرە-نەتەوە ئاساییە، وەک عێراق، کەنەدا، سویسرا، بەلجیکا، هیندستان، ئەندەنۆسیا، باشووری ئەفەریقا، بەڵام فرەزمانی لە یەک قەوارەی نەتەوەیی، فرەزمانی و فرەنەتەوەیی بەرهەم دێنێت. نەبوونی زمانێکی هاوبەش بۆ هەرێمی کوردستان، هۆکارێکە بۆ نەبوونی یەکێتیی نەتەوەیی و جێگیر نەبوونی قەوارەی هەرێم لە باشووری کوردستان-دا. زمانی هاوبەش، ئامرازێکی گرنگە بۆ یەکخستنی زارەکان و پێکهاتەکان و تاکەکانی نەتەوە و سازکردنی ناسنامەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی. لەم ڕووەوە ڤیکتۆریا فرۆمکین (Fromkin  Victoria) ئاماژە بە ڕۆلی ئەم زمانە داوە و پێی وایە زمانێکی ستاندارد لە کۆمەڵگەیەکی فرەزار و شێوەزار، ئەرکێکی کۆمەڵایەتی بەجێ دەگەیەنێ، جیاوازییە چینایەتی و لەهجەییەکان کەم دەکاتەوە و ئاخێوەرانی ئەم لەهجانە بەیەکەوە گرێ دەدات و هەموو کۆمەڵگە لە ژێر چەتری زمانێکی هاوبەش کۆ دەکاتەوە. هەروەها ئەندرۆ سیمپسن (Andrew Simpson) یش پێی وایە ئەم زمانە هاوبەشە بۆ  قەوارەی نەتەوەیی گرنگە، ئەم زمانە ئاسانکاریی ئیداری بۆ کاروباری حکومەت و بوارە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکان دەکات؛ یەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرهەم دێنێت. زمانی هاوبەش دەرفەتی یەکسان دەڕەخسێنێت بۆ گەیاندنی هەموو خزمەتگوزارییەکان بە یەکسانی بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە. کەواتە قەوارەی نەتەوەیی هەرگیز یەکگرتوو نابێت ئەگەر یەک زمانی نەتەوەیی نەبێت، بۆیە بەبێ ئەم زمانە، حکومەتی هەرێم قەوارەیەکی لاواز و لەرزۆک دەبێت و تاکەکانیشی لە یەک دابڕاو و پەراوێز دەبن، سەرەڕای پەرتەوازەیی فەرهەنگی و پەروەردەیی و ئەکادیمی و ئابووری.

سەبارەت بە زمانێکی هاوبەش بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم پرسە کێشەیەکی کۆن و پرسهەڵگرە و ساغکردنەوەی کۆمەڵێک بابەتی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی و جیاوازیی لەهجەیی و سیاسی و ناوچەیی لەگەڵ خۆی دێنێتە ئاراوە، بۆیە چارەسەریشی سەخت و ئاڵۆزە.

زمانی کوردی وەک زمانێکی فرەلەهجە، لە درێژایی مێژوودا بە لەهجەی جیاواز گەشەی کردووە؛ کورد هەرگیز یەک زمانی هاوبەشی ئەدەبی نەبووە. لە هەر سەردەمێکدا چەند زارێکی کوردی لە چوارچێوەی میرنشینییەکاندا ڕۆڵی زمانی ئەدەبییان گێڕاوە و کۆمەڵێک دەقی ئەدەبییان پێ نووسراوە، بۆیە ئەمڕۆ بە سێ زاری کوردی، مێژووی ئەدەبیاتمان هەیە. ئەمڕۆش بە هۆی ئەم بارودۆخە سیاسییە کە بە سەر نەتەوەی کورد و زمانی کوردیدا سەپێنراوە، سنوور بە نێو زارە کوردییەکاندا کێشراوە، لە هەر بەشێکی کوردستان-دا، درێژبوونەوەی چەند زارێکی کوردی هەیە، لە هەمان کاتدا لە لایەن نەتەوە سەردەستەکانەوە، سیاسەتی قەدەغەکردن و ئەسیمیلەکردنی زمان لە دژی زمانی کوردی پیادە کراوە و دەکرێت. باشووری کوردستان، دۆخێكی جیاوازی لەگەڵ بەشەکانی دی هەیە، سێ دەیە زیاترە حکومەتێکی هەرێمی هەیە و زمانی کوردی بە ڕەسمی لە دەستووری عێراق-دا دانی پێدا نراوە، زەمینەی گەشەکردنی بۆ ڕەخساوە، بەڵام تا ئێستا زمانێکی هاوبەش لە نێو زارە کوردییەکانی باشووری کوردستان بۆ ئەم هەرێمە دەستنیشان نەکراوە، بۆیە لەم دۆخە زمانییە لە باشووری کوردستان-دا کە حکومەتێکی کوردی هەیە، نابێ کارێک بکرێ زارە کوردییەکان ئەسیمیلە بکرێن؛ چونکە لەدەستدانی هەر زارێکی کوردی لەدەستدانی گەنجینەیەکی زمانی و پاشخانێکی ئەدەبی نووسراو و زارەکیی کوردییە، بەتایبەت ئەو زارانەی کە مێژووی ئەدەبیاتیان هەیە وەک زاری کوردیی گۆران – هەورامی، کوردیی باکوور و کوردیی ناوەندی. بەهۆی ئەم ڕابردووەی زمانی کوردی کە بە زار گەشەی کردووە و زارەکانیش پاشخانی ئەدەبییان هەبووە، ئەمڕۆش پێویستە ڕێگە بدرێ زارەکان گەشە بکەن و زیندوو بمێننەوە. لە لایەکی دیکەوە، لەم سەردەمەدا، دیاردەی لەناوچوونی زمان و زار بووە بە دیاردەیەکی جیهانی. لەم ڕووەوە دەیڤید کریستاڵ (David Crystal) ئاماژە بە چەند ئامارێک دەدات کە پێشبینی دەکرێ هەتا سەدەی داهاتوو لە ٩٠٪ زمان و زارەکان لەناو بچن و تەنیا ٦٠٠ زمانێک ڕزگاریان بێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، پاراستنی زمان و زار بووە بە بەرپرسیارەتی و ئەرکێکی مرۆڤایەتی و ڕێکخراوە جیهانییەکان، لە پێش هەمووان یۆنیسکۆ، بۆیە پاراستنی زارە کوردییەکان پێویستە لە سیاسەت و پلانی زمانی هەرێمی کوردستان-دا ڕەنگ بداتەوە. بۆ ئەوەی زار بپارێزرێ، دەبێ لە سیستەمی پەروەردە پێی بخوێنرێ، هەر لەم ڕوانگەشەوە، پێویستە ڕێگە بدرێ هاوتەریب لەگەڵ زمانی ستانداردی هاوبەش، لەو ناوچانە کە ئاخێوەرانی ئەو زارە هەیە لە قۆناغەکانی پەروەردە بەو زارە بخوێنرێ، بەڵام خوێندن بە زار نابێت بە ئاراستەیەک بێت مەترسی بۆ یەکێتیی زمانی کوردی و نەتەوەی کورد دروست بکات، نابێ خوێندن بە زار، زمانی هاوبەش و ڕەسمی بۆ حکومەت ڕەت بکاتەوە.

ئەگەر پرۆسەی نەتەوەسازی لە ئەوروپا و جیهان لە کۆندا زارێکی زمانی سەپاندووە و بووە بە زمان بۆ نەتەوە، لەم سەردەمەدا ئەم پرۆسەی زمانسازی و نەتەوەسازییە کارێکی ڕاست و گونجاو نییە، بۆ هەموو نەتەوەیەکیش وەک یەک ئەم پرۆسەیە قابیلی جێبەجێ کردن نییە، چونکە وەک ئاماژەی پێ درا، لەم سەردەمەدا زار و زمانەکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و دەبێ هەندێک زار کە پاشخانی ئەدەبییان هەیە، هەوڵ بدرێ بپارێزرێن. کەواتە ئێمە نابێ لە خوێندن بە زار بترسین، نابێ کارێک بکەین هەندێک تایبەتمەندیی زار کە لە زمانی کوردیدا هەیە بە زۆرەملێ بتوێنرێنەوە، کە ئەم جۆرە تواندنەوەیە ئەوەندەی زیانی بۆ فرەکلتووریی نەتەوەی کورد و فرەلەهجەیی زمانی کوردی هەیە، هیچ سوودێکی نییە.

خوێندن بە زار بۆ چەند ساڵێک، یان هاوتەریب لەگەڵ زمانی ستانداردی هاوبەش بەتایبەت بۆ ئەو زارانەی کە تایبەتمەندیی کلتووری و مێژووی ئەدەبیاتیان هەیە وەک هەورامی و کوردیی باکوور (بنزاری بادینی) بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی خراپی بۆ سەر زمانی ستانداردی کوردی لە باشوور نابێت، بەڵکوو زمانی کوردی دەوڵەمەندتر دەکات و زارەکانیش بە زیندوویی دەمێننەوە.

لە ڕووی سیاسییەوە، باشووری کوردستان، بارودۆخی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان جیاوازە، تەنیا بەشێکە کە لە لایەن حکومەتێکی ناوەندییەوە دامودەزگای حکومەتێکی دانپێدانراوی هەیە و مافە زمانییەکانیشی لە دەستووری ئەم وڵاتە (عێراق) دا چەسپێنراوە. لە هەمان کاتدا لە قۆناغی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی و دەوڵەتسازیشدایە، بۆیە لەم هەلومەرجە سیاسییە، باشووری کوردستان لەپێش هەموو بەشەکانی دیکەیە بۆ ئەوەی سیاسەت و پلانی زمانی هەبێت، بەڵام بەشەکانی دی بە تایبەت باکوور و ڕۆژهەڵات کە بارودۆخێکی سیاسیی جیاوازیان هەیە و هێشتا مافی خوێندن بە زمانی کوردی بە ڕەسمی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانە دانی پێدا نەنراوە و هیچ سیستەمێکی ئۆتۆنۆمی و فیدرالی لەو دوو بەشەی کوردستان نەهاتوونەتە کایەوە، بۆیە ناکرێ پلانی زمان بە هاوکاریی بەشەکانی دی دابنرێت، چونکە بۆ پلانی زمان، پێویستە قەوارە و حکومەتێک هەبێت سیاسەت و پلانی بۆ دابڕێژێ و جێبەجێی بکات، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە نەبێت، سیاسەت و پلانی زمان ئەگەر هەشبێت جێبەجێ ناکرێ. لە لایەکی دیکەوە، دابەشبوونی سیاسیی کورد و زمانەکەی، کە بە دوو ئەلفوبێ (عەرەبی و لاتینی) ش دەنووسرێ، جارێکی دی پرسی یەکخستنی زمانی کوردی ئاڵۆزتر دەکات کە هەتا ئەلفوبێ یەک نەبێت، ناکرێ باسی یەک زمانی یەکگرتوو بۆ هەموو کورد بکرێت. بەڵام لە باشوور، کوردی بە هەموو زارەکانییەوە یەک ئەلفوبێ و یەک ڕێنووسی هەموارکراوی هەیە بۆ نووسینی هەموو زارەکان بەکار دێت.

بەم پێیە، لە هەر بەشێکی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو قەوارە سیاسییە، سیاسەت و پلانی زمانی خۆیان دەبێت و ئەو لەهجە کوردییەش لەوێ باڵادەست دەبێت کە لەو بەشەی کوردستان لەهجەیەکی سەرەکییە و ڕۆڵی زمانی سەرەکی بۆ خوێندن و کاروباری سیاسی و کارگێڕی و ڕەسمی دەبێت. بۆ نموونە ڕۆژئاوای کوردستان (سووریا)، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بارودۆخێکی نوێی سیاسی هاتە پێش و قەوارەیەکی فیدرالیی کوردی لەوێش دامەزرا؛ ئاخێوەرانی کوردی ڕۆژئاوا، هەموو سەر بە زاری کوردیی باکوورن، درێژبوونەوەی هیچ زارێکی دیکەی کوردی نییە، کوردیی باکوور زاری باڵادەستە بۆ هەموو کاروبارێک، بۆیە هەر ئەم زارە کوردییە لەوێ بوو بە زمانی فەرمی خوێندن و کاروباری ئیداری و ئەکادیمی. ئەگەر لە دواڕۆژ، لە باکووریش هەمان سیستەمی فیدرالی بۆ نەتەوەی کورد هاتە دامەزراندن، هەمان سیاسەتی زمانیش لەوێ پیادە دەکرێت. واتە زاری کوردیی باکوور لەوێ باڵادەست دەبێت و لەپاڵ ئەویش زاری کوردیی زازاکییش لەو ناوچانەی کە بە زازاکی قسە دەکەن، پێویستە مافی بەکارهێنانی زارەکەیان لە سیستەمی پەروەردە بۆ دابین بکرێت.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە، زارێکی باڵادەستی کوردی هەیە کە کوردیی ناوەندییە، لەپاڵ ئەم زارە، کوردیی خوارووش لە ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام هەیە، لەکی و لوڕی لە لوڕستان هەیە، هەورامی لە هەورامان هەیە، کوردیی باکوور لە ورمێ و خۆی و ماکۆ هەیە؛ دەکرێ بە هەمان پلانی زمان، زمانێکی هاوبەش بۆ هەرێمەکە لەگەڵ زارەکانی دی ئاراستە بکرێ.

هەر بەهەمان پێوەریش، باشووری کوردستان زارێکی باڵادەستی هەیە کە کوردیی ناوەندییە، بۆیە هەر ئەم زارەش بە عەمەلی پێویستە ڕۆڵی زمانێکی هاوبەش بۆ ئەم حکومەتە لە سیستەمی کارگێڕی و پەروەردە و بواری ئەکادیمیی زانکۆکانی هەرێم هەبێت، لە ژێر ئەم زمانە فەرمییە هاوبەشە، دەکرێ زارەکانی دیکەش لە بواری پەروەردە و ڕۆژنامەگەری و هونەری بەکار بێن و گەشە بکەن. ئەم فرەچەشنییە، دەوڵەمەندیی زمانی کوردییە و فاکتەرێكی گرنگە بۆ مانەوەی نەتەوەی کورد بە یەکگرتوویی.

سەرچاوە

Crystal, David (2003). English as a Global Language. Cambridge:           Cambridge   University Press.

Fromkin, Victoria & others (2011). An Introduction to Language, ninth           edition, USA: Michael Rosenberg.

Simpson, A. (2007). Introduction, in: A. Simpson (ed.), Language and           national identity in Asia, Oxford: Oxford University Press.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO