سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

دەردی خۆبەکەمزانی

ئاماژەکانی خۆبەکەمزانی تاکی کورد بەتایبەتیش لە باشووری کوردستان‌ـدا زۆرن. ئەگەر بەخێرایی چاوێک بە میدیای کوردی و نوزانەوە و کڕوزانەوەی تاکەکەس لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بگێڕێن بەڕوونی نیشانەکانی ئەم دەردە کوشندەیە دەبینین. میدیای کوردی بە لێدوانی هەر بیانیەک (ئەمریکی، ئیسرائیلی ئەوروپیی) شاگەشکە دەبێت، کە باس لە کورد دەکەن بەتایبەتیش باسی پشتیوانیکردنی، بەڵام زۆر بەکەمی دەبینین بەقووڵی متمانەی بەو هێزەی کورد هەبێت، کە لە ڕۆژاڤای کوردستان ئابڕومەندانە ئامادەیە.

ئەوەش با لەولاوە بوەستێ، کە بەڕووخانی سووریا هەر زوو هەندێک شینی ئەوەیان کرد، کە بەکەوتنی سووریا ڕۆژاڤاش وەک قەوارەیەک نامێنێ. لەکاتێکدا هێزەکانی ڕۆژاڤای کوردستان بەکردەوە خۆیان سەلماندووە. هەر پشتیوانییەکیش کرابێت بەرهەمی ئەو خۆسەلماندنە بووە نەک خێروسەدەقەی ئەوانی دی.

ڕاستیەکەی هەتا کورد خۆی ئامادە نەبێت بۆ گۆڕانکاری و ئارامی ناوچەکەی کەس بەبێ بەرژەوەندی نایاتە بنباڵی، چونکە دنیای ئەمڕۆ دنیای بەرژەوەندی و خۆسەلماندن و داهێنانە، ئەوەی خۆی نەسەلمێنێ و بەرهەمی داهێنانی نەبێت، دەکەوێتە پەراوێزەوە و زەلیل و ڕیسوا دەمێنێتەوە و هەر دەبێت چاوەڕوانی دەستی ئەوانی دی بێت ئەوانی دیش ئاوڕ لە (زەلیل) نادەنەوە. بۆیە، کێ خەونی ڕزگاربوون و ئازادی هەیە دەبێت یەکەم هەنگاوی ئەوەبێت خۆی لە دەردی خۆ بەکەمگرتن ڕزگار بکات. خۆت لە هەستی زەلیلی ڕزگار بکە، خەڵک و خاکیشت ڕزگار دەکەیت. ئەزموونی ڕۆژاڤا باشترین بەڵگەیە، کاتێک داعش پەلاماری هەر شوێنێکیان دەدا، بەخێرایی دەیان گرت و سوپای عێراق خۆی لەبەردەمیاندا نەدەگرت و هەڵدەهاتن، کاتێک پێشمەرگە لە شەنگال هەڵاتن و ناوچەکە بوو بە شانۆیەکی خوێناوی و کوردانی ئێزیدی تیایدا جینۆساید کران، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەفریای نەکەوتن، بەڵکوو وەک هەرلایەنێکی دی بەدیار چیرۆکی کوشتن و ئەتکردنمانەوە ڕاوەستابوون.

هەر دوای شەنگال و موسڵ داعش بەهەمان غرورو لوتبەرزییەوە، پەلاماری کۆبانێ‌یاندا لە ڕۆژاڤای کوردستان، بەڵام چونکە ئەوان خۆیان بەکەم نەزانی و خۆیان بەشایانی ئەو سووکایەتی پێکردنە نەزانی بەو چەکە سووکەی دەستیانەوە کە جگە لە چەکی کۆن هیچی تریان بەدەستەوە نەبوو، بەڵام بەرگری و خۆڕاگرییان لە کۆبانێ دنیای ناچار کرد پشتیوانیان لێ بکات. بگرە ناچاریان کردن بێن و ببنە شەریکی ئەو شانازییە چونکە داعش هەموو دنیای تۆقاند بوو، کەواتە ئێستاش ئەوە ئەمریکا نییە خێر بە کورد دەکات لە ڕۆژاڤای کوردستان بەڵکوو ئەوە هێز و ئیرادەی شەڕڤان‌ـانن ئەمریکاـیان ناچارکردووە دەستبەرداریان نەبێت، دەنا خۆ بینیمان بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاڤای کوردستان ئەوان هاواریان لێ هەڵنەستاو ئاشبەتاڵیان نەکرد.

ئەوەشمان بیر نەچێت خودی ئەمریکاش دەبێت مەمنونی ئیسرائیل بێت دەنا خۆ خەریک بوو پێگەی لە ناوچەکەدا نەدەما، لێدانەکانی ئیسرائیل لە حەماس و حیزبوڵا باری لاری ئەمریکاشی ڕاست کردووەتەوە. ئێستاش ئیسرائیل بەو هەموو هێزەیەوە لە ناوچەکەدا ئەگەر پشتیوانی کورد بکات خێری پێناکات تەنها لەبەر بەرژەوەندی خۆی دەیکات چونکە باش دەزانێت کوردەکان هێزیان هەبێت نابنە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل. ئێ خۆ ئەگەر هاوپەیمانییەک لەنێوان هێزە کوردییەکان و ئیسرائیل‌دا دروست بێت لە پێناوی مانەوە و ئارامی هیچ نەنگی و عەیبەیەکی تێدا نییە، بەتایبەتیش لەم بارودۆخەی ئەمڕۆدا، کە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان لە هەوڵی ئەوەدان پەیوەندی لەگەڵدا دروست بکەن و هەندێکیشیان هەرگیز پەیوەندیان لەگەڵیدا نەپچراندووە. لە ئێستادا زەق بەبەرچاوانەوەیە، کە تورکیا و چەتەکانیشی بە مەمنوونی بوونە خزمەتکاری ئیسرائیل. ئەوەتا محەمەد جۆلانی هاوڕێ و هاوفکر و هاوسەنگەری ئەبووبەکر بەغدادی ڕیشی کورت کردووەتەوە و عەبای فڕێداوە و قژی لەسەر مۆدێل داهێناوە و پێکەوە لەگەڵ تورکیا چوونە بەرەی ئیسرائیل‌ـەوە و ئەسەدـیان بۆ ڕووخاند. بۆچی؟ چونکە نایانەوێ بەدەردی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵا بچن و کەسیش لەسەریان نایەتە جواب.

کەواتە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکانی سووریا و ناوچەکە لە بەرژوەندی کوردـدا بێت، دەبێت بەشدار بێت لەو گۆڕانکارییانەدا نەک چاوەڕوانی خێر و سەدەقەی لایەنە براوەکانی شەڕبین.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO